وه رچه رخانیكی‌ پۆزه تیف

‌سەلام عەبدوڵا

لە سەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی نوێی توركیا، كە بە كۆماری توركیا لەمەودوا ناسرا لەسەر دەستی مستەفا كەمال، كە نازناوی ئەتاتۆركی پێدرا، دامەزرا. لەو سەرەتایەدا چونكە پێویستیان بە كورد بوو لەو وڵاتەدا، كرانەوەیەك بەڕوویان ئەنجامدرا و تورك و كورد وەك برا ناسێندرا كە لەمەوپاش دەركەوت كە ئەوە تەنها تاكتیك بوو بۆ خۆڵ لە چاو كردنی وڵاتانی ئەورووپا بەگشتی و دەستخەڕۆكردنی كورد بوو بەتایبەتی، چونكە هەر پاش ئیمزا كردنی پەیمانی لۆزان لە سەر تابوتی پەیمانی سیڤەر كە هەندێك مافی بۆ گەلی كورد دەستەبەر كردبوو، هەردوای ئەوە ئیدی حكوومەتە یەك لەدوای یەكەكانی توركیا كەوتنە دژایەتی كردنی كورد و نكۆڵی كردن لە بوونی كە دەیان كوشتار و كۆمەڵكوژی لێكەوتەوە. 

لەسەرەتای نەوەدەكانەوە و لە رێگەی سەرۆك كۆماری توركیا تورگۆت ئوزال، هەندێ كرانەوە بە ڕووی كورد و دۆزەكەی و باس لە بوونی كورد و مافەكانی تا رادەیەك كرا، كە بە وەفاتی ئەو زاتە، ئەو دەستپێشخەرییەش لە گۆڕ نرا و بارودۆخەكە وەك خۆی لێهاتەوە، تا هاتنی پارتی داد و گەشەپێدان AKP بۆ نێو لوتكەی دەسەڵات و كۆمەڵێ هەنگاوی پۆزەتیڤ لەوبارەیەوە بەرووی كورد نرا. 

سەرۆكی پێشووی داد و گەشەپێدان، رەجەب تەیب ئەردۆگان لە گەشتەكەیدا بۆ هەرێمی كوردستان، لە هەولێر وتی، ئیدی كاتی نكۆڵی كردن لە بوونی كورد بەسەرچوو. لە توركیاش هەر لە لایەن AKP كۆمەڵێ هەنگاوی دیار لەوبارەیەوە نرا كە دیارترینیان دەستپێكردن بە پرۆسەی چارەسەری ئاشتی بوو- كە بەداخەوە ئێستا پەكخراوە- هەروەك مۆڵەتدان بە كردنەوەی تەلەفزیۆنێك بە زمانی كوردی و رێگەدان بە چاپ و پەخشی كتێب بە زمانی كوردی و هاوكاتیش پەیوەندی لەگەڵ حكوومەتی هەرێم رۆژ بە رۆژ بەرەو پێشەوە دەبرا، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا كە گەیشتە ئەوەی ژمارەی كۆمپانیا توركییەكان لە هەرێم بگاتە 1500 كۆمپانیا و ژمارەی كرێكارانی توركیش بە هەزاران و ئاڵۆگۆڕی بازرگانیش گەیندرایە نزیك بە 10 ملیار دۆلار.

 لەرووی سیاسیشەوە توركیا لەو راستییە گەیشت كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ مەترسییەكی بۆ سەر توركیا نییە و بەڵكوو بەپێچەانەوە حكوومەتی هەرێم فاكتەرێكی سەقامگیری گرنگە بۆ ناوچەكە. لەوەدەچێت توركیا و ستراتیژداڕێژەرانی سیاسییان لەو راستییەش گەیشتبێتن كە بوونی كیانێكی كوردی بۆ ئەوان گەلێك چاكتر دەبێت لە دەوڵەتێكی شیعی كە ئەمڕۆ حكوومەتی عێراق بەتایبەتی پارتە شیعیەكان هەوڵی بۆ دەدەن كە عێراق بكەنە دەوڵەتێكی شیعە مەزهەب، بەوپێیەی ئەوان زۆرینەن.

 بۆیە پێموایە ئەم هۆیانە و پێگەی ئابووری هەرێم و رۆڵی سەرۆك بارزانی وەك كارەكتەرێكی سەرەكی لە ناوچەكەدا، كە لەسەر ئاستی دەوڵەتانی گەورەش حسابی تایبەتی بۆ دەكرێت، هۆكاری ئەو هەڵوێستە پۆزەتیڤەی حكوومەتی توركیا بێ كە لە پێشوازی سەرۆك بارزانی و لەسەر باڵاترین ئاست ئاڵای پیرۆزی كوردستان لە كۆشكی چان كایا لە تەك ئاڵای توركیا دابنرێت.


PM:04:51:13/12/2015

ئه‌م بابه‌ته 3670 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی