بەغدای بەھێز، ئومێدێک لەسەراب

‌دڵشاد عەبدولڕەحمان


لەدوای روخانی سەدام حسین ،ئاڕاستەیەک لای کەسایەتیەکوردە بەشداربوەکانی دەسەڵاتی بەغدا پەیدابوو ،کەبەغدای بەھێزو جێگیر ،ھەولێریش بەھێزوجێگیر دەکاو ئەو دوانە دوولای ھاوکێشەیەکی راستەوانەن .ئەوئاراستەیەی کوردانی بەغدا ھی ئەندامانی یەکێتی وپارتی وحزبەکانی تریش بوون. لەبەرانبەریش دا ئاراستەیەکی تر لەھەرێم لەسەرجەم حزبەکان ھەبوو ،بەپێچەوانەی ئەوئاراستەیەی بەغدا ،گەشەسەندنی ھەرێمی لەپەرتەوازەیی بەغدادادەبینی 

بێگومان ھەریەک لەودووئاراستەیە پاساوی خۆیان ھەبوو، بەڵام ئەوەی ئەمڕۆ دەگوزەرێ جیاوازە لەوسەردەمە ،ئەگەر ئەوکات تەنھا کاربەدەستە کوردەکانی بەغدا ،بانگەشەی بەغدایەکی بەھێزیان دەکرد ،لەئێستادا ھێزی سیاسی  لەکوردستان وخەڵکێکی زۆری فرەڕەنگ پشتگیری ھەمان دیدگای بەغدای بەھێز دەکاو پێیان وایە ئەگەر بەغدا بەھێزو جێگیربێ ئەوا بە پۆزەتیڤی کار لەژیان وگوزەرانی خەڵکی ھەرێم دەکاو دەکرێ کورد لەسایەی ئەوبەغدایەدا مافەدەستوریەکانی خۆی بەتەواوی وەرگرێ.

ھۆکاری ئەو پشتگیریە زۆرەی ئێستا بۆ بەغدای بەھێز وپاڵنەرەکانی لەلای کاربەدەستانی کوردی بەغدا جیاوازە لە پاڵنەرەکانی پشتگیری ئەوئاڕاستەیە لەلای خەڵکی ئاسایی .پشتگیریە زۆرەکەی ئێستای خەڵکی ھەرێم لە دەرەنجامی شکستی حوکمڕانی پارتی ویەکێتی و دواتریش شکستی ئۆپۆزیسیۆن و بێ ئومێدکردنی خەڵکی ناڕازی لەلایەن گۆڕان و دواتریش ھاوپەیمانی بۆدیموکراسی ودادپەروەری یەوە سەرچاوە دەگرێ .ئەوپشتگیریەی بەشێکی بەرچاو لەدانیشتوانی ھەرێم بەرھەمی ئەو گەندەڵیەیە، کەتەنھا لەدەروازەکانی ھەرێم مانگانە بە سەدوپەنجا ملوێن دۆلار مەزەندە دەکرێ ،لەئەنجامی بەھەدەردان وناشەفافیەتی داھاتی نەوت دایە ،لەئەنجامی نەدانی موچەی فەرمانبەرانی ھەرێم دێ .

کورت وکرمانج بانگەشەی بەغدای بەھێز لەلایەن بەشێکی بەرچاو لەدانیشتوانی ھەرێم دەرەنجامی بێئومێدیانە لەحکومەت وحزبەدەسەڵاتدارەکانی ھەرێم .

بەڵام ئایا ئەودروستکردنی ئومێدە لەسەر بەغدای بەھێز دیسان خەڵکی ستەمدیدەی دەستی ستەمی دەیان ساڵەی دەسەڵاتەداگیرکەرەکانی کوردستان وستەمی چەندین ساڵەی دەسەڵاتی حزبی کوردی جارێکی تر ئەوخەڵکە توشی نائومێدیەکی گورچکبڕتر ناکا؟ئایا بەغدای بەھێز خەوی پێدانی موچەی مانگانە بۆ فەرمانبەران دێنێتە دی ؟یان وەک ھێزی سیاسی بانگەشەی بۆدەکا بەغدای بەھێز مافە دەستوریە جێبەجێنەکراوەکانی کورد جێبەجێدەکا؟وەڵامی ئەوپرسیارانە گرنگن و بۆئەوەی ڕێگا دروستەکەی خەباتی مەدەنی بۆ خەڵکی کوردستان ڕون بکرێتەوە .

لە پێناو ڕوو ھەڵماڵین لەدروشمە پۆپۆلیستیەکانی کەسان وھێزە سیاسیەکان وەڵامی زانستیانەی ئەوپرسیارانە گرنگن ،ھەتا چیتر موعاناتی خەڵکی کوردستان نەکرێتە قوربانی ئامانجی بەدیھێنانی خواستە کەسی و تایبەتیەکان.

لێرەدا بەکورتی ھەوڵ دەدەم سەرنجی خۆم لەسەر مژارەکە دەربڕم وخۆزگە بابەتەکەش دەبوە جێی مشت ومڕو دایەلۆگی ڕۆشنبیروسیاسەتمەداران بەتێڕوانینە جیاوازەکانەوە . 
ئەگەر سەیرێکی سەرەتای ڕوخانی سەدام و پێگەی کورد لەبەغداو دۆخی ئەوکاتی بەغدابکەین ،دەبینین کورد لەوپەڕی پێگەی بەھێزدابوو ،ھەم لەبەغدا وەھەم حکومەتی ھەرێم جێگای ئومێدی زۆرینەی خەڵکی کوردستان بوو .نێوانی پارتی ویەکێتی زۆر باش بوو ،ڕێکەوتننامەی ستراتیجی لەنێوانیان ھەبوو کۆمەڵ ویەکگرتوو سۆشیالیست بەشداری حکومەتی ھەرێم بوون ،لەبەرانبەریش بەغدای لاوازی گیرۆدەی دەستی تیرۆروشەڕی تائیفی وگەندەڵی ھەبوو .

لەبەغدا مام جەلال نمایندەی کوردی دەکرد کەجێگای پێزانینێکی گەورەی شیعەوسوننەو تورکمان وسەرجەم پێکھاتەکان بوو ئەوە جگە لە پشتگیریکردنی لەلایەن ئەمەریکاوئێران و تەنانەت تورکیاو سعودیەش .لەو دۆخەی ئەو عێراقەدا،کەپارسەنگی ھاوکێشەی ھێزی ھەولێرو بەغدا زۆر بەلای کورددا شکابۆوە ،ئایا کورد توانی مافەدەستوریەکانی خۆی وەرگرێ؟بێگومان نەخەیر  سەبارەت بەمادەی سەدوچل تەنانەت مەخموریش نەتوانرا بگەڕێتەوە سەر ھەرێم.کێشەی زەوی وزاری جوتیارەکانی کورد لەکەرکوک وناوچەکوردستانیەکانی تر نەک ھەر چارەسەرنەکراوە ئەوەتا بەیاسا جارێکی تر ڕوو بەڕووی تەعریب دەبنەوە .

یاسای نەوت وغاز دەرنەکرا و یاسای دابەشکردنی داھاتە فیدراڵیەکان و دەیان مادەیی دەستوری ھەن کەلەبەرژەوەندی کوردن ھیچیان جێبەجێنەکران ،بەڵکو ھێزی دیجلە دروستکراو ھەڕەشەی لە سنورەکانی ھەرێم پێدەکرا .باشە ئەوەی ئەوکات کورد لەو دۆخە بەھێزە پێی نەکرابێ ئایا دەکرێ ئەوەی بەغدایەکی پەرتەوازەو گیرۆدەی شەری تائیفی بۆکوردی نەکردبێ  ئێستا بەغدایەکی بەھێز بیکا؟ ئایا ئەوەی کورد بە بوونی ڕەوانشاد مام جەلال لەبەغدا وەدەستی نەھێنابێ وتەنانەت مەخموری پێ نەگەڕێنرابێتەوە سەرھەرێم ،دەکرێ لەئێستای دۆخی کورددا کە کەس لەخراپیدا حەسودی پێ نابا ،بۆی بێتە دی ؟وەڵامی لۆجیکی دەڵێ نەخەیر ئومێد لەسەر بەغدا سەرابەو سەراب .

وەک دەڵێن ئەی چار؟ چار گەڕانەوەیە بۆ زیادکردنی فشارە مەدەنیەکان ، ھەتا پارتی ویەکێتی وگۆڕان ناچاردەکرێن کە دەست بە چاکسازی فیعلی لەداھاتی ھەرێمدابکەن و وازلەچاوبەستەکی خەڵکی کوردستان بێنن کەبەناوی چاکسازیەوە جگە لەبڕین وپێنەدانی موچەکانیان ھیچی دیکەیان نەبینیوە .

چارەسەر بنبڕکردنی گەندەڵیە لەھەرێم ودەستکردنە بە پەیڕەوکردنی حوکمڕانی دروست ،نەک دروستکردنی ئومێدێکی سەرابی ،لەسەر بەغدای بەھێز.


PM:12:01:24/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 2964 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی