سەبری ئەیوبی ناوێ، بەڵام عومری نوحی گەرەكە !

‌پیران ئەمیر

‎ناوچەكە و جیهان، رۆژانە بە ڕووداوی گرنگ و هەستیار و هاوپەیمانی و بارودۆخی سیاسی نوێ ئاشنا دەبێ، لەو نێوەندەدا سەركردایەتی سیاسی كورد وەك حەكیمی چارەسەری دەردەكانی ناوچەكە سەیر دەكرێت و تا دێ سەركەوتنەكان مەزنتر دەبن و پەیوەندیە نێودەوڵەتی و دیبلۆماسیەكانی كورد فراونتر دەبن.

‎گۆڕانكاریەكان زیاتر لە چاوەڕوانی كأڵفامە سیاسیەكان خێراترە، ئێستا تێگەیشتن لە بارودۆخێك یان داهاتوی پرسێكی سیاسی تەنها تێفكرینی دەوێ ، تێفكرینێك دور لە سۆز و فكری حیزبایەتی.

‎هەموومان بیرمانە دوو ساڵ لەمەو بەر و لەسەروبەندی كودەتا شكستخواردەوەكەی هەندێك لایەن لە پەرلەمانی كوردستان، هەندێك لە پەرلەمانتارانیان بە هێزی دەرەكی هەرەشەیان لە حكومەتی هەرێم و دام و دەزگا ئەمنی و ئیداریەكانی كوردستان دەكرد و لە شاشەی كەناڵەكانەوە دەیانگوت:( ئیتر ڕۆژی پارتی و سەركردەكانی لە ئاوابوونەوە و دەبێ پارتی بزانێ ڕوسیا هاتۆتە مەنتیقەكە و مامەڵە لەگەڵ ئەوان ناكات)

‎كەچی زۆری نەبرد كۆمپانیای (گاز پڕۆم)ی ڕووسی كێلگە نەوتیەكانی لە كوردستان بۆ (سێ) ئەوەندە زیاتر كرد و ئومێدی گەورەی بە ئابووری كوردستان بەخشی.

‎ئەمڕۆش چاوی سیاسی و فۆكسی كامێرا جیهانیەكان كەوتە سەر دیدار لوتكەی کۆڕبەندی نێودەوڵەتیی ئابووری سان پیتەرسبۆرگ لە نێوان (ڤلادیمێر پۆتین)ی سەركردە و بوژێنەرەوەی روسیای دوای هەڵوەشانەوەی یەكێتی سۆڤیەت و هەروەها (نێچیرڤان بارزانی) سەرۆكی حكومەتی هەرێم و ئەندازیاری نەخشەی بەنیودەولەتی كردنی نەوت و ئابووری كوردستان.

‎لە كۆڕبەندەكەدا كە زیاتر لە 13000 هەزاد سیاسەتوان و ئابووری ناس و كۆمپانیای زەبەلاحی بواری وەبەرهێنان لەسەرتاسەری جیهان ئامادەی بوون، ڤلادیمێر پۆتین لە وتارێكەیدا بە تایبەت بەخێرهاتنی (نێچیرڤان بارزانی)كرد و ناوی ئەوی وەكو شانازی هێنا و ستایشی سەركەوتنەكانی كرد لە ڕووبەروبونەوە و لەناوبردنی داعش.

‎تەنها چەند خولەكێك لە پاش ئەم دیدارە گەورە كۆمپانیای ڕووسی (رۆز نەفت) ڕیككەوتینیان لەگەڵ حكومەتی هەرێم واژوو كرد، ئەم گربەستە كە وەك بەرپرسی راگەیاندنی كۆمپانیاكە دەلێت بۆ ماوەی (20) ساڵە لە هەرسێ رەهەندی (سیاسی و سەربازی و ئابووری) سودی گەورە بە كوردستان دەگەیەنێت، بەجۆرێك وەك چاودێران ئاماژەی بۆ ئەكەن، ئیتر كوردستان دەبێتە بنەمایەكی گرنگ بۆ كۆمپانیا زەبەلاحەكانی وڵاتە زلهێزە زەبەلاحەكان و بەرژەوەندیەكانیان لە كوردستان كۆئەبێتەوە ،  دەولەتی كوردستان كە تەنها لەسەر مەسەلەی كات و هەندێ وردەكاری تر ماوە تا ڕابكەیەنرێ نزیكتر ئەبێتەوە و دەكەوێتە ناو پارێزبەندی جیهانی و لێرەوە بەرگری لە بنەماكانی مافی مرۆڤ و بەها ئینسانیەكان دەكرێت و كوردستان دەبێتە دەولەتێكی كاریگەر لە بڕیارە ئابووری و سیاسەكانی ناوچەكە و جیهان.

‎بۆیە ڕوبەرووبونەوە و خەونی لەناوبردنی پارتی و سەرکردایەتی حەکیمانەی بارزانی، سەبری ئەیوبی ناوێ، کە هەندێك هەمیشە پەلەیانە، بەڵام عومری نوحی گەرەکە و پێویستە زیاتر و ئاگاداری تەندوستی خۆیان بن تا زیاتر بژین و سەرکەوتنە نەتەوەیەکانمان بە چاوی خۆیان ببینن و خەونەکانیان بە نەزۆکی سەربنێنەوە!


PM:12:11:03/06/2017

ئه‌م بابه‌ته 4707 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی