پرسی شەرعیەت لە حکومڕانیدا؛
سەرۆکی هەرێم بە نمونە
د.محەمەد عەلی
لەوەتەی کێشەی شەرعیەتو یاسایی بونی سەرۆکی هەرێم سەری هەڵداوە، ژمارەیەک میدیاو سیاسیو چاودێری سیاسی، بونی شەڕی داعش، مامەڵەکردنی هەرێمیو نێودەوڵەتیو سەردانەکانو بەشداریکردنی بارزانی لە کۆڕو کۆبونەوەکان لەسەر هەردو ئاستی هەرێمیو نێودەوڵەتیدا دەکەنە بیانو یان پاساو هێنانەوە بۆ مانەوەی بارزانی لە پۆستەکەیدا، تەنانەت ئەم پاساوانە بۆ شەرعی بونو یاسایی بونی بارزانی بەکاردەهێنن. بەڵام ئایا سەرچاوەکانی شەرعیەت کامانەن لە حکومڕانیدا؟ ئایا سیستمی سیاسیو فەرمانڕەواکانی شەرعیەت لە ناوخۆ وەردەگرن یان دەرەوە؟
لەم وتارە کورتەدا شەڕی داعش لێدەگەرێم، چونکە دەیان نمونە لەبەردەستن کە شەڕو هەڕەشەی دەرەکی بیانو نین بۆ پەکخستنی پرۆسەی سیاسیو بە دامەزراوەییکردنی وڵات. نزیکترینیان ئەنجومەنی نوێنەران و حکومەتی عێراقە کە هیچ پرسێکی بە بیانوی شەڕی داعشەوە پەکنەخستوە، تەنانەت لە گەرمەی شەڕی داعشدا، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی لە هەردو وەزیری بەرگریو دارایی سەندەوە.
شەرعیەت (رەوایەتی) پێگەی سەرەکی دامەزراندنو کارکردنی هەر سیستمێکی سیاسیو حکومڕانیە. شەرعیەت Legitimacy وشەیەکی لاتینیەو مەبەست لێی یاسایی بونی دەسەڵاتی بەڕێوەبردنەو ئاماژەیە بۆ شەرعیەتی یاسایی، سیاسیو رەوایەتی بە پێی ستاندەرە ناوخۆییەکان.
شەرعیەتو دەسەڵات Authority دو چەمکی گرێدراونو ماکس ڤیبەر سێجۆر لە دەسەڵات جیادەکاتەوە: تەقلیدی، کاریزمیو یاسایی (عەقڵنی و دامەزراوەیی). ئەمەی سێیەمیان پەیوەندی بەباتەکەی ئێمەوە هەیە، چونکە ئەگەر بمانەوێت قسە لەسەر حکومەتێکی دیموکراسیو پێشکەوتو بکەیەن، ناکرێت باس لە شەرعیەتو دەسەڵاتی تەقلیدیو کاریزمی بکەین.
ئەگەر ئەم دوانەمان قبوڵە بۆ حکومڕانی، ئەوا دەبێت هەرسێ دەسەڵاتی تەشریعی، جێبەجێکردنو دادوەری هەڵوەشێنینەوە یان ڕۆڵێکی لاوەکیو روکەشان هەبێت. هاوکات یاساکان (بەیاسای سەرۆکایەتی هەرێمیشەوە) بکەینە دەرەوە لە پرۆسەی حکومڕانی هەرێمەوە.
کەواتە شەرعیەتو دەسەڵاتی یاسایی (حکومڕان) پێویستیان بە هەڵبژاردنو دەنگدانو پشتگیری هاوڵاتیان (حکومکراو) هەیە، لەلایەكو لەلاکەی دیکەوە، کارکردنی بەپێی یاسا کارپێکراوەکانی ناوخۆی وڵات. بەکورتی ئەوەی چارەنوسو شەرعی بونو نەبونی دەسەڵاتێك دیاری دەکات، فاکتەرە ناوخۆییەکانن نەک دەرەکیەکان.
لە دەرەنجامدا، ئەگەر باوەڕمان بە دیموکراسیو سەروەری یاساو دامەزراوەکان (دەسەڵاتی عەقڵانیو یاسایی) هەیە، کەواتە شەڕی داعشو پشتگیری دەرەکیو بەشداری لە کۆنفراسو کۆڕبەندی هەرێمیو نێودەوڵەتیدا یەکلاکەرەوە یاخود بڕیاردەر نین لە شەرعیبونی پۆستی سەرۆکی هەرێم وەک چۆن هەندێ لە میدیای بەناو پرۆفیشناڵو سیاسی بەناو بە ئەزمون بانگەشەی بۆ دەکەن!
AM:12:12:22/01/2017
ئهم بابهته 3629
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی