پالپشتی‌ بۆ هه ریم له زیادبووندایه

‌سەلام عەبدوڵا

لە کاتی رێفراندۆمدا لە هەرێم – بەداخەوە- هەڵوێستی وڵاتان سەبارەت بەم پرسە ئەرێنی نەبوو، جا لەبەر هەر هۆیەک بێت ئەو هەڵوێستەیان بەرامبەرمان نواند، هەرچەند مافی چارەنووسی گەلێک دەبێ لە خودی گەلەکەیەوە بدرێت نەک بە بڕیاری دەرەوە، چونکە ئەو وڵاتانە یان ماڵوێرانی دانیشتووانی هەرێمیان نەدەزانی یان پشتگوێیان دەخست کە لەدوای لکاندنی ناوچە کوردییەکان بە عێراقی تازە دروستکراودا چ نەهامەتی و کوشت و بڕێکی بەسەر گەلەکەماندا لەماوەی ئەم 97 ساڵەدا هێنا و بووە هۆی هەزاران شەهید و بریندار و پەککەوتوو، ئەمە جگە لە وێرانکردنی وڵاتمان و بەتاڵانبردنی سەروەت و سامانی و کردنی بە چەک و جبەخانە و دابارینی بەسەر خاکماندا.

حکوومەتی عێراقی سوودی لەو هەڵوێستەی وڵاتان وەرگرت و لە بەرژەوەندی خۆی قۆستییەوە، بۆیە تادەهات هەڵوێستی توندتر و دوژمنکارانەتر دەبوو، تا کار  گەیشتە ئەوەی بە چاوساغی باڵێکی لادەر، هێرش بکاتە سەر ناوچەکانی دەرەوەی هەرێم و بە زەبری چەک چەند ناوچەیەک داگیر بکات و واقعێکی نوێ بەسەر ئەو ناوچانەدا بسەپێنێ و هەوڵی بەپەلە تەعریبکردنی بدات.

حکوومەتی عێراقی وایدەزانی کە جیهان ئیتر پشت دەکەنە هەرێمی کوردستان و ئیدی پشتیوانی ناکەن، بۆیە تادەهات داواکارییەکانی لە هەرێم زیاتر دەکرد بەڕادەیەک کە دەیویست ناوەڕۆکی سیستەمی فیدڕاڵی لەهەرێمدا هەڵبوەشێنێتەوە و سیستەمێکی مەرکەزی توند بە سەر ئێمەشدا فەرز بکات.

بەڵام هەڵوێستی وڵاتان بەپێچەوانەی خواستی دەسەڵاتدارانی بەغداوە بوو، چونکە لە هەموو لایەک دەنگی پشتیوانی هەرێم بەتایبەتی لە وڵاتە گەورەکانی جیهانەوە لە پێشیانەوە ئەمریکا بەرز بووەوە و پشتگیری خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان بە یەکگرتوویی بەرز بووەوە و پەیوەندی لەسەر ئاستی باڵا لەگەڵ هەرێم دەستیپێکردەوە.

سەردانی بەڕێز سەرۆکوەزیران بۆ فەرەنسا کە لەرێگەی دەوڵەتی تورکیاوە ئەنجامدرا شکاندنی ئەو تەوقە دیپلۆماسییە بوو کە ‌حکوومەتی عێراقی تووشی شۆک کرد کە چۆن بەو ئاستە بەرزە و شکۆدارە پێشوازی لە سەرۆکوەزیران و شاندی یاوەری کرا و جارێکیتر دۆستایەتی و پشتگیری فەرەنسا بۆ گەلی کورد نیشاندرا.

ئێستا هەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا لەرێگەی سەرۆکوەزیرانییەوە و لە ئەڵمانیاش لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە، ئامادەسازی بۆ پێشوازی لە شاندی هەرێم دەکرێ.

هەڵوێستی ڤلادیمیر پۆتین کە لە پرێسکۆنفرانسەکەیدا بە ئاشکرا پشتیوانی بۆ کورد و هەرێم راگەیاند و باسی دۆستایەتی دێرێنی کوردی کرد. ئەمە جگە لە هەڵوێستی نوێی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا کە جارێکیتر جەختی لەسەر یەکگرتوویی هەرێم و پشتیوانی ئەمریکا نیشاندا.

بۆیە ئیدی کاتی ئەوە هاتووە عەبادی لە غروور و لوتبەرزی خۆی بێتە خوارێ و دەست بە گفتوگۆیەکی بەرهەمهێن لەگەڵ هەرێم بکات و لەو راستییەش بگات کە هەرێم ئەمڕۆ لە هەمووکات پشتیوانی زیاترە.


PM:12:26:17/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 3388 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی