کێ دەبێتە سکرتێری یەکێتی ؟!

‌هونەر تۆفیق

دۆخی ئێستای یەکێتی نیشتمانی کوردستان کە لەبەردەم کۆنگرەدایە بۆ دیاریکردنی سکرتێرێک بۆ حیزبەکە ، زۆر هاوشێوەی چۆنیەتی دیاری کردنی سێهەم خەلیفەیە لە ئیسلامدا .

خەلیفەی دووەم (عومەری خەتاب ) کاتێک لە گیانەڵا و سەرەمەرگدابوو ، شورایەکی ناوازەی بۆ دیاریکردنی خەلیفەی سێهەم دیاریکرد ، تاوەکو لەنێوان خۆیاندا خەلیفەیەک هەڵبژێرن .

خەتاب شەش کەسی بۆ شوراکە دەستنیشانکرد : عەلی ئەبی تاڵیب ، عوسمانی عەفان ، تەڵحەی عەبدوڵا ، زوبەیری عەوام ، سەعدی ئەبی وەقاس ، عەبدوڵرەحمانی عەوف بوون .

بەپێ ی کەسەکانی ناو شوراکە ، لەسەرەتاوە دیاربوو کێ دەبێتە خەلیفە . چونکە پێکهاتەکە بەهەموو پێوەرەکان بەلای عوسمانی عەفاندا دەشکایەوە .

خەتاب ، شەست سواری بەدیار ئەو شەش کەسەوە وەک چاودێر دیاریکردبوو . مەرجەکەی ئەوەبوو دەبێت لەماوەی سێ ڕۆژدا کۆنگرەی ئەو شورا شەش کەسی یە خەلیفەیەک لەناو خۆیاندا هەڵبژێرن . ئەگەر لە سێ رۆژدا خەلیفەیەکیان لەخۆیاندا یەکلانەکردەوە ، فەرمانی بە شەست سوارەکە کردبوو هەر شەش ئەندامەکەی شوراکە بکوژن . هەروەها فەرمانی کردبوو ئەگەر چواریان لەسەر یەکێکیان کۆک بن و دوانیان ناڕازی بن ، دەبێت سەری دووانە ناڕازیەکە بپەڕێنن . ئەگەر سیانیان لەسەر یەکێک لەخۆیان ڕێک بن و سیانی تریان ناڕازی بن ، دەبێت ئەو سیانەی عەبدوڵرەحمانی عەوفی تیادایە پەسەندبکرێت وسەری سیانەکەی تریان بپەڕێنن .

لەبەر ئەوەی عەوف زاوای عوسمان و ئامۆزای وەقاس بوو، هەروەها تەڵحەش ئامۆزای عوسمان بوو ، تای تەرازووی سیانەکەی ئەمان بەهێزتربوو لە سیانەکەی عەلی . چونکە عەوف بەپێ ی وەسیەتەکەی عومەر لەهەر لایەکیان بێت ئەو دەبێتە زۆرینەی ڕەها . لەهەموو بارەکەدا بەپێ ی پێکهاتەی شوراکە خەلافەت بۆ عوسمان مسەوگەربوو .

ئەم هاوکێشەیەی شوراکەی عومەر ، تەرجومە بکەین بۆ کۆنگرەکەی یەکێتی ، هاوشێوەکەی عوسمان لە کۆنگرەکەدا دەبێتە بەرهەم ساڵەح .

بەرهەم ساڵەح لەنێوان جیاوازەکانی یەکێتی دا ، شانسی ئەوەی بۆ هاتۆتە پێشەوە کە بوبێت بەچارەسەری گرێکوێرەکە . لەپاش هەڵوێست نواندنەکەشی لە کۆنگرەی لوتکەی وڵاتانی عەرەبیدا بە قازانجی ئێران ، لەسەر ئاستی عێراق ، ئێرانیەکان پشتیوانی لێدەکەن.

لەنێوان کۆسرەت ڕەسوڵ و ماڵی تاڵەبانیشدا بەپێ ی نزیکایەتی لەهەردوولایان بۆ کۆنگرە بۆتە بەدیلێک لەهەرکام لە بەرەکان بێت (عەبدولرەحمانی عەوفێک ) تای تەرازووەکەی قورستر دەکات .


PM:12:48:09/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 14160 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی