کێ شوێن گرەوەی دەسەڵاتدارانی ئێستایە؟

‌دڵشاد عەبدولڕەحمان


لەزۆرێک لەو وڵاتانەی شۆڕش یان ڕاپەڕین یان خۆپیشاندانی جەماوەری ڕوودەدەن و دەبنەمەترسی لەسەر ڕاماڵینی دەسەڵات، ئەوپرسیارە لەلای زۆرینەوە دێتەگۆڕێ کە کێ شوێنگرەوەی دەسەڵاتدارەکانە؟ زۆربەی جارەکان وەڵامی ئەم پرسیارە دەست ناکەوێ چونکە سەرکردایەتیەکی دیاری باوەڕپێکراوو ئامادە بۆئەو ڕاپەڕین وخۆپیشاندانانە نین .لەڕاستیدا پرسیارەکەو نەبوونی وەڵامێکی گونجاو دەمانگەیەنێتە ئەوڕاستیەی کە لەھەموو ئەو ڕاپەڕین وخۆپیشاندانە جەماوەریانەدا ڕاستتر وایە کەلەباتی گەڕان بەدوای بەدیلی دەسەڵاتدارەکان وگۆڕینیان بەکەسانی دیکە (کەنازانین لەئایندەدا ئەوانیش نابنە میراتگری ھەمان جۆری حوکمڕانی) ڕاستتر وایە داوای گۆڕینی جۆری حوکمڕانی بکرێت و ھەنگاوبەھەنگاو توێژی دەسەڵاتدار ناچاربکرێت کە ھەنگاوی جددی وکردارەکی بنێت بەرەو حوکمڕانی دروست.

بەواتایەکی تر چاکسازی و ڕیفۆرم لەناو خودی دەسەڵات گونجاوترو پەسەند ترە بۆبنیاتنانی حوکمڕانیەکی دروست ولەبەرژەوەندی گەل وجەماوەری ناڕازیدایە نەک گۆڕینی توێژێکی دەسەڵاتداری گەندەڵ بەتوێژێکی تری گەندەڵ کە لەزۆر شوێن وکاتی جیاجیادا سواری شەپۆلی ناڕازیەکان دەبن وبەناڕەوا دەبنە دەمڕاستی جەماوەرو لەکۆتایشداوڵات وخەڵک دەبنەقوربا نی دەسکەوت و وەدەستھێنانی دەسەڵات لەلایەن ئەوتوێژە نوێ یەی دەسەاڵات. چاوخشاندنەوەیەک بە دەرەنجا می شۆڕش و ڕاپەڕین وخۆپیشاندانە جەماوەریەکانی گەلانی عەرەبی وئێران وئەفغانستان وتەنانەت وڵاتانی ئەفریقی وئەمەریکای لاتینیش (جگە لە یەک دوو وڵات) ڕاستی ئەو بۆچونەمان دەسەلمێنێ. کەواتە لەدەرەنجامدا دەگەینە ئەو ڕاستیەی کە پێویستە چی دیکە خوێن وگیان ودەرامەتی خەڵکی نەبنەقوربانی داخوازی گۆڕینی توێژی دەسەڵاتدار ،بەڵکوئامانجەکان ببنە گۆڕینی جۆری حوکمڕانی بەبەشداری توێژەدەسەڵاتدارە کە و نوێنەرانی ڕاپەڕین وخۆپیشاندەرەکان کە ئەوەش ھەنگاوبەھەنگاو دەکرێ و ھەم داوایەکی واقیعیەو ھەم سەقامگیری دەپارێزێ وھەمیش نامانخاتە بەردەم تونێلێک کەئەوسەری دیارنیە، کەواتە دەبێ ھەموان بگەینە ئەوڕاستیەی کە ئەوەندەی گرنگە ئەوەیە کە چۆن حوکمڕانی دەکرێ نەک کێ حوکمڕانی دەکا.

ئەوھەنگاوانەی لەلایەن توێژی دەسەڵاتداری عێراقیش لەئێستاوچەند ڕۆژی ئایندەدا دەگیرێتە بەرڕاستی ئەوبۆچوونە دەسەلمێنێ ،بۆیە زۆر گرنگە جەماوەری ڕاپەڕیوی عێراق دەرک بەوڕاستیەی سەرەوەبکات وبەوھەنگاوانەی دەسەڵات ڕازی بێ وھەتا ڕاپەڕینەکەی لەبارنەچێ و لانی کەمی بەرھەمی خوێنی ڕژاوی خۆپیشاندەران بچنێتەوە.


PM:03:56:28/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 4044 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی