کێ خۆڕاگرە ، میللەت یان حکومەت ؟

‌هونەر تۆفیق


هونەر تۆفیق
لەم ئەزمەی کورۆنایەدا ، دوو وەزیر لە وڵاتانی دنیادا زۆرترین قسە و ڕوونکردنەوە بەخەڵکەکەی خۆیان ئەدەن . یەکەم وەزیرەکانی تەندروستیە و دووەمیان وەزیرەکانی داراییە . وەزیرەکانی تەندروستی ڕێنمایی و بەرچاوڕوونی تەندروستی بەخەڵک ئەدەن و ڕێکارەکانیان بۆ ڕووندەکەنەوە . وەزیرە داراییەکانیش بەرچاوڕوونی داهاتووی دارایی خەڵک و چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی ئەزمە ئابووریەکەی حکومەتەکەیان بۆ خەڵک باسدەکەن کە هاوڵاتیان بەرزیانی ئابووری نەکەون .

ئەم دوو وەزارەتە لە حاڵی حازردا لەو وڵاتانەی حکومەتەکانی خەمخۆری تەندروستی و گیرفانی خەڵکەکەی خۆیانن سەرقاڵترین وەزارەتن بۆ ئەوەی هاوڵاتیەکانیان هەم تەندروستیان پارێزراوبێت و هەم داهات و قوتی رۆژانەیان .

حکومەتی هەرێم بەردەوام داوای خۆڕاگری لەخەڵکەکەی دەکات : خەڵک دەبێت لە کاتی ئابلۆقەی ئابووری سەر عێراقدا خۆڕاگربێت . خەڵک دەبێت لە شەڕی ناوخۆدا خۆڕاگربێت . خەڵک دەبێت بێدەنگ بێت و خۆراگربێت لەناو ئەو هەموو گەندەڵیەدا دەکرێت . خەڵک لەشەڕی داعش و قەیرانی دارایدا خۆڕاگربێت . خەڵک دەبێت لە سەردەمی کورۆنا و ئە قەیرانە ئابووریەی کە دروستی دەکات هەر خۆڕاگربێت . بەڵام بۆ خەڵکیش ڕووناکرێتەوە ئەدی ئەی حکومەت لەچیدا خۆڕاگرە ؟

وەزیری داراییەکەی حکومەت وەکو وەزیرەکانی تری دنیا ، لەبری ئەوەی دڵنیایی بەرگەگرتنی حکومەت لەم قەیرانەدا بۆ خەڵک ڕوونبکاتەوە ، ئەو ئیجرائاتە ئابووریانەی لەپێناو پاراستنی داهاتی خەڵکدا وەزارەتەکەی دەیگرێتە بەر ڕوونی بکاتەوە چین و چۆنن ، ئەو کرێکارانەی کەرتی تایبەت کە بێکاربوون چۆن قەرەبوویان دەکاتەوە ؟ ئەو کاسبکارانەی ناوبازاڕ چۆن لە ئیفلاس دەپارێزێت ؟ لەبری ئەم ئەرکە داراییانەی کە لە گەردنی وەزارەتەکەی ئەون ، دێت وسارد و سڕ دەڵێت : موچەی فەرمانبەران بۆ کاتێکی نادیار ڕادەگرین .

سەیرە ئەم میللەتە خۆڕاگرە چۆن بەرگەی ئەو حکومەتە خۆڕانەگرە دەگرێت !!


PM:09:49:14/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 1872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی