ناديه و نؤبڵ

‌سەلام عەبدوڵا

خەڵاتی نۆبڵ بۆ ئاشتی ساڵانە لە 10ی دیسەمبەری هەموو ساڵێك لە شاری (ئوسلۆ)ی پایتەختی نەروێژ بە كەسێك یان چەند كەسێك یان لایەنێك دەبەخشرێت و ئەم خەڵاتە لە ساڵی 1901 تا ئەمڕۆ ساڵانە ڕادەستی براوەی خەڵاتەكەو لە ئاهەنگێكی شاهانەدا پێشكەش دەكرێت. 

ئەم خەڵاتەش دەدرێتە ئەو كەس و لایەنانەی كە بۆ ئاشتی و سەقامگیری خەبات دەكەن و چالاكی خۆیانی بۆ تەرخان دەكەن.

ئەم خەڵاتە تا ئێستا تەنها سێ ئافرەت لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بەدەستی هێناوە كە بریتین لە خاتوو (شیرین عیبادی 2003) هاووڵاتی ئێران و (تەوەكەل كرمان 2011)ی یەمەنی و (مەلالە یوسفزای 2014) پاكستانی.
بۆ خەڵاتی ئەمساڵ چەند ناوێكی دیار كێبڕكێیانە لەسەر ئەو خەڵاتە كە دیارترینیان ئەنگێلا مێركڵی راوێژكاری ئەڵمانییە بۆ ئەو دەسپێشخەرییەی كە بۆ وەرگرتنی 800 هەشسەد هەزار ئاوارە كردی، هەروەها لە ناوە دیارەكانی تریش پاپا فرانسیس پاپای ڤاتیكان بۆ هەوڵدانی بۆ گرێدانەوەی پەیوەندی دیپلۆماسی لە نێوان ئەمەریكاو كوبا كە لە هاتنی سەرۆك فیدڵ كاسترۆوە بۆ سەركار لە ساڵی 1959 ئەو پەیوەندییە پچڕاوە.

لە (3)ی ئابدا ساڵی 2014 چەتەكانی رێكخراوی داعش كە خۆیان بەناوی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامییەوە ناساند هێرشێكی بەربڵاوی كردە سەر برا یەزیدیەكانی ناوچەی شنگال و لە ئەنجامدا ڕەشەكوژییەكی بێ وێنەیان دەرهەق خەڵكی سڤیل و دانیشتوانی ناوچەكە نواند كە بووە مایەی شەهیدكردنی زۆربەی هەرە زۆری نێرینەكان و بەتاڵانبردنی ئافرەتەكانیان كە لەمەودوا لە بازاڕەكانی موسڵ وەك كۆیلەو (سەبی) دەفرۆشران و دەسترێژی سێكسی دەكرایە سەریان.

نادیە موراد ئەو كچە یەزیدییە كە لە دۆزەخی دەوڵەتی داعش توانی هەڵبێت و بگاتە ئەڵمانیا وەك شاهیدحاڵێك ئەو كارەساتە بۆ جیهان بگێڕێتەوە، هەربۆیەش نەتەوە یەكگرتووەكان لە ئەنجوومەنی ئاسایش لە 17/12/2015 پێشوازی لێكردو لە وتارێكی دڵهەژێندا كە زۆربەی هەرە زۆری ئەندامانی ئەنجوومەنی خستە گریان، هەموو تراژیدیای یەزیدیەكان و گەورەیی ئەو كارەساتەی بۆ جیهان وەك خۆی نیشانداو سەلماندی كە داعش لەژێر پەردەی خەلافەتی ئیسلامیدا چ دڕندەییەك بەرامبەر كوردو بەتایبەتی كوردە یەزیدیەكان دەنوێنێت.

ئێستا (نادیە موراد) لەسەر ئاستی جیهان وەك قوربانی دەستی داعش ناسراوە، بۆیە پێویستە بە هەموو لایەك پشتیوانی بكەین، بەتایبەتی لەلایەن حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ كاندیدكردنی بۆ بەدەستهێنانی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتی كە بە بڕوای ئێمە لە هەموو كاندیدێك زیاتر موستەحەقەو مۆڵەتی بەدەستهێنانی هەیە.
بۆ ئەم مەبەستەش چ میدیای خۆمان و چ حكوومەتی هەرێم و نوێنەرایەتیەكانی و چ رەوەندی دەرەوە دەبێت ئەو هەڵمەتە بە ئەركی سەرشانی خۆیان بزانن و زەمینەسازی لە میدیای ئەو وڵاتانەدا بۆ فەراهەم بكەن و لەگەڵ رێكخراوە مەدەنیەكان و كاربەدەستان و نووسەرو رۆژنامەنووساندا پەیوەندی بكەن بۆ كاندیدو پشتیوانی (نادیە)، چونكە جیهان ئەمڕۆ ئامادەگیەكی بەرچاوی بۆ ئەو كارە هەیە.


PM:12:31:08/02/2016

ئه‌م بابه‌ته 3565 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی