ئه‌م زوڵمه‌ رابگرن!

‌عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌

زیاتر لە (١,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیارو دوو سەد ملیۆن دۆلار داهاتی مانگانەى هەرێمە، تەنانەت لەم کاتەشدا، کە گوایە پارە نیە...!
بەم جۆرە:

یەکەم: ٨٠٠ ملیۆن دۆلار، پارەى (نەوت بەرامبەر پارە)، کە وەزارەتى سامانە سروشتیەکان، لە گەڵ کۆمپانیاى فیتۆڵی بریتانى عەقدى کردووە، مانگانە وەزارەت نەوت رەوانە دەکات و کۆمپانیاکەش 800 ملیۆن دۆلار بخاتە سەر حسابی حکومەتى هەرێم، پاشان تەسفیە بکرێت. ئەم رێکەوتنە لە ١-٧-٢٠١٥، رۆشتوەتە بوارى جێبەجێکرنەوە.
دووەم: ١٤٠ ملیۆن دۆلار تێکڕای مانگانەى داهاتى ناوخۆ، لە گومرک و رسومات و غەرامەو...تد.

سێیەم: ١٢٠ ملیۆن دۆلار، پارەى فرۆشتنى بەنزین و گازو نەوت و غاز، واتە داهاتی مستەودەعاتی ناوخۆ.
چوارەم: ١٤٤ ملیۆن دۆلارى تر، کە مانگانە زیاتر لە ١٦٠ هەزار بەرمیل نەوت لە پێکهاتەى جیا جیا، بە تەنکەر رەوانەى دەرەوە دەکرێت، کە داهاتى ئەمە دیار نیە. بەڵام بە گریمانە هەرزانترین نرخی بۆ دادەنێین، بۆ هەر بەرمیلێک لە جۆرەکانى سوتەمەنى تەنها ٣٠ دۆلار، بەمەش داهاته‌كه‌ی دەگاتە ١٤٤ ملیۆن دۆلارى مانگانە.
بەم جۆرە وەک لە سەرەوە وتمان، داهاتی مانگانەی هەرێم دەگاتە زیاتر لە (١,٢٠٠,٠٠٠,٠٠٠) یەک ملیارو دوو سەد ملیۆن دۆلار.
لە بەرامبەردا حکومەتى هەرێم مانگانە تەنها پێویستى بە ٧٥٠ ملیۆن دۆلارە، بۆ خەرجى ئەو کەسانەى، کە بە عینوانی جیاجیا موچە لە حکومەتى هەرێم وەردەگرن، کە ژمارەیان ملیۆنیک و چوار سەد و پەنجا هەزار کەسە.
واتە جگە لەوەى مانگانە توانای پێدانى موچە هەیە، هاوکات زیاتر لە ٤٥٠ ملیۆن دۆلاری زیادەی مانگانە هەیە، گریمان ئەم زیادەیەش دەدرێت بە پارەى گاز بۆ کارەباو، خەرجى کۆمپانیاکانى بوارى نەوت.

ئەم ژمارانەى سەرەوە لە سەرچاوەى ئاگادارو بەرپرس وەرم گرتوون.
ئەوەى ماوە بیڵێن بە ئاشکرا، بە هۆى کورسیەکەى بەرزانیەوە پارتى سزاى خەڵکى کوردستان دەدات و، لایەنەکانى تریش بێ دەنگن.
بە ئاشکرا هاوشێوەى بەغدا لە ناوخۆشدا بودجە و معاشی خەڵک دەبڕدرێت و خەڵک برسی دەکرێت زوڵم دەکرێت کەچی هەموان بێدەنگن.
پەیامى ئێمە بۆ پەرلەمانتارە بەڕێزەکان ئەوەیە: تکایە ئیدى بەسە کارى شەخسی بەسە قسەى بێ کردار، تکایە فەرمون بۆ جارێک هەوڵێکى جەماعی بدەن و پەرلەمان بکەن شوێنى قسە کردن و چارەسەرکردنى کێشەکان، تکایە ئێستا کاتى گفتوگۆی پەیڕەو نیە، خەڵک برسیە خەڵک قەرزارە، خەڵک روبەڕوى دەیان کێشەى قورس بوەتەوە و بێ ئومێدن لە هەمو لایەک.

بۆ وەزیرە بەرێزەکان: خۆتان دەزانن بە پێی قانونى ئەنجومەنى وەزیران هه‌موتان پێكه‌وه‌ به‌رپرسیارن، واتە بە پێی قانون وەزیرەکانى گۆڕان و یەکێتى و یەکگرتو و کۆمەڵ و ئاشتى هەورامى و نێچیرفان بەرزانى وەک یەک بەرپرسیارن لە کێشەکان، تکایە بە كرده‌وه‌ مومارەسەى دەسەڵاتى قانونى و سیاسی خۆتان بکەن و کاری جدى بکەن و هەڵوێست وەربگرن.

بۆ لایەنە سیاسیەکان: جێی خۆیەتى بپرسین کوا تەنسیقى چوار لایەنەکە؟ کوا چیتان بۆ ئەوە کردووە وەزیرەکانمان پێکەوە کارو هەڵوێستى هاوبەشیان هەبێ؟ کوا چیتان کردووە بۆ ئەوەى پەرلەمانتارەکانمان پێکەوە کارو چالاکى و پرۆژو هەڵوێستى هاوبەشیان هەبێ؟ كوا ئه‌نجامی كۆبونه‌وه‌ زۆرو بۆره‌كانتان؟
له‌ كاتێكدا چوار لایه‌نه‌كه‌ له‌ سه‌ر ئاستی جه‌ماوه‌ری، له‌ سه‌ر ئاستی په‌رله‌مان، له‌ سه‌ر ئاستی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران زۆرینه‌یه‌كی گه‌وره‌ن، زۆر عه‌یبه‌‌‌ به‌م شێویه‌ له‌ ئاستی سیاسه‌ته‌كانی پارتیدا ده‌سته‌وه‌ستانن، له‌ راستیدا به‌م شێوه‌ ناتوان نوێنه‌رایه‌تی داوا ره‌واكانی خه‌ڵك بكه‌ن! ‌
ئیدى خەڵک مافی خۆیەتى مان بگرێت، رەخنە بگرێت، ئەگەر ئەم دۆخە چارەسەرى بە پەلەى بۆ نەکرێت بە دڵنیایەوە بە سەر هەموماندا قڵپ دەکرێتەوە ئەو کات پاساو هێنانەوە دادمان نادات.


PM:09:19:04/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 4458 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی