ئێوه كەیفی‌ خۆتانه

‌سەلام عەبدوڵا


رۆژێك بوو pkk مەسخەرەی بە پارتە شۆڕشگێڕەكانی كوردستان دەكرد كە خەباتیان بۆ ناوچەكانی خۆیان دەكرد و بە پارتی لۆكاڵی ناوی دەبردن و خەباتیانی بێ ئەرزش دەكرد، بەو پاساوەی كە ئەوانە خەبات بۆ هەر چوارپارچەی كوردستان و داوای كوردستانی گەورە ناكەن.

هەرچەند ئەوكاتە ئەوان خۆیان بە لایەنگری كوردستانی گەورە دادەنا، لەگەڵ ئەوەشدا رۆژێك لە رۆژان ئاڵای كوردستانیان هەڵنەدا و تەنها ئاڵای حزبەكەی خۆیان كە زیاتر تەعبیری لە پارتێكی كۆمۆنیستی دەكرد لەسەر بنكە و بارەگاكانی خۆیان بەرزدەكردەوە. ئەوە هیچ ناوی پێشمەرگەیان لە كولەكەی تەڕیشدا بەكارنەدەهێنا و لەباتی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە، گەریلا و شەرڤانیان دەكردە پێناسەی چەكدارەكانیان.

ئەوە هیچ رۆژ لەدوای رۆژ بەرنامەیان گۆڕانكاری بەسەردەهات و داواكانیان سەرەوخوار دەهات تا گەیشتۆتە، ئەمڕۆ، ئاستی ئەوەی كە بە ئاشكرا دژایەتی دروستبوونی دەوڵەتی نەتەوەیی - كە دیارە مەبەست تەنها كوردە چونكە لە ناوچەكەدا تەنها كورد بێدەوڵەتە- دەكەن و بە كارێكی خراپی لەقەڵەم دەدەن و دەڵێن مۆدێلی دەوڵەتی نەتەوەیی نەماوە و زەمانی خۆسەری دیموكراتی یە، كە رەنگە هەر خۆیان بزانن ئەوە چ جۆرە سیستەمێكە چونكە لەوجۆرە سیستەمە تا ئێستا نەبینراوە هەر نەبێت لەم دەوروبەری ئێمە.

جا لێرەدا پرسیار ئەوەیە گەر ئەمانە دەوڵەتی كوردی رەتدەكەنەوە ئیدی بۆ چەكەكانیان توڕ نادەن و ملی رێگا بەرەو ئەنقەرە ناگرن، خۆ نیزامی توركی هەرچۆنێك بێت بڕوای بە جۆرە دیموكراسییەتێك و هەڵبژاردن هەیە. ئەی ئەوە نییە HDP كە هەموو كەس دەزانێت سەر بەوانە و بە تەوجیهاتی ئەوان دەڕۆن بەڕێوە، ئەوە دوو جارە لە ماوەیەكی كورتدا بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی توركیای كردووە و رێژەیەكی بەرچاویشی لە كورسییەكانی پەرلەمان هێناوە، هەرچەند لەدواجاردا بەهۆی نەگونجانی سیاسەتەكانی قەندیل، ملیۆنێك دەنگیان لەكیس خۆیان دا، بەڵام هەر توانیان بەربەستی لە 10% ببڕن و بتوانن بچنە نێو پەرلەمانی توركیاوە.

ئەمانە مادام خۆیان دەوڵەتیان ناوێت و دژی دەوەستنەوە و لەسەر زاری كادرێكی دیاریانەوە كە خۆی بە عەگید رۆژهەڵات دەناسێنێت وەڵامی دەوڵەتی رووسیای داوەتەوە كە كورد دەوڵەتی ناوێت.

پێدەچێت ئەم حزبە زۆر تامەزرۆی دەوڵەتی مەركەزی بێت ، چونكە بۆ چۆڵكردنی شنگال كە لەدەست داعش دەرهێنرا، دەڵێن تا حكوومەتی عێراقی لە بەغدا داوامان لێنەكات بە فەرمانی كەسیتر شنگال چۆڵ ناكەین.

ئەم قسە بێسەروبەرانە لەكاتێكدا دەكرێت كە وڵاتە گەورەكانی جیهان لە پێویستیی بوونی دەوڵەتێك بۆ كورد تێدەگەن و دژایەتی ناكەن، كەچی ئەمان دێن و ئەم قسه بیمانایانه فرئ ده ده ن.

له كۆتاییدا ده لیم ، ئیوه كه یفی‌ خۆتانه ، به س له ئیمه ی‌ تیك مه ده ن.


PM:12:24:30/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 3701 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی