ئەو"یاسا "یانەی حەشدی شەعبی وحەرەس قەومیان کرد بە کەڵەگا

‌ لوقمان مصطفی صالح



هەرچەندە پێشتر ئەم ووتارەم لە ئاکاونتەکەی خۆم وچەند پەیجێک بڵاوکردبۆوە،بەڵام بە هۆی گرنگی بابەتەکە و هەندێ گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی بابەتەکەد،بەپێویستم زانی دووبارە بڵاوی کەمەوە،لەگەڵ ڕێزم  بۆهەموان.

ئەگەرچی یاسا واتایەکی یەکگرتووی جیھانی نییە،بەڵام یەکێک لە واتاکانی یاسا ئەوەیە کە سیستەمێکە لە دەستوور و ڕێساکان کە بە دەستی ڕێکخراوێکی دەوڵەتی بۆڕێکخستن و بەڕێوەبردنی ڕەفتارەکانی  ئەندامانی کۆمەڵگا بەکار دەبرێت.

بەڵام،،ئەوسەیروسەمەرەیەی لەدەستورو یاساکانی عێراقداهەیە دەربارەی بە یاسایی کردنی میلیشیاتی بەربەری وچەتەگەرێتی،کە بەبەرنامەو پیلان بۆ داڕێژراو بەزۆر جێی کراوەتەوەو یاسای تایبەتیان بۆ دەرچواندووە،ڕێک پێچەوانەی دەستورو یاسای ووڵاتانی دیکەی ناوچەکەیە،چونکە بەڕاستی گاڵتەجاڕیەکی تەواوەو لە خزمەتی پێکهاتەیەکی دیاری کراودایە، لەسەردەمە جیاوازەکاندا لەسەر دەستی نەتەوەی سەردەست هەمیشە بۆ خزمەتی خۆیان بەکاریان هێناوە.! 

عەرەبە شۆڤێنیەکان بە عەرەبی سوننە و شیعەوە، پێیانوایە دەوڵەت تەنیا بۆ ئەوانە، بۆیە بەلایانەوە ئاساییە، یاساكانی ئەو دەوڵەتە كورد نەپارێزێ،لەپاڵ سوپاکەشیانەوە میلیشیای چەكدارییان دروستكردووە،كە تەنیا عەرەبی لە عێراق پاراستووە، یاسایان بۆ میلیشیا چەكدارییەكان دەركردووە و پشتیوانیی دارایی دەوڵەتیان بۆ فەراهەم كردوون، وەك یاسای (حەرەس قەومی) لە 1963 سەردەمی دەسەڵاتی عەرەبی سوننە و یاسای (حەشدی شەعبی) لە 2016 سەردەمی دەسەڵاتی عەرەبی شیعە، تاوانەكانی حەرەس قەومی لە یادگەی خەڵكی كوردستان ماوە، ئاراستەی كاری حەشدی شەعبیش دیارە.

لەم باسەماندا تیشک دەخەینەسەر دویاسا،(یاسای حشدی شەعبی و یاسای حەرەس قەومی)کەچۆن وبۆچ مەرامێک خزاندویانەتە ناودەستورو یاساکانی عێراقەوە.

حەرەس قەومی:- ئەم هێزە کەلەدوای کودەتاکەی ٨ی شوباتی ساڵی ١٩٦٣ کەچۆن میلیشیایەكی سەرەتا بێسەرەو بەرەی پەلامار دەرو شەڕفرۆش بونەو بەچی شێوەک  بەربونەتە  ناو بەغداو هەرچی نەشیاوە كردویانە ، لە پەلاماردانی خەڵك و كوشت و بڕو سوكایەتی بە ئازادی خوازان پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق .

حكومەت لە ئاكامی زۆری ستەم و دەستدرێژی ئەوان  زیاتر بۆسەرحیزبی شیوعی و ئۆپۆزسیۆن و خەڵكی مەدەنی لەوکاتەدا،هەر بۆیە ناچاربوون  بە یاسایەك رێكیان بخەن و بەرگێکی یاسایی بکەن بەبەریانداو هێرش وپەلامارەکانیان بۆ سەرخەڵکی پاڵپشت بەیاسایەک بێت ولەهەمان کاتیشدا مافەکانیشیان وەک هێزێکی سەربازی پارێزراوبێت ووەک سوپایەکی نیزامی عێراق حیسابیان بۆ بکرێت. 

ئەو یاسایە بە یاسای ژمارە 35 ی ساڵی 1963 ناسراوە، یاساكە لە 18 – 5- 1963 دەرچوە و بریتیە لە 14 مادە ، لەو یاسایەدا سنور بۆ كاری حەرەس قەومیەكان دانرا، بەڵام وەك هێزێكی خۆبەخشی نیشتمانی ناسێنرا .

لە مادەی دووی ئەو یاسایەدا هاتوە ” حەرەس قەومی هێزێكی میللی رێكخراوی مەشق پێكراوە لە سەر بەكارهێنانی چەك، گەل خۆی دروستی كردوە تا ژیانێكی سەربەست و ئازادانە بژی ، ئەركەكانی :

یەكەم :-  پاراستنی سەرهەڵدانی عەرەبی لە ئێراق و نەخشەكێشانی رێگای شۆڕشێكی پێشكەوتوخواز .
دوەم :-  هاوكاری هێزی سەربازی لە كاتی شەڕو پەلاماری دەرەكی
سێیەم :-  بەشداری لە پاراستنی ئاسایشی ناوخۆ. 
چوارەم :-  بەشداری لە كردەكانی بنیاتنانەوەو بنیادنانی ئابوری و كۆمەڵایەتی 
پێنجەم :-  هەستان بەو كارانەی بۆی دیاری دەكرێ‌ لە شوێنی دیكەوە یان سەرپشكی دەكەن .
لە مادەی سێیەمدا هەر بە خۆبەخشی ئێراقی ناوەستێ‌ كە لەو هێزە وەردەگیرێن، خاڵی جیم دەڵێ‌ خۆبەخشی وڵاتانی عەرەبیش دەتوانن كاری تیابكەن بە مەرجی رازی بوونی سەرۆكایەتی ئەركانی سوپا . ” دەقی یاساكە لە بەڵگەنامەكاندا هەیە بە زمانی عەرەبی و كوردی "
بەڵام ئەم حەرەس قەومیانە نەك نەبونە هۆی ئاشتی و ئارامی بگرە هەموو وڵاتیان پڕ كرد لە كێشەو ململانێ‌ و ستەمكاری.
بەهەمان شێوە لەدوای زیاتر لەنیو سەدە بۆ جارێکیتر مێژوی رەشی هەمان  بۆچون وعەقڵیەت هێزێکی توندرەوی داپلۆسێنەری وەک حەرەس قەومیان هێنا بەناوێکتر ناویان لێنان (حشدی شەعبی) یاسایەکیان بۆ دارشت بۆ خزمەتی هەمان نەتەوە ،هێنایانەوە مەیدان، ئەم جارە نەک تەنها وەک نەتەوەیەکی ڕەگەزپەرست دەرکەوتنەوە بەڵکو بە شێوەی توندڕەوەی شیعە مەزهەبیشی هاتەسەر،بە پشتگیری دەوڵەتێکی هەرێمی وناوخۆیی، کەشیعەگەرایی تێدا باڵادەستە، پرۆژەیاسای حەشدی شەعبیان هێنایە مەیانەکەو بۆ چەند مەبەستێکی تایبەتی وشەری سونەو کورد بەتایبەتی لە ئایندەدا پێبکەن.
دەقی یاسای حەشدی شەعبی:
مادە-١-
دەزگای حەشدی شەعبی کە پێکهێنرا بەپێی ژمارە (٩١) لە ٢٤/٢/٢٠١٦ پێکهات ( یتمتع بالشخصیە المعنویە) وەدەبێتەبەشێک لەهێزە چەکدارەکانی عێراق،واتە دەبێت بەبشێک لە سوپای عێراق وپەیوەست دەبێت بە  سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراقەوە. 
مادە-٢-
ئەوەی کە هاتوە بە بڕیاری سەرۆکایەتی دیوان ژمارە (٩١) بەشێک دەبێت لەمانەی خوارەوە:-
یەکەم-  دەبێت حەشدی شەعبی پێکهاتەیەکی سەربازی سەربەخۆبێت وهەروەها بەشێکیش بێت لە هێزی سەربازی عێراقی و پەیوەست دەبێت سەرۆکی فەرماندەی هێزەچەکدارەکانی عێراق.
دوەم-  ئەو پێکهاتەیە لە سەرکردایەتی،ئەنجومەنی سەرکردایەتی و لیواو هەموبەشەکانی سەربازی دەگرێتەوە.
سێیەم-  ئەو کەسانەی کە سەربەم پێکهاتەیەن(حەشدی شەعبی) مل کەچ دەبن بۆ سەرجەم یاساکانی سوپای عێراقی بەسەرجەم لایەنیەکانیەوە،بێجگە لە مەرجی تەمەن.
چوارەم - هەموئەوکەسانی کە سەربەم پێکهاتەیەن،سەرجەم ریزبەندی پلەی سەربازیان وموچەوهەموئەرک ومافێکیان وەک سوپای عێراقی وایە.
پێنجەم-  ئەوکەسانەی کەسەر بەم پێکهاتەیەن نابێت هیچ کارێکی سیاسی وحیزبی وکۆمەڵایەتی بکەن لە ناو سوپاکەو لەدەرەوەی سوپاکە.
شەشەم-  دەبێت ئەم پێکهاتەیە کەلەسەرەوە باسکراوە بە هەمو بەشەکانیەوە لەماوەی سێ مانگدا تەواوبکرێت.
حەوتەم-  دەبێت لایەنی پەیوەندیدارجێبەجێی سەرجەم ئەم بڕگەومادانەبکات
مادە-٣-
حەشدی شەعبی لەهەموچین و توێژەکانی گەلانی عێراق پێک دێت بەپێی مادە - ٩- لەدەستوری عێراقی.
مادە-٤-
جوڵەپێکردنی هێزەکان وبڵاوە پێکردنیان ودابەشکردنیان لە پارێزگاکانی عێراق لە ژێرفەرمانی سەرۆکی هێزەچەکدارەکاندایە بە تەنها.
ئەگەر بەراوردێکی هەردوهێزە درووستکراوەکەبکەین کەلەڕووی ستەم و زوڵم وزۆرداری وکوشتن وتاڵان وبڕۆییدا یەک جمکن ولەهەناوی یەک دایکەوە هاتونەتە دەرەوە کە ئەویش( عروبە)یەوبەس، بەڵام بە میتۆدی جودا.

 هەروەها ئەگەربەراوردێکی هەردو یاساکە بکەین ئەوا زۆر بە ڕونی بۆمان دەردەکەوێت:-  کەهەردو یاساکە هەرچەندە لە دوو مێژوو و زەمەنی جیاوازدا دەرچوەو چۆنە تە بواری جێبەجێکردنەوە،هەروەها  برگەو مادەکان لەڕوی شێوەوە جیاوازە، بەڵام لەناوەڕۆکدا یەک واتاو یەک مەبەست دەدات بەدەستەوە،لە بەر ئەوەی کە لە خزمەت یەک نەتەوەدایە و بۆ سەرکوت کردنی نەیارەکانێتی، نەک خزمەتێک بێت بە دانیشتوان و پێکهاتە جیاجیاکانی عێراق.

تێبینی: هەرچەندە پێشتر ئەم ووتارەم لە ئاکاونتەکەی خۆم وچەند پەیجێک بڵاوکردبۆوە،بەڵام بە هۆی گرنگی بابەتەکەو هەندێ گۆڕانکاری لە ناوەڕۆکی بابەتەکە،بەپێویستم زانی دووبارە بڵاوی کەمەوە،لەگەڵ ڕێزدا بۆ هەموان.


PM:01:13:11/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 1055 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی