چارەسەرێکی یەدەک، بەرهەمێکی ئێرانی

‌هونەر تۆفیق

رێکەوتنەوەی د. بەرهەم ساڵەح و یەکێتی نیشتمانی کوردستان ئەگەر چارەسەرێکی ئێرانی نەبێت بۆ چۆنیەتی دابەشکردنی دەستەڵاتەکان لە عێراقدا، ناکاتە هیچ ئاشتبوونەوەیەکی فەریقە ناکۆکەکانی ناو ماڵی یەکێتی نیشتمانی.

ئێران لەبەردەم ئەگەری لەدەستدانی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقدایە کە لەماوەی دوانزدەساڵی ڕابردوودا لەدەست حیزبی دەعوەی ئیسلامی موالی بەئێراندا بووە . فشارەکانی ئەمریکا چڕکراوەتەوە لەو پۆستەدا کە حکومەتی داهاتووی عێراق بکەوێتە لای هێزێکی سیاسی نزیک لە ئەمریکا . ئێران وەک چارەسەرێکی یەدەک بیری لە پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق کردۆتەوە کە ببێتە ئەڵتەرناتیڤی پۆستە لەدەست چووەکەی لە یەکێک لە باڵاترین پۆستەکانی حکومکردن لە عێراقدا . سەرۆکایەتی پارلەمان کە بەپێ ی دابەشکردنە عادەتیەکەی عێراقی نوێ لە بەشی سونەکانە ، ئێران ناتوانێت بە قازانجی خۆی بەکاری بهێنێت . بۆیە سەرۆکایەتی کۆمار کە بەشی کوردە ( یەکێتی نیشتمانی ) و نزیکایەتی مێژینەی لەگەڵ ئێراندا هەیە ، بۆ ئێران دەبێتە بەدیلێکی گونجاوی سەرۆکایەتی وەزیران .

لێرەوە ئێران فشاری لەسەر بەرهەم ساڵەح و یەکێتی نیشتمانی داناوە کە یەکبگرنەوە و پۆستی سەرۆک کۆماریش بدرێتە بەرهەم ساڵەح بەڵام بەمەرجەکانی ئێران خۆی ؟! ئەو مەرجانەی بەرهەم ساڵەح لە بەرانبەریدا هەموو پەیوەندیە ئەمریکی و خۆرئاواییەکانی پێ دەدۆڕێنێت.

لەم چەند ڕۆژەدا چارەنووسی چەندین ساڵەی بەرهەم ساڵەح یەکلا دەبێتەوە. ئەگەر ئێران بتوانێت سەرۆکایەتی وەزیران بۆ دەعوە یان هێزێکی موالی بەخۆی بباتەوە ، ئەوا د . بەرهەم  ئەمجارەش شانسی سەرۆکایەتی کۆماری نابێت . ئەگەر پێچەوانەش بێت ، ببێتە سەرۆک کۆمار ، پەیوەندیە ئەمریکی و خۆرئاواییەکانی دەبێتە کابوس و داوێکی ترسناک ، کەنەتوانێت لە د . فواد مەعسوم باشتربێت ئەگەر خراپتر نەبێت.


AM:10:45:14/09/2018

ئه‌م بابه‌ته 2527 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی