پۆپۆلیستی لەسەردەمی قەیراندا

‌دڵشاد عەبدولڕەحمان

ھەرچەندە پێناسەیەکی دیاریکراو بۆ پۆپۆلیستی نیە کەھەموان لەسەری ڕێک کەوتبن، بەڵام ئەوەی دەکرێ کۆدەنگی لەسەربێ ئەوەیە، کە پۆپۆلیست ئەوکەس و ڕێکخراو و حزبانەن کە خۆیان واپیشان دەدەن کەنوێنەرایەتی گەل و خەڵک دەکەن و بەرگری لەمافەکانیان دەکەن، دژ بە دەستەبژێری دەسەڵات. لەواقیعدا پۆپۆلیستەکان کاتێک دەگەن بەدەسەڵات لەوبەڵێنانە پەشێمان دەبنەوەو پشت دەکەنە دەنگدەرانیان.

لەکوردستان، لەدوای دروست بونی بزوتنەوەی گۆڕان، یەکێتی و پارتی ئەو بزوتنەوەیان بە بزوتنەوەیەکی پۆپۆلیستی تۆمەتباردەکرد، لەوکاتەوە تائێستا ئەو تۆمەتە ڕووبەڕووی زۆر لایەن وتەنانەت کەسانی سەربەخۆش دەکرێ و ھەندێ لەولایەنانەش بەشێکن لەدەسەڵات و بەپۆپۆلیست ناودەبرێن.

باشترین زەمینەی گەشەکردنی پۆپۆلیستی بوونی قەیرانە ئنجا ئەوقەیرانە دارایی بێ، سیاسی بێ، تەندروستی بێ.....

خۆئەگەر سەیری دۆخی ئێستای کوردستان بکەین بەداخەوە لە قەیراندا نقوم بوە، ھەربۆیە دیاردەی پۆپۆلیستی بەشێوازی جۆراوجۆر ناوبەناو دەردەکەون و بەھەڵگرتنی کۆمەڵێک دروشم، ماوەیەک خەڵک سەرقاڵ دەکەن و ئومێدێکی نەزۆک و بەدینەھاتویان دەخەنە بیرو زھنەوە و ھەرزووش لەبیر دەچنەوە، بەداخەوە لەبەر کەمی ڕۆشنبیری گشتی و گرانی و قورسی قەیرانەکان، زۆرجار خەڵکێکی زۆر بەبەشێک لە ڤۆشنبیرەکانیشەوە دەکەونە داوی ئەوپۆلۆلیستانەو بەکوردی وبەکورتی دەگەوجێندرێن، نەک ھەرئەوە زۆرجار کەسانی دڵسۆز لە پێگەی سیاسی بەرزیشەوە لەبەرنەبونی ئەزمون یان ھۆکاری تر دەبنە دەمڕاستی پۆپۆلیستە حەقیقیەکان.

ئەوەی ئێستا گەرمە باسکردنی گواستنەوەی موچەی فەرمانبەرانە بۆبەغدا، بەدەرلە ڕەوایەتی ئەوداخوازیە، ئەوانەی ئەودروشمەیان بەرزکردوه‌تەوە دەزانن جێبەجێکردنی مەحاڵە لەبەر کۆمەڵێک ھۆکار کەئێرە شوێنی باس کردنیان نیە، بەڵام دەبینین میدیای ئەژمارکراو یان نزیک لەجەنابی سەرۆک کۆمارو پەرلەمانتاری نزیک لەو، بانگەشەی ئەو ھەنگاوە دەکەن (کەمن بۆخۆم گومانم لەدڵسۆزی ئەوپەرلەمانتارە بەڕێزە نیە) ئەو ھەڵمەتی گواستنەوەی مووجەیە بۆبەغدا جگە لە گەوجاندنی خەڵکی بەشمەینەتی کوردستان و چاندنی ئومێدێکی ھەرگیز بەدی نەھاتو لەناخی فەرمانبەرانی بێ مووچەی ھەرێم، شتێکی دیکە نیە.

ئەمڕۆ فەرمانبەرانی کوردستان وەک ئەونقوم بوەیان لێھاتوە کەبەدوای چڵە پوشێکدا دەگەڕێ بۆئەوەی دەستی پێوەبگرێ و نەخنکێ، ئەو پڕۆژەی گواستنەوەی موچە لەھەرێمەوە بۆبەغدا بەھای ئەو چڵەپوشەشی نیە.

لەکۆتایدا دەڵێم، خەڵکی کوردستان چۆن شایستەی حوکمێکی زۆر شایستە ترن لەم حوکمەی ئێستا، ئاوەھاش شایستەی ئەوەنین ھەر جارەی بەجۆرێک نەھامەتی و قەیرانەکانیان بەکاربھێندرێن بۆ خەڵەتاندنیان.


PM:12:52:16/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی