‌نەمانی متمانە و رووخانی دەسەڵات...
PM:12:13:26/09/2015
لوقمان مصطفی صالح

کاتێک خەڵکی متمانەی بە حیزبە سیاسیەکان و کەسایەتیە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵـگەی مەدەنی و حکومەت، نامێنێت، لە بەر ئەوەی پێیان وایە پارتە سیاسیەکان ئەوەندەی لە بەرژەوەندی خۆیان هەوڵدەدەن و کاردەکەن ئەوەندە بۆبەرژەوەندی وخۆشگوزەرانی خەڵکی کوردستان  هەوڵ نادەن،ئەوەندەی حیزبە سیاسیەکان خەریکی ناشیرنکردنی سیاسەت و خراپ بە کارھێنانی سیاسەتن،تا کار گەیشتۆتە ئەو ئاستەی بەشێک لە هاوڵاتیان پێیان وایە سیاسەت ئاولەژێرپێ کردنەوتەنها درۆیەکی شاخدارە،ئامانجەکەی قازانجێکی بازرگانیەوهیچیتر،ئاخر کە دەبینن حکومەت و سیاسیەکان بەڵێن بە خەڵکی دەدەن و دواتر ھیچ ئەنجامێکی نابینن چۆن متمانەیان بمێنێت!.

لە سیاسەتیشدا ئەگەر رەوشت وەک پێویست نەبوو ئیتر دەسەڵاتداران بە ئارەزوی خۆیان بەڵێن دەدەن و جێبەجێی ناکەن،دەشبێت بزانین کە بۆچی پێویستە بە رەوشت بین و ئەخلاق وەک ھۆکارێک سەیرکەین،چونکە ئەگەر رەوشت لەهەرکایەیەکی سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی ...هتد ھەبووئەوا دەسەڵاتداران بەڵێنێک نادەن کە جێبەجێی نەکەن،ئەوکات خەڵکیش لەگەڵ یەکتردا زیاتر راستگۆدەبن و ئەو کاتەش متمانە بە یەکتر دەکرێت.

لە هەلومەرجی ئەمڕۆی کوردستاندا پێویستمان بە نوێکردنەوەی میکانیزمەکانی پەیوەندی نێوان دەسەڵات و خەڵکدا هەیە. دەسەڵاتی کوردستانیش بە پەرلەمان وحکومەت ودەزگای دادوەرییەوە، ئەرکی پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵ وپێشکەوتنی کۆمەڵایەتی وسەروەری یاسا، ودابینکردنی پێداویستییەکانی خەڵک، دەکەوێتە ئەستۆیەوە، لە هەمان کاتیشدا پاراستنی ئاسایش گشتی ئەرکێکی کۆمەڵگاییەو بەرپرسیارێتی گشتی خەڵکە. فراوان بوونی دیموکراسی سیاسی لە کۆمەڵدا، وفراوان کردنی بواری ئازادییە سیاسییەکان وبوارەکانی ڕادەڕبڕین بە شێوازی جۆراوجۆری دیموکراسیانە، ئەو زەمینەیە وئەو پێداویستییانە دەخوڵقێنن بۆ ئەوی دەسەڵات ئەرکی خۆی بەئەنجام بگەیەنێ.

  کاتێک متمانە لە نێوان هاوڵاتی و دەسەڵاتدا دێتە کایەوە کە دەسەڵات لە ڕێگای دامودەزگاکانییەوە لە هەوڵی ئەوەدابێت باشترین خزمەتگوزاری بە هاوڵاتیان پێشکەش بکات و خواست و ئاوات و پێویستییەکانیان دابین بکات و هاوڵاتی هەست بە جیاوازی و نادادپەروەری نەکات و مافی هاوڵاتیبوونی پارێزاراو بێت و دەنگی بیستراوبێت و مافی ڕادەربڕین و دەنگدانی بە ئازادی و بەبێ ترس و هەڕەشە و نانبڕین هەبێت..

ئەوەی دەبێتە مایه‌ی لەدەستدانی متمانەی هاوڵاتی بە دەسەڵاتی سیاسی ئەوەیە، کاتێک بەرپرسان و سیاسەتمەداران بەڵێن و پەیمان دەدەن و دووبارە و دەبارەی دەکەنەوە بە بێ هێنانەدی بەڵێنەکانیان. بۆ نموونە باس لە ئازادی ڕادەربڕین و هەڵبژاردنی ئازاد و سەروەری یاسا و عەدالەتی کۆمەڵایەتی دەکەن و پەیمان بە هاوڵاتیان دەدەن کە دیموکراسی پەیڕەو بکەن، بەڵام لەسەر ئەرزی واقیعدا ئەو بەڵێنانە بوونی نییە و هاوڵاتی هەست بەوە دەکات ئەو بەڵینانە تەنیا خوڵکردنەچاو زیاتر هیچیتر نییە، کە دەبینرێت دەزگاکانی حکومەت و میدیا و داهاتی نیشتمانی لەلایەن حیزبەوە قۆرخ دەکرێت و خزمخزمێنە و تەزکییەی حیزب دەخرێتە پێش توانا و لێهاتووییەوە بۆ دامەزراندن لە دەزگا فەرمییەکاندا،ئەوا بێگوومان دەسەڵات متمانەی خۆی لەدەست دەدات وهاوڵاتیش بیر ە رێگا چارەی دیکە دەکاتەوە.
 دەسەڵات کاتێک دەتوانێت متمانەی هاوڵاتیان بەدەست بێنێت کە وەڵام بە داواکاری و دەنگی ناڕەزایەتییان بداتەوە و بەکردەوە نەک تەنیا بە بەڵێن و وتاری بریقەدارو بە رازاندنەوەی مانشێتی رۆژنامەکان..

هاوڵاتی کە متمانەی بەدەسەڵاتی سیاسی نەما، ئامادە نابێت گوێ رایەڵی  فەرمان و داواکارییەکانی دەسەڵات بێت، لە بری هاوکاریکردن زۆر جار پەنا دەباتە به‌ر سەرپێچکردن و ناڕەزایەتی دەربڕین، بە ڕه‌خنەگرتن و میتینگ وخۆپیشاندان. بۆیە دەتوانین بڵێین متمانەی هاوڵاتییان بە دەسەڵات شەرعییەتدانە بەو دەسەڵاتە، بە پێچەوانەشەوە کاتێک هاوڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵات نامێنێت، ئەو دەسەڵات لە لایەن هاوڵاتییانەوە بە دەسەڵاتێکی سەپێنراو و ناشەرعی دیکتاتۆر دەناسرێتەوە.
نەهێشتنی قەیرانی متمانەی خەڵک بە دەسەڵات وحزبە سیاسییەکانەوە، دەبێ لە ڕێگای بایەخدانی حزبی سیاسی بەو بەرنامەیەی کە لە هەڵبژاردندا ڕایدەگەیەنێ، وکارکردنی نوێنەرانی لە پەرلەمان ودامەزراوە هەڵبژێردراوەکاندا لە سەر ڕۆشنایی ئەو بەرنامەیەوە بێت.

شایەنی ئاماژە پێکردنە، متمانە لە نێوان ئەندامانی کۆمەڵانی خەڵک و لە نێوان هاوڵاتیان و دەسەڵاتی سیاسی لایەنێکی گرنگی سەرمایەی کۆمەڵایەتییە لە پاڵ بەها و مۆڕاڵ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکاندا، کە کاریگەری هەیە لەسەر گرێدانی پەیوەندی لەنێوان تاکەکانی کۆمەڵدا.
بۆیە پێویستە دەسەڵاتی سیاسی بایەخ و گرنگی تەواو بدات بە سەرمایەی کۆمەڵایەتی وەک سەرمایە جۆراوجۆرەکانی تری وڵاتدا.

پێویسته‌ هه‌وڵی ئه‌وه‌ بدرێت دیالۆگی راستەقینە دروست بێت له‌ نێوان حکومه‌ت و جه‌ماوه‌ر له‌ رێگه‌ی ده‌سه‌لآتی په‌رله‌مانه‌وه‌ که‌ زوبان حاڵی چین وتوێژه‌کانی ئه‌و خه‌ڵکه‌ن ، هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ رێگه‌ی ده‌ربڕینێکی شارستانی و دروسته‌ له‌ بری توند و تیژیی که‌ به‌ر له‌ هه‌موو شتێک ماڵ وێرانیی ته‌واوی به‌دواوه‌یه.



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.