کوڕەكەت شورایە

‌ئەرسەلان بایز

لەنیوەی یەكەمی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا. چەند مامۆستایەكی ئاینی بەڕێز هاتنە لای (مام جەلال). یەكێ لەو مامۆستا بەڕێزانە لە بارەی ڕەفتاری هەندێ لە پێشمەرگەكانی كۆمەڵە گلەیی لە (مام جەلال) كرد، گوایە ڕایان لەسەر ئاینی پیرۆزی ئیسلام باش نیەو گەلێ جار لە مزگەوتەكان كاری نەشیاو دەكەن.

 نوێژ ناكەن ڕۆژو ناگرن. جار جارە هانی خەڵكانی تریش دەدەن نوێژو ڕۆژوو نەكەن. (مام جەلال)یش لە وەڵامدا دەڵێ: بەسەر چاو چیمان پێ بكرێ بۆ كۆنتڕۆڵ كردنی پێشمەرگەكان درێخی ناكەین. بەڵام مامۆستا خۆت دەزانی ئەوانە گەنجن. خوێن گەرمن. ڕۆژانە شاخەو شاخ. برسی و تینوو دوور لە كەس و كار ناتوانین فشاری زۆریان بخەینە سەر.

مامۆستا ئاینیەكە گلەیی لە (مام جەلال) دەكات و دەڵێ: جەنابت بەرپرسیاری یەكەمی ئەو پێشمەرگانەی هەموو خەتایەكیش لە ئەستۆی تۆیە… جەنابت چۆن ناتوانی كۆنتڕۆڵیان بكەیت…؟!.

(مام جەلال)یش بە هێمنی وەڵامی مامۆستاكە دەداتەوە. مامۆستا… ژمارەی پێشمەرگەكانی ئێمە سەدان و چەندین هەزارە. ئینجا بەسەر هەموو ناوچەكانی كوردستان دابەش بوون. كۆنتڕۆڵ كردنیان هەروا ئاسان نییە. بەڵام جەنابت یەك تاقە كوڕت هەیە… كوڕەكەشت ئەندامی ڕێكخراوی (شورا)یە كە ڕێكخراوێكی كۆمۆنیست و زۆر لە پێشمەرگەو ئەندامانی كۆمەڵە توندڕۆ ترە… داواكارم جەنابت پێش هەموو كەس كوڕەكەی خۆت ئامۆژگاری و كۆنتڕۆڵ بكەیت. ئیتر مامۆستاكە بێدەنگ دەبێت.

*ڕاستگۆیی
ژنێكی موسڵمانی خوێندەوار، شارەزا لە ئاینی ئیسلام ڕۆژانە دەرسی ئاینی بە ژمارەیەك ژنە موسڵمانی تر دەدات. فێری نوێژو ڕۆژوو لەبەركردنی (التحیات) و (قل هو اللە احد)یان دەكات. بەشێوە تایبەتەكەی خۆی بە ڕێبازی ئیسلام ئاشناو هۆشیاریان دەكاتەوە.

زۆربەی ڕۆژەكان پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت كە بەپێی ئاینی ئیسلام، پیاوان هەقیان هەیە چوار ژن بێنن. بۆیە نابێ ژنانی موسڵمان لەو سوننەت و نەریتە نیگەران و ناڕەحەتبن. بگرە بە پێچەوانەوە. هەقە ژنان خزمەتی پیاوەكانیان بكەن هانیان بدەن ژن بێنن و ئەو سوننەتە جێ بەجێ بكەن.

ڕۆژێك لە ڕۆژان ژنێكی هۆشیارو جەربەزە دێتە لای ژنە مامۆستاكەو پێی دەڵێ: من زۆر سەرسامم بە تۆ چونكە هەر زۆر شارەزای ئاینی ئیسلامی، بگرە لەسەر جێ بە جێ كردنی ڕێبازەكەش موكوڕی. من حەزدەكەم نهێنیەك هەیە كە چوار ساڵە پاراستومە ئەمڕۆ پێت بڵێم. من ژنی دووەمی پیاوەكەی تۆم و دوو مناڵیشمان هەیە. هەر لەگەڵ بیستنی ئەم هەواڵە ژنە مامۆستاكە بێ یەك و دوو دەبورێتەوەو لە هۆش خۆی دەچێت. ژنان بەپەلە ڕادەكەن و بە چوار دەستە دەیگەیەننە نەخۆشخانە. دوای دوو ڕۆژ لە بورانەوە. كاتێ چاو دەكاتەوە ژنە جەربەزەكە دێتە لای و داوای لێبوردنی لێدەكات (بەخوا خوشكم نە پیاوەكەت دەناسم. نە ژنی ئەویشم. نەمناڵیشم لە پیاوەكەت هەیە. بەڵام تكا دەكەم لەمەودوا لەگەڵ خۆت و ئاین و دەوروبەرت ڕاستگۆ بە).
(مشعل السدیری نووسیویەتی)


PM:05:27:05/08/2019

ئه‌م بابه‌ته 9824 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی