بۆ سەرۆک کۆماری عێراق

‌هونەر تۆفیق


بە چەندین هۆکار سەرۆک کۆماری ئێستای عێراق لە ڕێگای سلێمانیەوە گەیشتووە بەو پلەوپایە. جگە لەوەی سلێمانی زێدی خۆیەتی ، یەکێتی نیشتمانی کە ئەو پۆستەی بۆ مسەوگەر کرد . بە دەنگی خەڵکی سلێمانی ئەو حیزبە پێگەی لە بەغدا دیاری کراوە .

ئێستا سلێمانی لەژێر بارگرانی سزا و ئابڵۆقەیەکی ئابووری و سیاسی ڕانەگەیەندراوی ئیقلیمی و عێراقی و هەرێم خۆیدایە . یەکێک لە دەروازە سیاسی و ئابووریە بەر چاوەکانی هەر شار و وڵاتێک فڕۆکەخانەیە . فڕۆکەخانەی سلێمانیش لەبەردەم هەڕەشەی هەڵوەشاندنەوە و شکستدایە بەهۆی فشاری شاراوەی ئابڵۆقە ئابووری و سیاسیەکانی سەر سلێمانی . تورکیا بە بیانوی پشتیوانی سلێمانی لە پەکەکە ڕۆڵی گەورە لە سەپاندنی ئەو سزایەدا دەگێڕێت .

لە حاڵێکدا ئەگەر جیوگرافی سەیری پێگەی سەربازی پەکەکە بکەین لەناو خاکی هەرێمدا ، زۆرینەی سنوری ئیداری و جیوگرافی قەندیل دەکەوێتە سنووری پارێزگای هەولێرەوە نەک سلێمانی . چالاکیە سەربازیەکانی پەکەکە لە سنووری پارێزگاکانی دهۆک و هەولێردان . بەڵام تورکیا فڕینی فڕۆکەکانی ڕوو لە فڕۆکەخانەی سلێمانی قەدەغە دەکات .

ئەو قەدەغەکردنە جگە لەزیانە مادیەکانی ، زیانی مەعنەوی و سیاسی گەورە بە پێگەی سلێمانی دەگەیەنێت کە لەماوەی درێژخایەندا سلێمانی دەکاتە پاشکۆی سیاسی و ئابووری ئەو شوێنانەی دەبنە ئاڵتەرناتیڤی فڕۆکەخانەی سلێمانی .

سەرۆک کۆماری عێراق بەپێ ی ئەوەی خۆی لەسەر حسابی سلێمانی سەرۆکی هەموو عێراقە و فڕۆکەخانەکانیش سیادین و سەربەعێراقن . دەتوانێت هەوڵەکانی بخاتەگەر بەتایبەتی یەکەم نوێنەری وڵاتانی دەرەوە سەردانی سەرۆک کۆماری کردبێت و یەکەم داوەتنامەی سەرۆکی وڵاتێکی دەرەوەی پێگەیشتبێت تورکیایە . سەرۆک کۆماریش یەکەم پاداشتی چاکەی سلێمانی بداتەوە ئەوەیە ئەو ئابڵۆقە سیاسی و ئابووریە ناوخۆیی و دەرەکیانەی سەر سلێمانی بشکێنێت .


PM:12:53:15/10/2018

ئه‌م بابه‌ته 877 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی