چەند دیاردەیەك

‌ئەرسەلان بایز

*لەكۆڕو دانیشتنەكاندا هەشت هەشت قسە لەسەر گەندەڵكاران دەكات، كەچی خۆشی بەرتیل دەدات تاكو تڕێلە گەنمەكەی بۆ تەسلیمی سایلۆ پێش بخات و بەدەرەجە یەكی باش بۆی بنووسن.

*لەترسان و لەبرساندا وڵاتی خۆی جێ هێشتووەو چۆتە ئەوروپای (گاوران). لەوێ ژیان و كارو ئاسایشیان بۆ دابینكردووە. كەچی لەوێ دزییان لێدەكات، بێهودە هەوڵی بەموسڵمان بوونی گاوران دەدات.

*بۆخۆی چەكداری ڕژێمی بەعسی عیراق بوو، كەچی شەرم ناكات تەقیمی پێشمەرگە دانەبڕاوەكان دەكات و ڕەخنەیان لێدەگرێت.
*هەندێ لەحزب و لایەنە سیاسییەكان بۆ خۆیان پێوەندیان لەگەڵ ئەم و ئەو وڵاتان هەیە. یارمەتیان لێوەر دەگرن، كەچی ڕەخنەی توند لە لایەنەكانی تر دەگرن كە پێوەندییان لەگەڵ وڵاتەكەی ئەوان هەیە.

*هەردوو لایان موسوڵمانن كەچی بە (ئایەت) و (حدیپ) یەكتر تەكفیر دەكەن، كوشتن و سەر بڕینی یەكتر حەڵاڵ دەكەن.
*داوای شەراكەتی حوكمڕانی لە بەغدا دەكەین، كەچی خۆمان لەهەرێم لەسەر شەراكەتی حوكمڕانی شەڕمانە. تەنانەت لەنێو خودی حیزبەكانیشدا شەراكەتی بڕیار نییە.

*لەكاتی هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان و كۆنفرانس و كۆنگرەی حزبدا، گلەیی و ڕەخنە لەتەزویرو كڕینی دەنگ دەكەین، كەچی خۆشمان بەپای پیلان خەریكی تەزویرو دەنگ كڕینین.

*زۆر بەتیژی ئۆتۆمبێل لێدەخوڕێ. مەترسی دەخاتە سەر گیانی خۆی و ماڵ و مناڵی و كەسانی تریش، كەچی كاتێ پۆلیسی هاتوچۆ ژمارەی ئۆتۆمبێلەكەی دەگرێت جنێوی پێدەدات.

*كاتێ گەنج بووین دەمانوت: هەقە بە تەمەنەكان شوێن بۆ گەنجەكان چۆڵ بكەن. كەچی كاتێكیش دەچینە تەمەن دەڵێین: بە تەمەنەكان ئەزموون و خبرەیان هەیەو لەنێو كێشەكاندا قاڵبوونەتەوە، بۆیە ناكرێ دەستبەرداریان بن.

*(ڕێگاكانی گەیشتن بەخودا بێكۆتان و لەژماردن نایەن) كەچی هەندێ دەڵێن: نەخێر تەنیا یەك ڕێگا هەیە.

*لەنێو فەرمانبەرانی دائیرەكەی خۆی بە گەندەڵ ناسرابوو. كەچی هەشت هەشت وتار لەسەر گەندەڵكاران دەنووسێ.

*كاتێ لەدەسەڵات نییە پیاوێكی زۆر باشەو باس لەدیموكراتییەت و بڕیاری بەكۆمەڵ دەكات. بەڵام كاتێ دەسەڵاتداری گرتە دەست دیكتاتۆرو دژی دیموكراتییە.
*سەرۆكی حزبێكی موسڵمان دەڵێت: (ئەرێل شارۆن)ی (جاران) سەرۆك وەزیرانی دەوڵەتی ئیسرائیل لەفلان (…) سەرۆكی حزبی ئیسلامی باشترە. جا توخوا جوتیارێكی موسڵمانی نەخوێندەواری كوردستان چۆن سەر لەو مەتەڵە دەربكات..؟ كامیان بەڕاست بزانێت..؟ چونكە هەردوو سەرۆكی حزبە موسڵمانەكە نوێژ دەكەن.. ڕۆژو دەگرن…قورئان دەخوێنن.

*عەبدولكەریم سروش دەڵێ: (تا ئاینەكان لەنێوان خۆیاندا جۆرێك ئاشتەوایی دروست نەكەن مرۆڤایەتی ئارامی بەخۆیەوە نابینێ) بەندەش دەڵێم: تا حیزبەكان جۆرێك لە ئاشتەوایی و بەیەكەوە ژیانی دادپەروەرانە لەنێوان خۆیاندا فەراهەم نەكەن، نەتەوەی كورد بە ئاسودەیی ناژێت و ئیسراحەت لەخۆی ناكات.

*هیچ هەقێكی پاك و ناهەقیەكی پاك نیە..ئەگەر وانەبووایە كەس بەلای ناهەقیدا نەدەڕۆیشت. هەموومان دەچووینە لای هەق. (سروش).
*ئاین و مەزهەب و بیرو باوەڕی حیزبەكەی خۆی زۆر لا پیرۆزە كەچی گاڵتە بە بەرامبەرەكەی دەكات. نازانێ یان خۆی لەوە نەبان دەكات كە خەڵكانی تریش وەكو ئەو ئاین و مەزهەب و بیرو باوەڕی خۆیان لا پیرۆزە.


PM:03:12:08/12/2019

ئه‌م بابه‌ته 4156 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی