گۆڕان بۆ حکومەت ناگەڕیتەوە

‌عەبدوڵای‌ مەلا نوری‌

گەڕانەوەی‌ وەزیرەکان و سەرۆکی‌ پەرلەمان بۆسەر کارەکانی‌ خۆیان بە تەنها بەس نییە، بۆ ئاساییکردنەوەی‌ پەیوەندییەکانی نێوان گۆڕان و پارتی‌. چ ئەو کات مانەوە لە ناو حکومەت و پەرلەمان، چ ئێستاش گەڕانەوە بۆی، بەم دۆخەی‌ ئێستاوە، واتە تەسلیمبوون بە ڕێسا و یاساکانی‌ سیاسەتکردن لای‌ پارتی‌، ئیدی‌ کێ و کام لایەن بەمە ڕازییە کەیفی خۆیانە.

با چیتر گرەو لەسەر شتی بۆش و پووچ نەکرێت. دۆخی‌ حکومەت و پەرلەمان پێش ١٢-١٠ هێندە ساغڵەم نەبوو، تا لە ئێستادا بۆی بەڕاندا بکێشرێت، یان ناوبژیوانی‌ و دانوستان و شەڕی‌ لەسەر بکرێت.

گەڕانەوە بۆ کام حکومەت؟ ئەو حکومەتەی‌ کە لە دوای‌ ٢ ساڵ نەیتوانی‌ ١% بەرنامەی‌ کارەکەی‌ جێ بەجێ بکات؟ بگرە زۆر لە حکومەتەکانی‌ پێش خۆی‌ فاشیلتر بوو. بۆ ئەو پەرلەمانەی‌ کە دەست و پێی کۆت کرابوو لە ئاست حکومەت و گەندەڵییەکانی‌ نوزەی‌ لێبڕابوو.

واقیعبینی‌ ئەوە نییە هەموومان تەسلیم بە عەقڵی‌ خێڵ و ئیرادەی‌ دیکتاتۆر بین، واقعبینی‌ ئەوەیە تا ئەوپەڕی‌ توانامان هەوڵی‌ گۆڕانکاری‌ لەم دۆخەدا بدەین. لە خراپترین حاڵەتیشدا ئەگەر ئەوانی‌ ترمان پێ نەگۆڕا خۆمان لە خراپبوون، لە بوون بە ئەوانی‌ تر بپارێزین.

ئامانجی‌ ئێمە گۆڕانە، بۆ ئەمە هیچ مەرجێکمان لە سەر خۆمان دانەناوە، بۆ نموونە بڕیارمان نەداوە لە ماوەی‌ ٢ ساڵدا دنیا بگۆڕین، یان بڕیارمان نەداوە بۆ ئەوەی‌ گۆڕان بکەین دەبێت لە حکومەت و پەرلەمان بین یان لەسەر جادە بین. مەرجی‌ سەرەکیی‌ سەرکەوتن دەستگرتنە بە مەبادیئەکانەوە، نەک بە پۆستەکانەوە.

چارەنووسی ئەم بەناو حکومەتەی‌ ئێستا لە دوو حاڵەت بە دەر نییە؛ یان ئەوەی‌ لە سەر بنەمای‌ پرۆژەیەکی‌ چاکسازی‌ لەژێر چاودێریی‌ پەرلەمانێکی‌ کارادا، بە بەشداری‌ هەموو لایەنەکان دوو ساڵی‌ داهاتووی‌ تەواو بکات. یان هەڵوەشانەوە و سەرلەنوێ دروستکردنەوەی‌ بە جۆرێک پارتی‌ تێیدا تەنها ڕۆڵی‌ لایەنێکی‌ بەشداربوو لە حکومەتەکە بگێڕێت، نەک خاوەن ماڵ و ئەوانی‌ تر میوان.

گەڕانەوەی‌ گۆڕان بۆ حکومەت و پەرلەمان ئەگەر وەک دوو ساڵی‌ ڕابردوو بێت، یان لەسەر بنەمای‌ گۆڕینی‌ کەسەکان بێت، ئەوا بێگومان گۆڕان بۆ حکومەت و سەرۆکایەتیی‌ پەرلەمان ناگەڕێتەوە. مەگەر لەڕێگەی‌ ڕیفراندۆمێکەوە زۆرینەی‌ دەنگدەرانی‌ گۆڕان بڕیار لەسەر وەها سازشێک بدەن!


PM:07:33:10/11/2015

ئه‌م بابه‌ته 5163 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی