سامۆرای عه‌فرین
عه‌دنان كۆچه‌ر
سامۆرای عه‌فرین، له ئارین مێركانهوه بۆ ئا‌ڤێستا خاپور
ئه‌و چه‌شنه لهخۆكوژییهى (ئارین مێركان) له‌به‌رامبه‌ر سوپا چهقاوهسوهكهى داعش و (ئا‌ڤێستا خاپور) له‌به‌رامبه‌ر له‌شكره دڵڕهقهكهى توركیا ئه‌نجامیاندا ده‌چنه‌وه سه‌ر ئه‌و شاڕێیهى كه ئه‌میل دوركایم فه‌یله‌سوف و زاناى كۆمه‌ڵناسى فه‌ره‌نسی به‌خۆكوشتن له‌پێناو ئه‌وانى دیكه ناویده‌بات، له‌راستیشدا ئه‌و فۆڕمه لهخۆكوژییهى كه جه‌نگاوه‌ر بۆ رزگاركردنى ئه‌وانى دیكه له‌به‌رامبه‌ر هه‌ژموونێكى دڵڕه‌قدا په‌ناى بۆ ده‌بات، له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه چێژ بینین نییه له‌مه‌رگ و بێ هیوایی نییه له‌ژیان، به‌ئه‌ندازه‌ى ئه‌وه‌ى خۆبه‌ستنه‌وه‌یه به‌و ئاكاره باڵایانه‌ى كه مرۆڤی باوه‌ڕدار له‌پێناوى رزگاریی ئه‌وانى دیكه په‌ناى بۆ ده‌بات.
باشوورى رۆژهه‌ڵاتى ئاسیا و به دیاریكراویش یابان ده‌شێت وه‌ك یه‌كه‌مین جوگرافیای مرۆیی لێی بڕوانرێت كه له‌وێوه خۆكوشتن و گیانبه‌خشین له‌پێناو مۆڕاڵ و پابه‌ندییه ئاكارییهكانى جه‌نگاوه‌ر تێیدا ده‌ركه‌وتبێت، ئه‌م فۆڕم و تایپهى كه له‌نێو جه‌نگاوه‌رانى سامۆراى به (پۆشیدۆ) ناسراوه‌و ئاكاره باڵاكانى جه‌نگاوه‌رى راسته‌قینه‌ى تێدا به‌یانكراوه، هه‌مان مۆڕاڵ و رێكاری جه‌نگاوه‌ره‌كانى رۆژئاوایه كه له(پرسی كه‌سایه‌تى) ئۆجه‌لاندا خۆى به‌یانكردووه، هه‌ردوو فۆڕمى پابه‌ندبوونى ئاره‌زوومه‌ندانه‌ى جه‌نگاوه‌ر به ئاكارهكانهوه چ گه‌ریلاو شه‌رڤان یانیش سامۆراى، ده‌چنه‌وه سه‌ر یه‌ك شاڕێی راسته‌قینه كه ئه‌ویش خۆنه‌ویستى و گیانفیداییه له‌پێناو باوه‌ڕه‌كانیاندا، ئه‌وه‌ى فه‌رهه‌نگی كوردانى رۆژئاوای لهسامۆراییهكانیش جیاكردۆته‌وه، ته‌نها ئه‌و بوێریهیه كه جه‌نگاوه‌رانى ژن ده‌توانن به‌ر له جه‌نگاوه‌رانى پیاو ئه‌و بژارده‌یه په‌سه‌ند بكه‌ن.
ئه‌و چه‌شنه لهخۆكوژییهى سه‌رباز و جه‌نگاوه‌رى سامۆرایی كه له‌به‌ره‌كانى جه‌نگ هه‌ڵیده‌بژێرێت، به هاراكیریی ناوده‌برێت، ماڵپه‌ڕى ویكلیكس (هاراكیریی) به (سیبوكو)ش ناوده‌بات، كه مۆڕاڵ و پابه‌ندییه ئاكارییهكانى جه‌نگاوه‌رانى سامۆرایه، كه خۆكوشتن وه‌ك بژارده‌یه‌ك له‌پێناو وه‌رگۆڕینى شكست بۆ سه‌ركه‌وتن په‌سه‌ند ده‌كه‌ن، چونكه به‌پێی پره‌نسیبه باڵاكانى ئه‌م چه‌شنه لهجهنگاوهربوونه، هه‌ڵبژاردنى مه‌رگ و خۆكوشتن نیشانه‌ى نه‌جابه‌ت و راستگۆییه و به‌پێچه‌ونه‌وه شكانى شكۆ‌و راده‌ستبوون به‌ویستى داگیركاریی به‌هایه‌كى لاوازه. هاوچه‌شن له‌گه‌ڵ ئه‌و فۆڕمه‌ش ئه‌و رێكاره ئاكارییانهى ئۆجه‌لان له پرسی كه‌سایه‌تى بۆ جه‌نگاوه‌رى راسته‌قینه‌ى ئاپۆچی دایڕشتووه، دیسانه‌وه واده‌كات جه‌نگاوه‌ر ئاره‌زومه‌ندانه مه‌رگ و گیانفیداییش له‌پێناو ئه‌وانى دیكه و پاراستنى شكۆى باوه‌ڕه‌كانیدا ببه‌خشێت.
له‌مێژووى سیاسیی و به‌ره‌نگاریی زۆربه‌ى نه‌ته‌وه بندهستهكانى دنیا، له‌زۆرێك له شۆڕش و به‌رخودان و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ى چه‌كدارى هه‌مه‌چه‌شنه، خۆكوشتن له‌پێناو زیاندان له دوژمن وه‌ك بژارده‌یه‌ك هه‌میشه تاقیكراوه‌ته‌وه، به‌ڵام ئه‌وه‌ى (ئارین و ئا‌ڤێستا) له‌وانى دیكه جیاده‌كاته‌وه زۆر ره‌هه‌نده، یه‌كه‌میان ده‌بنه یه‌كه‌مین ژنه جه‌نگاوه‌رى مێژوو، كه له‌پێناو باوه‌ڕى خۆیان و ژیانى ئه‌وانى دیكه رۆحیان فیدا ده‌كه‌ن و خۆكوشتن لهبژاردهیهكى تاكه‌كه‌سییه‌وه ده‌گۆڕن بۆ چه‌كێكى به‌هێزى به‌ره‌نگاریی و له‌وێوه ده‌توانن سوپاى دوژمن چه‌ندیش به‌هێز بێت تێك بشكێنن، دووه‌میان واده‌كه‌ن سنورێكى راسته‌قینه له‌نێوان ئه‌و چه‌شنه خۆكوژییهى سیمبولى به‌ره‌نگارییه له‌گه‌ڵ ئه‌و خۆكوژییهى وه‌ك ئامرازێكى تیرۆر له‌یه‌ك جودابكه‌نه‌وه، چونكه به‌هۆى كاریگه‌رییه نه‌رێنییه‌كانى خوكوژى گروپه ئیسلامییه رادیكاڵه‌كانه‌وه، وێنه‌یه‌كى زه‌ینى جێگیر له‌یاده‌وه‌رى هه‌موواندا دروستبووه، كه خۆكوژى هاوشێوه ببێته‌وه به‌تیرۆر، به‌ڵام مۆدێل و فۆڕمى (ئارین و ئا‌ڤێستا)، وه‌ك سمبول ده‌مێنێته‌وه، چونكه ئیدى مه‌رگى ئه‌وان بۆ كوشتن و به ئامانجگرتنى بێ چه‌كه‌كان نییه، به‌ڵكو بۆ راگرتنى ئه‌و هه‌ژموونى دڵڕهقیهیه كه جه‌نه‌ڕاڵه توڕهكانى ئۆ‌ردۆگان ده‌یانه‌وێت هێزی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌وانى دیكه‌ى بێ چه‌ك تاقی بكه‌نه‌وه.
له‌راستیدا جه‌نگى عه‌فرین، به‌رله‌وه‌ى جه‌نگى دوو هێز بێت، جه‌نگى دوو میحوه‌ر و جه‌مسه‌ربه‌ندیی ئاكارییه، شه‌ڕى هێزێكى بێ مۆڕاڵى هه‌رێمییه كه به پاڵپشتى تیرۆر و هێزه له‌یاساده‌رچووه‌كان ده‌یه‌وێت په‌لامارى جوگرافیایه‌ك بدات كه وهكیهكى و یه‌كسانى و دادهپهروهرى تێیدا ره‌نگده‌داته‌وه، شه‌ڕى ده‌وڵه‌تێكى یاخییه له‌به‌رامبه‌ر گه‌لێك كه هێشتا جه‌نگاوه‌ره‌كانى خوێنى جه‌نگى داعشیان به پۆشاكه‌كانیانه‌وه ماوه، هه‌ربۆیه‌ش له‌به‌رامبه‌ر دڵڕه‌قی ئه‌و دووژمنه هه‌موو چه‌كێك ده‌بێت دواجار وه‌ك به‌شێك له‌پارێزگاریكردن له‌خۆو به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داگیركاریی ره‌وا بێت، چ جاى گیانفیداییهكى گه‌وره‌ى وه‌ك (ئا‌ڤێستا خاپور) كه دوێنى به‌جه‌سته‌ى خۆى نه‌یهێشت سوپا سهرهڕۆیهكهى ئۆ‌ردۆگان له لهشكركێشییهكهیان پێشڕه‌وى بكه‌ن.
AM:10:46:29/01/2018
ئه‌م بابه‌ته 2215
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی