ئیبراهیم جەعفەری‌ و وەزیرەکانی‌ کابینەکەی‌ نێچیرڤان!

‌ئارام سەمین

سەرەڕای خراپی و مەترسی رێگریەکانی‌ سەرۆکی حکومەت، لە بەردەم رۆشتنی‌ وەزیرەکان بۆ پەرلەمان، بەڵام سەرهەڵدانی ئەم کێشەیە لە نێوان حکومەت و پەرلەماندا، بە بڕوای‌ من بۆ داهاتوی ئەزمونی سیاسی و دەستوری و حکومڕانی‌ کورستان، کە هێشتا خاوەن پێشینەیەکی دەوڵەمەندو داهێنەرانە نیە، باش دەبێت.

باش دەبێت، چونکە ئەم بابەتە خەڵکانێک پەلکێش دەکات بۆ بیرکرنەوەو قسەکردن لە سەر هۆکارو، دەرئەنجامە قانونی و سیاسیەکانی، کە بێگومان ئەمانە لە داهاتوی نزیک و دوردا دەبنە گوشار لە سەر هەمو لایەک و، بە قازانجی‌ گشتی‌ دەشکێنەوە.

لە هیچکام لە قانونەکانی‌ هەرێمی‌ کوردستاندا، دەقێکی‌ رون و دیاریکراو نیە ئەو دەسەڵاتە بە سەرۆکی‌ حکومەت بدات، کە بتوانێ رێگری‌ لە رۆشتنی‌ وەزیرەکان بۆ پەرلەمان بکات. لە بەرامبەریشدا هیچ دەقێک نیە، بۆ ئەوەی وەزیرێکی‌ دیاریکراو بە رەهایی پشتی‌ پێ ببەستێت و، بێ پرس و حسابکردن بۆ سەرۆکی‌ حکومەت، بچێتە پەرلەمان.

ئەگەر پشت بەو بنەمایە ببەستین، کە کابینەی‌ حکومەت لە پەرلەمانەوە متمانەیان پێدراوە، بۆیە بە پێی‌ قانون و ئسوڵ و عورف لە بەردەم پەرلەماندا بەرپرسیاردەبن، لەم رووە بێ یەک و دو لە سەر شانی‌ حکومەتە هەر کات پێویستی‌ کرد، لە پەرلەمان ئامادە بن.
بەڵام لە وڵاتێکدا، کە رۆژانە دەستورو قانون ژێر پێ بخرێن و هیچ دامەزراوەیەکی‌ دادوەری‌ و چاودێری نەتوانێ سزای لایەنی‌ پێشێلکار بدات، ئیدی رای‌ راجح و یەکلایی‌ کەرەوە لە سەر پرسە جێ ناکۆکەکان بە قازانجی ئەو لایەنە دەبێت، کە هێزو دەسەڵاتی‌ هەیە.
لە کوردستانیشدا تا ئێستا زۆربەی‌ پرسە جێ ناکۆکەکان بە قازانجی‌ پارتی یەکلایی‌ کراوەتەوە، نەک لە بەر ئەوەی‌ ئەو حزبە بە هێزە، بەڵکو لە بەر ئەوەی‌ لایەنەکانی‌ تر کزۆڵ و دەستەمۆن، لە بەر ئەوەی‌ لایەنەکانی تر لە بری پێداگری و شەڕی‌ گۆڕینی‌ واقیع خەریکە وردە وردە دەبنە بەشێک لە واقیعەکە.

ئەوە بڕاوەتەوە کە پارتی‌ بە بڕێکی‌ گەورەتر بەرپرسیاری یەکەمە لەوەی‌ رویداوەو رودەدات، پاشان یەکێتی‌. بەڵام لێرە بە دوا سێ لایەنەکەی‌ تریش بەرپرسیارن.

ئەمە مانای ئەوە نیە لەخراپەکاریەکاندا هەموان وەک یەکبن، بەڵکو لە بەر ئەوەیە هەوڵەکانیان بۆ چاکسازی و چارەسەرکردنی کێشەکان وەک یەک بی ئەنجامن.

جا لایەنێک لە بەر ئەوەی‌ چاکسازی بە قازانجی‌ نیە بۆیە نایکات، لایەنێکی تر لە بەر ئەوەی‌ ئیرادەی‌ نیە، ئەوانی تریش لە بەر ئەوەی‌ لە ئاستی‌ چاکسایدا نین، یان ریگریان لێدەکریت، رونکردنەوەی ئەمانە بۆ هاوڵاتیان شتی‌ پوچن و شوێنێک ناگرێت.

بە کورتی‌ با بزانین لە سەر ئاستی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران و پەرلەمان لە روی‌ قانونی‌ و سیاسیەوە دەکرێ چی بکرێت:

یەکەم: لە ئەنجومەنی‌ وەزیرانەوە: بە پێی بڕیاری‌ ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠١٤ ی‌ پەرلەمان، کە ناوەڕۆکەی‌ بریتیە لە متمانە پێدانی‌ پەرلەمان بە ئەنجومەنی‌ وەزیران کە لە ٢٣ کەس پێکهاتووە، بە سەرۆک و جیگرو وەزیرەکانەوە، هەر ئەمانەش لە سەر بڕیارەکانی‌ کۆبونەوەکانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران مافی دەنگدانیان هەیە.

لە ناو ئەو ٢٣ کەسەدا، سەرۆکی‌ حکومەت و پێنج وەزیر سەر بە پارتین واتە شەش کەسن، دو وەزیریش سەر بە لایەنەکانی‌ مەسیحی‌ و تورکمانن، لە بەرامبەردا جێگری سەرۆکی‌ حکومەت و پێنج وەزیریان سەر بە یەکێتین، چوار وەزیریان سەر بە گۆڕانن، سێ وەزیریان سەر بە یەکگرتون، دوانیشیان سەر بە کۆمەڵن. واتە ١٥ کەسیان سەر بە چوار لایەنەکەن. (چەند مانگێک پێش ئێستا لە وتارێکی‌ تردا بە ناوی‌ زەلیلی سیاسی ئەم ژمارانەم باس کردوە).

با بزانین ئەم ١٥ کەسە چیان پێ دەکرێت؟

بە پێی مادەی‌ (١٢) لە یاسای ژمارە (٣) ی‌ ساڵی ١٩٩٢ ی‌ ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاردان لە سەر هەر پرسێک لە ناو ئەنجومەنی‌ وەزیراندا بە دەنگی‌ زۆرینەی‌ ئامادەبوانە، بەم پێیە لە خراپترین حاڵەتدا ئەگەر هەمو بەرەکەی‌ پارتی‌ لە کۆبونەوەکانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیراندا غایب نەبن، لە ٨ کەس زیاتر نابن. لە بەرامبەردا بەرەی‌ چوار لایەنەکە ١٥ کەسن واتە نزیکەی‌ دو ئەوەندەی‌ گروپەکەی‌ پارتین.

پرسیار لیرەدا ئەویە، ئایا گروپە ١٥ کەسیەکە رۆژێک لە رۆژان پرۆژەیەکی‌ چاکسازی‌ سنورداری هاوبەشیان بردوتە بەردەم سەرۆکی‌ حکومەت و، پێی رابگەیەنن ئەگەر رازی‌ نەبێت ئەوا بە زۆرینەو کەمیەنە بڕیاری‌ لە سەر دەدەن و، دەیخەنە بواری‌ جێبەجیکردنەوە؟ بێگومان نەخێر.

رەنگە هەندێک بڵێن ئەمە شتێکی‌ قورسە. بەڵام تەماشا بکەن، بە پێی‌ مادەی‌ (١١)ی‌ هەمان یاسا هەرکات زیاتر لە نیوەی‌ ئەندامەکانی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران واتە (١٢) ئەندام و زیاتر ئیستقالە بکەن ئەوا حکومەت هەڵدەوەشێتەوە.

کەواتە ئەم چوار لایەنە هەر لە ناو حکومەتەوە بە ١٢ وەزیرەوە توانای‌ هەڵوەشاندنەوەی‌ حکومەت و گوشار دروستکردنیان لە سەر سەرۆکی حکومەت هەیە، ئەی‌ بۆ توانای‌ ئەوەیان نیە ٢٠% پرۆسەی‌ چاکسای ئەنجام بدەن؟ بە تایبەت ئەو کێشەو پرسانەی‌ کە راستەوخۆ پەیوەندیان بە ژیانی‌ خەڵکەوە هەیە.

لە بارەی‌ رێگریەکانیشەوە لە وەزیرەکان بۆ چونیان بۆ پەرلەمان، گریمان سەرۆکی‌ حکومەت سورە لە سەر هەڵوێستەکەی‌، ئەی‌ خۆ هەر ئەو ١٥ وەزیرە بە ئاسانی‌ دەتوانن داوای‌ کۆبونەوەیەکی‌ ئەنجومەنی‌ وەزیران بکەن و، لە کۆبونەوەکەدا بە دەنگدان و بە خۆشی‌ بێت یان بە ناخۆشی، ئەوە پەیامە بخەنە مشتی‌ سەرۆکی‌ حکومەت، کە چیتر ئامادە نین لە نێوان راگرتنی‌ دڵی جەنابیان و بەرژەوەندیەکانی‌ خەڵکدا یەکەمیان هەڵبژێرن.

پاشان وەزیرە بەڕێزکان دەبێت ئەوە بزانن هەر جۆرە کەمتەرەخەمیەک لە ئاست پەرلەمان و لە ئاست خواستەکانی خەڵک بەمانای خۆکوشتنی‌ سیاسی‌ خۆیان و حزبەکانیان دێت! کێ هەیە ئەمەی‌ قبوڵ بێت؟

دەگێڕنەوە کاتێک چەند سیاسیەکی‌ هەرێم لە هاوینەهەواری‌ دوکان گللەیی‌ لە ئیبراهیم جەعفەری‌ دەکەن لە سەر ئەوەی‌ کە مادەی‌ ١٤٠ ی جێبەجێنەکردووە، ئەوەیش لە وڵامدا دەڵێت بۆ گللەیی لەمن دەکەن؟ بڕۆن لە وەزیرەکانی‌ خۆتان بپرسن و گلەیی‌ بکەن بزانن رۆژیک لە رۆژان لە ناو ئەنجومەنی‌ وەزیرانەدا داوای‌ جێبەجێکردنی‌ مادەی‌ ١٤٠یان کردووە تا من رێگریان لێ بکەم.

بێگومان ئەگەر وەزیرە بەرێزەکان لە ئێستاوە بە جدی‌ کار بۆ چاکسای نەکەن، بە دوری‌ نازانم لە داهاتودا هەر لە ئیعلامەوە وڵامێک لە جۆری‌ وڵامەکەی‌ ئیبراهیم جەعفەری لە زاری نیچیرفان بەرزانیەوە وەربگرین.

دووەم: لە پەرلەمانەوە: دەرکردنی‌ هەر یاساو بڕیارێک لە پەرلەماندا لە خراپترین حاڵەتدا لە سەر پرسێکی‌ دیاریکراو، کە تەحدای تێدا بێت و هەر ١١١ ئەندامەکە ئامادە ببن، دیسان لەم کاتەشدا بۆ یەکلایی کردنەوەی‌ پرسەکە، پەرلەمان پێویستی بە دەنگی‌ ٥٦ ئەندامە.
ئێمە دەزانین پرسی سەرۆکایەتی‌ هەرێم قورس کراوەو یەکلایی کردنەوەی‌ زەحمەتە، چونکە لە ناو چوار لایەنەکەدا جورئەت و بۆچونێکی‌ کۆنکریتی‌ دروست نەبووە، بەڵام خۆ لە ئیعلامدا وا دەردەکەوێ لە سەر پرسی نەوت و چاکسازی بۆچونیان یەکەو پاکێجی هاوبەشیان هەیە.

لە پاڵ ئەو ٥٦ی‌ ئەندامەی‌ چوار لایەنەکەدا، ئەندامەکەی‌ بزوتنەوەی‌ ئیسلامیش وەک ئۆپۆزسیۆن خۆی‌ پیشان دەدات، ئەوەی‌ حزبی شوعیش چ لە ناو پەرلەماندا چ لە تەلەفزوێنەکەیانەوە لە سەر پرسی گەندەڵی‌ و دادی‌ کۆمەڵایەتی‌ جۆرێک لە بانگەشە بۆ شۆڕش دەکەن.
کەواتە بە هەمو پێوەرێک ٦٠ پەرلەمانتار بە سەرۆکی پەرلەمان و سکرتێرەکەشیەوە سورن لە سەر چاکسازی و روبەروونەوەی‌ گەندەڵی‌ چەسپاندنی‌ دادپەروەری‌. کەواتە رۆژێک لە رۆژان بۆ ئەمانە ناتوانن لە سەر پرسێکی‌ پەیوەست بەژیانی‌ خەڵک رێکەوتن بکەن و پێکەوە کار بکەن؟ ئەی‌ بۆ لایەنێک نیە کۆیانبکاتەوە؟

لێرەوە وەک پێشنیازێکیش ئەوە دەخەمە روو، کە لە سبەینێوە، ٥٦ ئەندام لەو ٦٠ ئەندامە دەتوانن لە ناو پەرلەمانەوە بڕیارێک پەسەند بکەن و، لەو رێگەیەوە ئەو ئەرکە بخەنە ئەستۆی‌ وەزیرەکان، کە تەنها لە دوای‌ ئەوەی‌ بە نوسراوێک سەرۆکی‌ حکومەت ئاگادار دەکەنەوە ئیدی‌ بۆخۆیان بتوانن بێنە پەرلەمان.

خۆ ئەم بابەتانەش پرسی دەستور و سەرۆکایەتی‌ هەرێم نیە تا دیسان پێویستی‌ بە کۆبونەوەی‌ پێنج قۆڵی و بەزمی‌ سازان هەبێت!
ئێمە پێمان وایە کاتی‌ ئەوەیە ئیدی‌ خۆمان رەخنەی‌ جدی‌ لە خۆمان بگرین و، چیتر چاوەڕێ نەکەین.

رەخنە بگرین تا ئەو کاتەی‌ هەوڵی جدی‌ و لە جێی خۆیدا لە هاوڕێ و هاوکارەکانمان دەبینین، تا ئەو کاتەی‌ کردار جێگەی‌ گلەیی و قسەی‌ سەر تەلەفزوێن و هەڕەشەی‌ ئیستقالەو راکردن لە بەرپرسیارێتی‌ دەگرێتەوە.

چونکە چیتر کات چاوەڕێمان ناکات، خەڵکی کوردستان بە بێ کاری‌ و کۆچ و دڵەڕاوکێ و نەبونی ئەمانو سەقامگیری باجی ئەم دۆخە دەدەن.


PM:04:15:30/09/2015

ئه‌م بابه‌ته 1922 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی