لەبری نان ، پەیام لەسەر سفرەی خەڵکە

‌ئاشتی عەبدوڵا

دووساڵ زیاترە سەرکردەو حزبە سياسيەكاني هەرێمي كوردستان لەپەیام زیاتر هیچیان لەدەست نەهاتووە بۆ چارەسەری قەیرانە سیاسی و ئابووریەکان، لەهەر پەیامێکیشیاندا هێندەی تر کێشەکان قووڵتر ئەکەنەوە، هەر لەدەستپێکی وتارةكانياندا كە پڕە لەهەرەشە و یەکتر قبووڵ نەکردن، هەروەک ئەوەی حزبی کوردی بۆ کێشە و گرفت خوڵقابێت ناتوانن کەمێک نەفس درێژو دووربین بن، ناتوانن باری سەرشانی میللەت کەمێک سووک بکەن، بەڵکو حزبی کوردی بۆتە گەورەترین گرفت بۆ هاووڵاتیاني ئەم هەرێمە.

پێ ئەچێت حزبی کوردی کەباس لەماف و دیموکراسی ئەکات رووئیایەکی تری هەبێت بۆ ماف و مۆدێلێکی تری لەدیموکراسی داهێنابێت کەبەپێی بەرژەوەندی و خواستی خۆیان بەکاریبێنن، چونکە ئاشکرایە کەپراکتیزەکردنی ماف و دیموکراسی لەبنەڕەتدا بەم جۆرە نییە کەئێستا لەم هەرێمەدا ئەگوزەرێت.

سەرنج بدەن نیوەی ئەم ميللەتەی کەناوی کوردی باشوورە لەهەموو مافێک بێبەشەو لەشارێک لەبرسا رۆژانە هاووڵاتيەكاني لەسەر شەقامەکانن و داوای نان ئەکەن، لەشارێکیتریش بێ دەنگ و کش و مات بێجگە لەهاواركردن بؤ نان ناتوانن داوای ئازادیش بکەن، هەر شارێک ئەگریت لەم هەرێمەدا بەجۆرێک لەجۆرەکان هاووڵاتیانی ماندوون .. شارێك بەهاوارکردن و شارێك بەبێ دەنگی، لەهیچ کام لەم حاڵەتانەشدا دەسەڵات باکی پێیان نییەو بەردەوامە لەسەر یەکترقبووڵ نەکردن و چاوسوورکردنەوە لەنەیارەکانی.
لەدیدێکی ترەوە ئەوەی لەپەیامەکانی دەسەڵاتدارانی حزبدا بەدی ئەکرێت بێ باکیانە بەرامبەر هەموو ئەو مەترسیانەی کە روو لەم هەرێمە ئەکات، لای ئەوان پێوەرێک نییە تا کەمێک هێورببنەوە و هەوڵی خۆرێکخستنەوە و یەکخستنەوەی ناوماڵی کورد بدەن ، چ رووئیایەکی حزبی بەرتەسکە کەئەو هەموو خاڵ و فاکتەرە هەبێت بۆ دوورکەوتنەوەو نەگونجاندن و زیاتر ماڵوێرانی لەم هەرێمەدا، بەڵام تەنها یەک تێروانین نییە، کە ئیرادە هەبێت بۆ گەڕان و دۆزینەوەی خاڵێكي هاوبەش تا کۆیان بکاتەوە، لەکاتێکدا خاڵی هاوبەش زۆر بەزەقی لەنێو کایەی سیاسی لەم هەرێمەدا بۆتە قوربانی ئەویش میللەتە کە ئەتوانرێت بیکەن خاڵی هاوبەش بۆ دەستپێکی کۆکردنەوەیان و هەنگاونان بەرەو ئاشتەوایی و چارەسەری قەیرانەکان.

ئەو پرسیارەی ئەبێت لەحزبەکان بکرێت لەئێستادا ئەوەیە، کە بۆ ئەبێت ئەوەندە گران بێت کەکەمێک سازش بۆیەکدی بکەن و لەپەیامەکانیاندا نەرمی بنوێنن ؟ بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئەم میللەتە برسیە. حزبی کوردی تەواو بێ باکە لەئاست بەرپرسیارێتی بەرامبەر هاووڵاتیەکانی لەکاتێکدا ئەبینین، کە چەند ئاسانە لایان پێیەک لەتورکیاو ئێران و پێیەک لەبەغدا بن.. بۆ ناکرێت پێیەک بنێنە نێو ماڵی یەکدی ئەم چەق بەستنە سیاسیەی کە هەیە بەرەو ئاڕاستەی ئاشتەوایی بجوڵێن. وەڵامێکی ئەو میللەتە بدەنەوە کەئەوانیان کردە دەسەڵاتدارو دەسەڵاتیش بێ باکانەو لەدوورەوە لەبرسێتی میللەت ئەڕوانێَ. لەبری دابین کردنی نان رۆژانە پەیامی ماڵوێرانەکەر دەرخواردی میللەت ئەدەن.


AM:10:22:17/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 8096 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی