جەبار فەرمان باوک و سەرکردە، ئەفسانەی سەردەمی خۆی

‌بڵێسە جەبار فەرمان

ساڵ ئەڕوات و تۆ هەر ناوە پڕ نەعرەتەکەی سەردەمی داکۆکیکردن لە رەنجدەران و هەژاران و خاک و خەڵکی کوردستانی.

ساڵ ئەڕواو جێگای تۆ بەکەس کەس پڕ نابێتەوە.

ساڵ ئەڕواو بێوەفایی بەرامبەر بە مێژووی پاکی تۆو خاڵە شیهاب و ئارام و عەلی عەسکەری و شەهیدانی تر زیاتر دەبێت.

تا تۆ هەبووی بەدەگمەن کەس دەیوێرا گەندەڵی بکا.

کەم کەس دەیوێرا دەست بۆ ماڵی گشتی ببات.

بۆ مەبدەئی سزاو پاداشت تۆ راستگۆترین بوی.

زۆر لەوانەی تۆ لەسەر گەندەڵی و خیانەتی سیاسی و لادان لە یەکێتی و بنەماکانی سزات داون. دوای ئەوەندە ساڵە ئێستا وەک چەقەڵی پیرو لەکاروان بەجێماو بەلەرزۆکیەوە دەیانەوێ تانە لە سێبەرت بدەن.

کەتا خۆت هەبووی زاتیان نەدەکرد لەدوای هەنگاوەنیشتەوە هەنگاو بنێن.

لەساڵیادی کۆچی تۆدا، خەم دامدەگرێ کە لێرە نیت و یەکێتی یەکێتیەکەی جاران نەماوە! باسی پاکسازی و چاکسازی بەقسەش نەماوە. سیاسەت و حزبایەتی کراوە بە کاری کۆمپانیا.

کێ بڕوا دەکات کە تۆ موچەت نیە لەم کوردستانەو بەردەستەکان ئێستا دەیان موچەخۆری بن دیوارو باخ و پاسەوانی کۆمپانیایان هەیە.

هەموو هەوڵی تۆ هێزی نیزامی و کۆلێژی سەربازی و هێزی نیشتمانی بوو، دەتویست ناوی پێشمەرگە بەخۆیەوە بێ پێشمەرگەی کوردستان بێت. ئێستا ناوی پێشمەرگە تەنیا دروشمە. رێز لەپێشمەرگەو ناوی پێشمەرگە ناگیرێت. زۆرێک ئێستاش ترسیان لەناوت هەیە بەبیستنی بچوکتر دەبنەوە.

 دۆڕاوی سیاسی  و موراهیقی سیاسی بەناوی گێڕانەوەی بیرەوەریەوە لەرزۆکانە گەرەکیانە تیری ئیرەیی بگرنە ناوبانگت.

تۆ سەرکردەی ناو زیندانی بەعسیەکان بوی، پارێزەری هاوڕێکانت بووی.

تۆ سەرکردەی داستانەکانی دژ بەبەعس و فاشیەکان بووی.

تۆ سەرکردەی راپەڕینی دووەمی کوردستان بووی. پارێزەری بەنداوەکان بوی.

تۆ هاوڕێی سروشت و گۆرانی و شیعرو هاوڕێی سەر ڕاست و بەوەفای هاوڕێکانت بوی.

دڵخۆش دەبم کە لە باڵەکایەتیەوە بۆ پشدەرو بتوێن بۆ دەشتی هەولێر بۆ شارباژێرو شارەزوور بۆ سلێمانی و گەرمیان هەر جێگایەک دەچم خەڵک دێنە لام و وەفادری خۆیان بۆ چاکەو هاوکاری تۆ باس دەکەن.

تۆ تەنیا فیلەتەنی شەڕ نەبووی. تۆ فیلەتەنی ئاشتی و حوکمڕانی پاک و بێگەندەڵی و خزمەتی خەڵک بووی.
نەریتی دەستبەردان لەپۆست لەکاتی نەخۆشیدا تۆ داهێنەری بوی.

لەئاشتیا کۆتری سپی بوی، لەشەڕی داگیرکەرانی کوردستان و بەعسیەکاندا رەشەبا بویت.
جەبار فەرمان
ناوێک بەئاوی ئاڵتون نوسراوە


AM:10:01:09/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 3808 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی