کورد و ئێران

‌هونەر تۆفیق

لەچەند باسێکی تایبەت بە ئەمنی قەومیدا ، ئاماژەمان بە چارەنووسی هاوبەشی نێوان کورد و ئێران داوە. جەبری جیوگرافیا هۆکارێکی گرنگی دروستبوونی ئەو ئەمنە هاوبەش و ستراتیژیەی نێوان کورد و ئێرانە . ئیتر ئەو ئێرانە ، ئێرانی ساسانیە ، سەفەوی یە ، قاجاریە ، پەهلەوی یە یان ئیسلامی یە ، کاریگەری نەرێنی لەو هاوبەشیە نەکردووە و ناکات .

لەئەگەری کەوتنی هەر سیستەمێکی سیاسی لەئێراندا ، کوردی پێوە دەکەوێت ، لەپێچەوانەکەشیدا بە سڕینەوەی کورد ( خۆرئاوای ئێران ) پشتێنەی خۆرئاوای هەستیاری ئێران لە خۆرهەڵاتی دیجلەوە دەپسێت .
ئەگەر سیاسەتی ئەمنی قەومی کوردیش وەک ئێران لەسەر ئەوبنەمایە دامەزرابێت ، گومانی تیادانیە ، پشتێنەی خۆرهەڵاتی کوردستان قایم دەکرێت ، هاوکات پشتیوانی جیوگرافی - مێژووی دەستەبەردەکات . لەهەر سەردەمێکی ڕژێمە یەک لەدوای یەکەکانی ئێراندا ، دەرگایەکی واڵا و پەناگایەکی کراوەبووە بۆ کورد لە تەنگانە سیاسی و نەتەوەییەکانیدا لەگەڵ عێراق یان تورکیا دا .

ئەم بۆچوونە ڕەنگە لای زۆرێک بەتایبەتی کوردانی رۆژهەڵات قورس و قابیلی وەرگرتن نەبێت . بەڵام واقیعی ترین دەروازەی ئەو بەربەست و سڕبوونەیە لە سیاسەتی کوردیدا ، کە هەر ماوەیەک توشی دەبێت .

لە ئێستادا زۆرمان شاگەشکە بووین بەو هەڕەشانەی ترامپ کە لە ئێرانی دەکات . پێمان وایە ئەمریکا ، سعودی عەرەبی ، ئیسرائیل لەکاتی لێدانی ئێراندا ، کوردی پێ سودمەند دەبێت . دەشێت ئەو خۆشیە لە کورت مەودادا دروست بێت . بەڵام لە دوور مەودادا ، هەر کەوتنێکی شارستانی - فەرهەنگی لەئێراندا . کەوتنی کوردی بە گرانتر و قورستر بەدوادادێت ، چونکە تورکیا و هاوسێکانی دیکەی کورد بەهۆی سڵەمینەوە لە ئێران ناوێرن کورد لەبەین بەرن . بەڵام لە لاوازبوون و کەوتنی ئێراندا ، باجە گەورەکەی سڕینەوە و لەبەین بردنەکە کورد دەیدات .


PM:01:37:10/05/2018

ئه‌م بابه‌ته 3884 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی