ژیان و رۆژی خۆشەویستی

‌ ئه‌رشه‌د ته‌حسین


وەك زۆربەی كایەكانی تری ژیان, رۆژێك بۆ خۆشەویستی تەرخان كراوە و ساڵانە لەو رۆژەدا یادی دەكەنەوە و باس و خواسی خۆشەویستی گەرم دەكەن, لێرەدا نامەوێ باسی ئەو رۆژە و چۆنیەتی هەڵبژاردن و ناونانی بكەم, بەڵكو مەبەستمە بڵێم دیاریكردنی تەنها رۆژێك بۆ بوارێكی گرنگی ژیان نادادپەروەری تێدایە, نەخوازە بوارێكی گرنگی وەك خۆشەویستی كە شەوەزەنگی ژیان رووناك دەكاتەوە و بزوێنەرێكی گرنگی ژیانە, ئاخر گەر خۆشەویستی نەبێت ژیان لە بیابانێكی كاكی بەكاكی دەچێت كە هیچی تێدا سەوز نەبێت, لە هەر كایەیەكی ژیان دا گەر خۆشەویستی رابەر بێت, هەركات بە تۆوی خۆشەویستی كێڵگەی كارەكانت تۆو دا, ئەوا ژیان بە تریفەی بەختەوەری رازاوە دەبێت.

 دیاریكردنی تەنها رۆژێك بۆ خۆشەویستی, گرنگیدان و خستنە بەرباسی خۆشەویستی لە تەنها رۆژێكدا, ناهاوسەنگیە, ئەی رۆژەكانی تر چی؟, ئاخر كاتێك مرۆڤ لە خۆشەویستیدا دەژێت خۆی لەبیر دەكات و دەچێتە ناخی خۆشەویستەكەیەوە, جا گەر ئەو خۆشەویستەی مرۆڤ یان هەر شتێكی تر بێت, چونكە دەكرێت مرۆڤ كارەكەی, خاكەكەی, چواردەوری و تەنانەت زۆركات مرۆڤ گوڵێكی خۆش دەوێت و ئاوی دەدات, لە خۆشەویستی راستەقینەدا مرۆڤ خۆی نابێت و لە ئەوی تردا دەژێت, چونكە خۆشەویستی لە ناخەوە كارت تێدەكات, خۆشەویستی یان خۆشەختت دەكات یان بەدبەخت شتێكی تر نیە, كەواتە لە وەها هەستێكی گرنگی پڕ كاریگەریدا تەنها رۆژێك بۆ گرنگیدان و باس و خواس كردن, بۆ گۆڕینەوەی گوڵی سوور و نوێكردنەوەی پەیمان گونجاوە؟, بێگومان نەخێر ئەوە بچوك كردنەوەی خۆشەویستیە و هیچی تر.

 چ سەیرە, لەتەنها رۆژێك دا خۆشەویستی كورت بكرێتە و تەنها یەك رۆژی بۆ تەرخان بكرێت, ئاخر خۆشەویستی كوا كات و شوێن دەزانێت؟, كە هات خۆشت نازانی چۆن و كەی و لەكوێوە دێت و لەناخەوە چۆنت رادەتەكێنێت و چ كاریگەریەكت لەسەر دروست دەكات, عەشق یان دەتكات بە زانایەكی مەزن یان شێتێكی دانا, چەند كەست بینیوە لە ژیان دا كە هێندە عاشقی كارەكەیەتی توانای دەست بەرداربوونی نیە, هێندە خاكەكەی خۆش دەوێت شەیدایانە لە پێناویدا خۆی دەكاتە قوربانی, یان هێندە شێت و شەیدای یارەكەیەتی كە تەنها چاوی ئەو دەبینێت, ئەوە خۆشەویستیە كە هەژموونی هەیە بەسەر تەواوی كایەكانی ژیان دا و بۆ هەموو كات و سات و سەردەمێكە نەك تەنها رۆژێك و بچوك كردنەوەی لە یەك رۆژدا.

خۆشەویستی وەك هەست, وەك بنەمایەكی پیرۆزی ژیان, مایەی ئاسوودەیی و بەختەوەرییە, مایەی گەیشتنە بە پلەی كامەرانی, ئەو خۆشەویستیەی باسی دەكەین پەیوەندی پتەوی نێوان تاكەكانی كۆمەڵگە ( دایك, باوك, برا, خوشك, هاوسەران, هاڕێ, خزم, هاوزمان, هاونەتەوە و هاونیشتیمان....هتد) فەراهەم دەكات, كەواتە  بۆ خۆشەویستی نەك رۆژێك, هەمیشە بەختەوەری لە سایەی خۆشەویستیدا.

 تێبینی / بۆ زانیاری زیاتر لەسەر خۆشەویستی و رەهەندە جیاوازەكانی دەتوانن خوێنەری كتێبی ( دەروازەیەك بۆ خۆشەویستی ) بن, كە كتێبێكی نوێمانە و ئێستا لەبەر دیدەی خوێنەران دایە.


PM:06:20:13/02/2017

ئه‌م بابه‌ته 3284 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی