بندیوار‌و مووچه‌خۆری وه‌همی
له‌شكر حه‌مه ساڵح
له چه‌ند مانگی كۆتایی ساڵی رابردووه‌وه تا ئێستا پرۆسه‌ی تۆماری بایۆمه‌تری له هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وامه. تۆماركردنی مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌رانی مه‌ده‌نی كۆتایی هاتووه، به‌ڵام تا ئێستا مووچه‌خۆران و ئه‌ندامانی هێزه ئه‌منی و سه‌ربازییه‌كان به‌رده‌وامه.
بایۆمه‌تری پرۆسه‌یه‌كی هاوچه‌رخی تۆماركردن و ناسینه‌وه‌یه، بژارده‌یه‌كی گرنگه بۆ دووباره نه‌بوونه‌وه و رێگریشه له به‌شێك له‌و فرت و فێڵانه‌ی ده‌شێت له‌و بواره‌دا بكرێن، به‌ڵام ئه‌گه‌ر به وردی قسه له‌سه‌ر ئه‌و پرۆسه‌یه بكه‌ین بۆمان ده‌رده‌كه‌وێت كه بایۆمه‌تری ناتوانێت به ته‌واوی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به مووچه و مووچه‌خۆران له هه‌رێمی كوردستان چاره‌سه‌ر بكات.
هه‌رچه‌نده تا ئێستا (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) زانیاریی وردی له‌سه‌ر ئه‌و تۆماری بایۆمه‌ترییه و ئه‌و ئه‌نجامانه‌ی تا ئێستا پێی گه‌یشتوون بڵاونه‌كردۆته‌وه، به‌ڵام به پێی ئه‌و ده‌ره‌نجامه‌ی له لێدوانی به‌رپرس و به‌ڕێوه‌به‌رانی به‌رنامه‌كه‌وه ده‌ستمان ده‌كه‌وێت، جگه له‌وه‌ی به‌رنامه‌كه به باشی ده‌ڕوات، به‌ڵام ئاماژه‌ی دڵخۆشكه‌ری پێ نییه بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌كان به ته‌واوه‌تی.
له باشترین حاڵه‌تدا بایۆمه‌تری به‌شێك له كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌كات، كه به داخه‌وه ئه‌و به‌شه‌ش به‌شه گرنگه‌كه نییه. واته ئه‌و به‌شه‌ی بایۆمه‌تری كه رێگه‌ی چاره‌سه‌ر ده‌دۆزێته‌وه مه‌سه‌له‌ی فه‌رمانبه‌ری بندیوار نییه، به‌ڵكو ده‌توانێت سنوورێك بۆ مووچه‌خۆری دووباره و وه‌همی دابنێت.
ئه‌مه‌ش له كاتێكدایه، به‌شێكی گرنگی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به مووچه‌خۆرانی هه‌رێمی كوردستان بریتییه له‌و فه‌رمانبه‌ر و مووچه‌خۆرانه‌ی به بندیوار داده‌نرێن و له رووی عه‌مه‌لییه‌وه هیچ به‌شدارییه‌كیان نییه، یاخود له پای ئه‌و مووچه‌یه‌ی وه‌ریده‌گرن كارێكی ئه‌وتۆ راناپه‌ڕێنن.
بێگومان بایۆمه‌تری پرۆسه‌یه‌كی گرنگه، به‌ڵام هه‌نگاوی یه‌كه‌مه، ئه‌و كاته بایه‌خێكی زۆر و گرنگی ده‌بێت كه به دوای خۆیدا هه‌نگاوی تر په‌لكێش بكات، ئه‌گه‌رنا ئه‌و گرنگییه كه‌مه‌ش له ده‌ست ده‌دات كه ئێستا هه‌یه‌تی.
ئه‌و زانیاری و داتایانه‌ی له‌م قۆناغه‌ی پرۆسه‌ی بایۆمه‌تریدا له فه‌رمانبه‌ران و مووچه‌خۆران كۆده‌كرێنه‌وه زانیاری و داتای سه‌ره‌تایین، به‌ڵام زانیاریی بناغه‌یین. به ئاسانی رێگری له دووباره بوونه‌وه‌ی ناو، نیشانه بایۆمهترییهكانی مرۆڤ له چاو و په‌نجه ده‌كات، به‌ڵام ناتوانێت زامنی ئه‌وه بكات كه ئه‌و كه‌سه‌ی ناوی له تۆماری بایۆمه‌تریدا تۆمار ده‌كرێت و یه‌كلایی ده‌بێته‌وه كه كه‌سێكه وجودی هه‌یه و ناویشی دووباره نییه له تۆماره‌كانی مووچەی هه‌رێمی كوردستاندا، فه‌رمانبه‌ر یان مووچه‌خۆرێكی بندیوار یان بێ كار و به‌رهه‌م نییه.
ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت زامنی ئه‌وه‌ی سه‌ره‌وه بكه‌ین ده‌بێت (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) رێ و شوێنی تری هه‌بێت تا لانی كه‌م هه‌نگاوی گرنگ بنێت بۆ كۆنترۆڵكردنی ته‌واوه‌تی تۆماره‌كانی مووچه، به شێوه‌یه‌كی ریشه‌یی چاره‌سه‌ر بۆ دووباره بوونه‌وه‌ی ناو، دووباره‌بوونه‌وه‌ی مووچه، مووچه‌خۆری وه‌همی، مووچه‌خۆری ناشایسته، مووچه‌خۆری بێكار و بندیوار بدۆزێته‌وه.
گوتاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌رنامه‌یه‌كی وه‌ك بایۆمه‌تری، گوتارێكه مشتومڕی زۆر هه‌ڵده‌گرێت، چونكه به‌رپرسی یه‌كه‌م و كۆتایی له‌و پاشاگه‌ردانی و بێ سه‌ر و به‌ره‌ییه‌ی له ژماره و قه‌باره‌ی مووچه‌خۆران و فه‌رمانبه‌راندا هه‌یه، (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) خۆیه‌تی نه‌ك كه‌س و لایه‌نێكی تر، ته‌نانه‌ت له رووی به‌رپرسیارێتییه‌وه (حكومه‌ت) به‌رپرسیارتره له ئاست ئه‌و كه‌سه‌ی مووچه‌خۆری بندیواره یان مووچه‌خۆری دووباره‌یه یان وه‌همییه و چه‌ند ساڵیشه ئه‌و مووچه‌یه به بێ شایسته‌یی و به‌بێ كارێكی گونجاو له به‌رامبه‌ردا، وه‌رده‌گرێت.
به پێی ئه‌و زانیاریانه‌ی هه‌ن بێ سه‌ر و به‌ره‌یی له ژماره و قه‌باره‌ی مووچه‌خۆرانی سه‌ربازی و ئه‌منیدا زیاتره له بواری مه‌ده‌نی، بێگومان هۆكاری سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ش چاوپۆشیكردنی (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) ه به‌رامبه‌ر به‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ی له بواری سه‌ربازیدا كار ده‌كه‌ن، بێگومان به‌شێك له‌و كه‌سانه‌ش ئه‌ركی پیرۆزی پاراستنی ئه‌م وڵاته و ناوی پیرۆزی پێشمه‌رگه و هێزه ئه‌منییه‌كانی تریان بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی تایبه‌تی خۆیان به‌كارهێناوه، بۆیه پێویسته (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) سووربوون و پابه‌ندبوونی خۆی به‌و بنه‌مایانه‌ی له بایۆمه‌تری مه‌ده‌نیدا ره‌چاوی كردون، له بایۆمه‌تری بواری سه‌ربازیشدا توند و تۆڵ تر ره‌چاویان بكات.
به گوێره‌ی ئه‌و زانیاریانه‌ی تا ئێستا بڵاوكراونه‌ته‌وه، له كۆی نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن و 400 هه‌زار مووچه‌خۆر له هه‌رێمی كوردستان، نزیكه‌ی یه‌ك ملیۆن مووچه‌خۆری مه‌ده‌نی خۆیان له بایۆمه‌تری تۆمار كردووه، ناوه‌كانی دووباره‌ش كه‌متره له 30 هه‌زار كه‌س كه ده‌كاته رێژی 3% كه ئه‌وه‌ش رێژه‌یه‌كی زۆر كه‌مه به‌راورد به‌و پاشاگه‌ردانییه‌ی له‌و بواره‌دا هه‌یه. به‌و جۆره‌ش بایۆمه‌تری سه‌ربازی نزیكه‌ی 400 هه‌زار مووچه‌خۆری هه‌یه، به هه‌ردوو بواری خزمه‌تی فیعلی یان خانه‌نشینی سه‌ربازی و تا ئێستا نازانرێت له‌و ژماره‌یه چه‌ندی مووچه‌خۆری وه‌همییه یان دووباره‌یه.
ئه‌وه‌ی ده‌مێنێته‌وه ئه‌وه‌یه كه بایۆمه‌تری ده‌توانێت چاره‌سه‌ری مووچه‌خۆری دووباره و ناوی وه‌همی بكات (كه رێژه و قه‌باره‌یان كه‌مه) به‌ڵام ناتوانێت مووچه‌خۆری بندیوار و بێكار و بێ به‌رهه‌م ده‌ستنیشان بكات، واته ده‌بێت بپرسین، (حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان) چ به‌رنامه و پلانێكی هه‌یه بۆ دۆزینه‌وه‌ی مووچه‌خۆری بندیوار و بێ به‌رهه‌م و بێكار كه رێژه و ژماره و قه‌باره‌یان زۆر گه‌وره‌تره له‌و مووچه‌خۆرانه‌ی دووباره‌ن یان مووچه‌ی ناوی وه‌همی وه‌رده‌گرن؟
PM:04:04:15/03/2017
ئه‌م بابه‌ته 2510
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی