کۆنگرەی بێ دامەزرێنەرەکان

‌هونەر تۆفیق

دامەزرێنەرە سەرەکیەکانی یەکیتی نیشتمانی کوردستان هیچیان لەژیاندا نەماون. هاوکات سەردەمی سەرکردەی ڕابەریش لە هەرێمی کوردستاندا لەگەڵ مەرگی ئەواندا ڕوو لەتەواوبوونە، نەوەیەکی تر لە دەرەوەی سەردەمی ڕابەرایەتی دروست بووە.

نەوەی ڕابەری حیزب و شۆڕش لەگەڵ کاریگەریەکانی شۆڕشی چەپ و سۆسیالیزم و مارکسیەوە، بەرهەمی ناکۆکیەکانی هەردوو بلۆکی خۆرهەڵات و خۆرئاوابوون.

بەڵام ئەم نەوەیەیان بەرهەمی کۆمەڵێک ناکۆکی ئەم سەردەمەن کە بەرژەوەندیەکانی نەوت و دابەشبوونەکانی شیعەگەرایی و سونەگەرایی لەناوچەکەدا لەنێوان دەوڵەتانی تورکیا - ئێران و سعودیەدا فێری سیاسەتی کردوون. ئەم نەوەیەیان، نەوەی ئایدۆلۆژیا و مەزهەبە شۆرشگێریەکان نین، بەڵکە نەوەی چۆنیەتی ئیدارەدانی ناکۆکیەکانن لەناو بەرژەوەندیە ئیقلیمی و نێوخۆیەکاندا.

لەم ئەجوائەدا یەکێتی نیشتمانی لەناو دوو جۆر قەیراندا بەنیازی کۆنگریە ( هەرچەندە لەباشترین حاڵی گونجاندا ڕەنگە دوابخرێت بۆ مانگی شەشی ساڵی داهاتوو و لەیادی دامەزراندنی یەکێتی دا ئەنجام بدرێت ) قەیرانی یەکەم: نەمانی دەستەی دامەزرێنەرە کە ئەوان شارەزای هەموو قۆناغە فیکری و سیاسیەکانی ئەو حیزبەبوون و دەیانتوانی دەرچەی سیاسی بۆ بنەبەست بوونی فیکر لەناو حیزبەکەیاندا بدۆزنەوە.

قەیرانی دووەم: کێشەی شوێنگرەوەکانی نەوەی دامەزرێنەرە . لەنێوان بەرەی کوڕانی دامەزرێنەر و کوڕانی دامەزرێنراودا ، پرسی کێ خاوەنداریەتی حیزبەکە بکات لەپێشترە لە قەیرانی یەکەم.

نەوەی دامەزرێنەر کە لە کۆنگرەدا بە فیعلی قۆناغی دوای تاڵەبانی دەستپێدەکەن وەها دەردەکەون تێڕوانینیان تاڵەبانیانە ( هێڵی گشتی ) بێت لەناو حیزبەکەدا.

هێڵی گشتیش وەک تەنیا کوتلەی بەمیرات ماوە لەو حیزبەدا کە لە نێوان کۆمەڵە و شۆڕشگێڕاندا تاڵەبانی باوک خۆی پێ دەپاراست لە کۆتلەکاریەکانی ناو یەکێتی، ئەمڕۆ نەوەکانیشی بەزیندووکردنەوەی ئەو هێڵە هەم خۆیان لە کوتلەکان دەپارێزن و هەم واریسکردنی تاڵەبانیزمە بۆناو خۆیان.

لە فەزای ئامادەکاریەکانی ئەو کۆنگریەدا داهاتووی ئەو حیزبە بە بوژانەوەبێت یان پوکانەوە لە ئێستاوە دەردەکەوێت . لەگەڵ ئەوەدا فرسەتێکی لەباریان بۆڕەخساوە بە نەمانی بکەرە کاریگەرەکانی حیزب کە ئاڕاستەیان بگۆڕێت ، بەڵام مەترسی حیزبە نەیارە مێژوویەکەشیان لەسەرە کە نایەوێت بەو ئاستەش بوژانەوەیان ڕووبدات کە ببنەوە بە ڕکابەری سەرەکی بەردەمیان . بۆیە لەچاو کۆنگرەکانی دیکەی ئەو حیزبەدا ئەمەیان قورسترین کۆنگرەیان دەبێت کە مان و نەمانیانی پێوەبەندە .


PM:12:25:29/11/2019

ئه‌م بابه‌ته 3088 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی