لە بناری سەفینەوە بۆ فلۆڕەنسا

‌ئەرسەلان بایز

لە ژوورە تەنگەبەر و بێ پەنجەرەو، ژێرزەمینی گرتووخانەی دەزگاكانی ئەمن و ئیستخباراتی، هەولێر و كەركووكی ناوەڕاستی هەفتاكان. لە شەوە نووتەك و سەهۆڵبەندییەكانی كێو و دۆڵ و كوێستانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوو. لەسەردەمانێكا، تیشكی مۆمێكی كزی داگیرساوی سەرقوتەی شاخەكان، تەنها هیواو ئومێدی مانەوەو ئایندەی گەلەكەمان بوو. گەنجێكی شارەكەم، گەنجێكی شارە دێرینەكەی هەولێر، دەستی لە كارە حكومییەكەی خۆی هەڵگرت و، نازی ماڵ و مناڵەكانی كردە قوربانی سەروەری گەل و خاكی نیشتمان و، ڕێگەی هات و نەهاتی گرتەبەر.

لەبری شەقامی شارەكان، توولە ڕێگای باریكە پێچاو پێچ و، سەختە هەزار بە هەزارەكانی گرتەبەر و جلێكی خاكی لەبەركرد. پێڵاوێكی لاستیكی لەپێكرد، كۆڵەپشت لە كۆڵ. چوار مەخزەن لە كەمەرو كڵاشنكۆف لەشان. گوندەكانی سماقوولی بناری سەفین و ناوەگردی كردە مەنزڵگا و بارەگای خۆی.

‎ئیتر بەهۆی خۆڕاگری و لەخۆبووردەیی، بەهۆی گرتنی سەنگەری پێشەوە بەهۆی نەخشەی ژیرانەی پێشمەرگایەتی و چۆڕاوگەی خوێنی زامی ڕژاوی جەستەی خۆی، ڕۆژانە داستانی قارەمانێتی و سەركەوتنەكان تۆمار دەكران، هیواو ئومێدی بێ ئومێدام بووژانەوە. قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی پێشمەرگەكانی یەكێتی و كۆمەڵە فراوانتر بوون.

سات بە سات تیشكە مۆمە كزەكە گەشاوەو گەشتر نەبوو تا ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ و ئازادكردنی هەولێری گەورەترین شاری كوردستانی باشوور.

بۆیە.. كاتێ ئەمڕۆ (فلۆڕەنسا)ی شارەكەی لێۆناردۆ داڤنشی و مایكڵ ئەنگیلۆ و نیكۆلا نیكاڤیللی. وڵاتی ئیتاڵیای چەقی ڕێنیسانسی ئەوروپای سەدەكانی چواردە و پانزە و شانزە، هەر لە هەمان هۆڵی پیاوە مەزنەكانی دنیا، لە شێوەی گۆرباتشۆفی سەرۆكی یەكێتی سۆڤیەتی جاران و، جاك دیلۆرس هەشتەمین سەروەری كی یەكێتت ئەوروپا و، ئیسحاق ڕابینی سەرۆكی ئیسڕائیل و، یاسر عەرەفاتی سەرۆكی فەڵەستین میدالیای (پێگاسۆسی زێڕین) بە سنگی هاوڕێیەكمان نە یەخەی پێشمەرگەیەكی كوردستانی باشوور (كۆسرەت ڕەسول عەلی) دا دەكات، هەموومان لە شوێنی خۆمان هەڵدەستینە سەرپێ و چەپڵەی شانازی بۆ لێدەدەین.

ئەمەیە نرخ و قەدری خەبات و ناوو دەنگی پێشمەرگەو گەلی كورد لە دەرەوەو لەسەر ئاستی دنیا.

‎پڕبەدل پیرۆزباییت لێ دەكەم و، هیوادارم نرخی ئەو میدالیایە، لەلای كوردان، لە نرخی دێرە شیعرەكەی شاعیری كورد (نالی) بێت كە دەڵێت:
‎كەس بە ئەلفازم نەڵێ خۆكوردییە خۆكردییە
‎هەر كەسێ نادان نەبێخۆ تالیبی مەعنا دەكا.

‎براتان
‎د. ئەرسەلان بایز
١٥/١٢/٢٠١٦


PM:06:20:16/12/2016

ئه‌م بابه‌ته 5204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی