كەركوك خوێنی لێ‌ دەچۆڕێ‌

‌ئەرسەلان بایز


بابڵێین دوای ریفراندۆم و (16)ی ئۆكتۆبەر، دوای هاتنە دەرەوەی هێزی چەكداری پێشمەرگە لەو شارە و هاتنەوەی سەرلەنوێی هێزە چەكدارە عەرەبەكانی عێراق. دوای بەشداری نەكردنی (پارتی دیموكراتی كوردستان) لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق. پارتی هێندە خەمی كەركوك و كەركوكییەكانی نییە. یان ئاگاداری زۆری ئەوە نییە چی لەو شارە دەگوزەرێ‌. یان با بڵێین بە هە چ پاساوێك بێت خۆی بە بەرپرسیار نازانێ‌. چونكە تەنیا یەك بارەگا و هێزی چەكداری لەو شارەدا نەماوە. بەڵام بە حوكمی ئەوەی بارەگا حیزبییەكان و هەندێ‌ لە لێپرسراوە حیزبی و سەربازییەكانی «ی.ن.ك» لەو شارەدا ماون. بەشداری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقی كرد و شەش كورسی بەدەست هێنا. ڕۆژانە ئاگاداری وردو درشتی ڕووداو و كارەساتەكانی شارەكەیە. بۆیە زیاتر خۆی بە خاوەن و خەم خۆری دەزانێ‌.

بەوتەی هەڤاڵەكانم لە مەكتەبی سیاسی و هەموو لایەن و كەسانی تر بە فەرمانی (راكان جبوری) پارێزگاری بە وەكالەتی كەركوك و فەرماندەكانی حەشدی شەعبی، كەركوك سەرلەنوێ‌ تەعریب دەكرێتەوە، ڕۆژانە پۆل پۆل لێپرسراوە كوردەكانی دائیرەكانی دەوڵەت لادەبرێن و توركمان و عەرەب لە شوێنیان دادەنرێن. حەشدی شەعبی شەو و نیوە شەو هەڵدەكوتنە سەر ماڵان و سووكایەتییان پێدەكەن، دەست بەسەر چەكەكانیاندا دەگرن. ڕۆژانە چەند ماڵێكی كورد دەردەكرێن. عەشایەرە عەرەبەكان دەچنە سەر زاگەی سەدان ساڵەی جوتیاری دێهاتەكان و دەیانەوێ‌ دەریان پەڕێنن، لانی كەم دەغڵ و دانەكانی ئەو ساڵەیان دروێنە بكەن و بۆ خۆیانی ببەن.

ماوەی یەك ساڵ و نیویشە بەهۆی ناكۆكی و بۆچوونی جیاوازی «ی.ن.ك» و پارتی. بەهۆی بەرژەوەندی تەسكی حزبایەتی نەتوانراوە پارێزگارێكی كوردی بەهێز لە كەركوك دابنرێت. بۆیە ڕۆژانە خوێن لە جەستەی ئەو شارە وێرانە دەچۆڕێت. ڕاستە دانانی پارێزگارێكی كورد (هەرچەندە بەهێزیش بێت) ناتوانێ‌ هەموو كێشەكان چارەسەر بكات، یان بارودۆخی كەركوك ئارام بكاتەوە. بەڵام هەر هیچ نەبێت بەشێكی زۆر لە ڕۆیشتنی ئەو خوێنە ڕادەگرێت. چونكە پارێزگار دەتوانێ‌ تەعریب ڕابگرێت. ڕێگا نەدات فەرمانبەرە كوردەكان دەربكرێن. نەهێڵێ‌ عەشایەری عەرەب بچنە سەر موڵك و ماڵی جوتیارەكان ….هتد.

لە مێژووی ڕابردووی هەردوو حیزب كەركوك قودسی كوردستانە، كەركوك دڵی كوردستانە. چەندین دان و ستاندن و شۆڕش لەسەر كەركوك بە سەركەوتن نەگەیشتووە، لە ڕابردوودا كەركوك هۆكاری تەبایی و یەكڕیزی سەرجەم حیزب و لایەنەكانی كوردستان بووە. بەڵام بەداخەوە ئەمڕۆ حیزبەكان كردوویانە بە هۆكاری لە یەكتر ترازان، وا خەریكە پڕوشكی ئەو لەیەكتر ترازانە هەرێمی كوردستانیش بگرێتەوە.

من لێرەدا ڕووی قسەم لە سەركردایەتی هەردوو حیزبە. ئایا مەبەستتان خەمی كەركوك و ڕاگرتنی خوێنی لەبەر ڕۆیشتووی جەستەی ئەو شارەیە؟ ئایا مەبەستتان ڕزگاركردنی كەركوكییەكانە لەو ناهەقییەی ڕۆژانە بەرامبەریان دەكرێت. یان مەبەستتان بەرژەوەندی حیزبی و دانانی فڵان و فیسارە….؟

لە مێژووی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵكی كوردستاندا هەزاران پێشمەرگە و هاووڵاتی بوونەتە قوربانی سەركەوتنی شۆڕش و مسۆگەركردنی مافە ڕەواكانی گەلی كورد، كەچی ئەمڕۆ «ی.ن.ك» و پارتی ئامادە نین سازش لەگەڵ یەكتر بكەن (ئامادەن سازش لە گەڵ غەیرە كورد بكەن) و چەند ناوێك بكەنە قوربانی چارەنووسی ئەو شارە.

پێكنەهاتنی یەكێتی و پارتی: واتە بەردەوام بوون لە ڕۆیشتنی خوێن لە جەستەی كەركوك.
داوا لە هەڤاڵەكانم لە كەركوكییەكان دەكەم كە خۆیان لە هەموومان بە خەمخۆر تری كەركوك دەزانن، هەرچۆنێ‌ بێت ڕێگا چارەیەك بۆ وەستاندنی ئەو خوێن لەبەر ڕۆیشتنە بدۆزنەوە. كەركوك گەورەترە لە كەسەكان، با ئەو ڕێگا چارەیە لای (ئەوان) جۆرێكیش بێت لە ژەهر خواردنەوە.


PM:02:06:31/05/2019

ئه‌م بابه‌ته 4380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی