بۆ برای زێدە هێژام ڕێبین هەردی

‌هونەر تۆفیق


کاک ڕێبین گیان وەک ئەوەی دەنگی ئینتخابی دەنگێکی سیاسی ئازادانەی تاکە لە کۆمەڵگەی سیاسیدا ، لەهەمان کاتدا هەر دەنگی ئەو تاکانەشە وەک خشت بە خشتی دروستکردنی خانوویەک کۆی بیناکە پێکدەهێنێت . خۆت باشتر ئەزموونت کردووە ، لە پێشەکی نووسینەکەشتدا هەموو ئەو ئاماژانەت داوە کە لە ئەنجامی ئەو دەنگانەوە چ فەلاکەتێک بەسەر ژیانی ئابووری ، سیاسی ، کۆمەڵایەتی خەڵکدا دێت ئەگەر نەزانرێت بەباشی ئەو دەنگانە بەکاربێت . لەگەڵ ئەوەشدا لە چۆنیەتی سەرفکردنی دەنگ و مافی تاک لە هەڵبژاردنی سیاسیدا تا ئەوپەڕی ئازادی ، بەرانبەرەکانمان سەربەستن ئەگەر پێچەوانەی ئیختیارەکانی خودی خۆشمان بێت . ئەمەش سەرەتایی ترین پرۆسەی دیموکراسیەتە .

بەڕێزت بارزانیت لە ڕیفراندۆم جیاکردۆتەوە ، بۆچوونی ڕاست و ڕەوانی خۆت بەرانبەر بارزانی لە پێشەکیەکدا باسکردووە ، کەسێکی ساغ و موتابیعی جدیش لەکوردا ناتوانێت ئینکاری لە دڵسۆزی و پاکی کوڕ و کچانی هەردی بکات . بۆیە ئەو پێشەکەیشت نەنووسیبایە ئێمە لەوە دڵنیاین بەڵێ کەت ناخەیتە گیرفانی سیاسی بارزانی یەوە ، بەڵکە دەتەوێت ئەو دووانە ، بارزانی و سەربەخۆیی لەیەک جیابکەیتەوە . لەمەیاندا چەند جیاوازیش بین تۆ ئازادیت لە دەنگ و سەنگی سیاسی خۆت ، چۆنی بەکاردەبەیت . بۆیە ڕەخنەم لە بەشی دووەمی بۆچوونەکەتە ، نەک بەڵێ یان نەخێرەکەت .

هاوڕێ گیان ، کاتێک ئەڵمانە نازیەکان پرۆسەی سەربازی ڤیزریۆبیونگیان لە 10 یونیو 1940دا دژ بە دانیمارک دەست پێکرد . چەند سەعاتێکی نەخایاند ماڵی پادشای دانیمارک ،فەرمانیان بە سوپاکرد هیچ بەرگریەک نەکەن ، تەسلیم بە سوپاکەی هیتلەربن . نەماڵی شا و نە سوپا و نە خەڵکی دانیمارک لەو تەسلیم بوونەدا خیانەتیان لە گەل و نیشتمان نەکرد هەروەک پاش جەنگ ئەنالایزی بڕیارەکەی خۆیان کردەوە . گوتیان پادشا بڕیارەکەی حەکیمانە بووە ، مەملەکەتی بۆ سوپای داگیرکەر جێهێشت و بە بنەماڵەوە چوون لای پادشای سوید تا پاش جەنگ بوون بە پەناهەندە . لەوەدا گەلی دانیمارکی ئەو قازانجەی کردووە نەکەوتنە بەر هەڵمەتی کوشتار و وێرانکاری نازیەکان . 

من ناڵێم دەبێت کورد تەسلیمی هەتا هەتایی داگیرکەرانی بێت . بەڵام بۆنی ئاگری جەنگێکی ترسناک ، کە کەس نازانێت خوانەکردە ڕووبدات ، چۆن و کەی دادەمرکێتەوە لەهەموو کوردستان دێت . نەسوپامان نە تفاقمان نە ورە و جەسارەتی بەرگریمان ، نە دۆست و پشتیوانمان ، نە ئابووری و نە لەسەدا یەکی گەرەنتی بردنەوەمان لەو جەنگەدا نیە . ئێمە لەو بەڵێ و نەخێرەدا لەبەردەم هەڵبژاردنی بڕیاری ڕوودان و ڕوونەدانی ئەو جەنگەداین بە بەڵێ و نەخێرەکانمان . تواناکانی جەنگ و بەرگریمان ، کە ئەمەیان وەک جەنگی داعشیەکان نیە کە هەموو دنیای دژ بە جەهل لە ئاسمان و زەمینەوە هاوکاریمان بکات .

مۆدیلی جەنگی ئەم ناوچەیەش لەم سەردەمەدا مودێلی شەڕی شاڕ و کۆڵان بەکۆڵانە کە من ناوی دەنێم مۆدێلی حەلەبی ، نیکایە بە وێرانەیی حەلەب . هەروەها مۆدیلی شەڕی شاخ و مەفەرزەکردنە ناوشاری جارانیش نیە . حەشدی شەعبی یەک ملیۆنە بە تفاقی جەیشێکی جەڕارەوە . یەک ملیۆنی یەدەکی شیعەی ئینتەرناسیونالیشیان لە ئێرانی و لوبنانی و پاکستانی و ئازەربیجانی .. هتد لە دەووروبەری نەجەف و کەربەلاوە داناوە . جەنگی ئەم جۆرە میلیشیایانە جەنگی دەوڵەتێکی دیاری کراو نیە یاسا و ڕێساکانی جەنگ بیانگرێتەوە . دەبێتە جەنگی مەزهەب لە بەرگی نەتەوەدا (کورد و عەرەب ) جەنگی سونەی - کورد و شیعەی - ئینتەرناسیوناڵە . ئەو میلیشیا ئینتەرناسیوناڵە شیعی یە ئامادەیە وڵاتێک وەک یەمەن - سوریا - عێراق لە ڕێشەوە هەڵتەکێنێت بە دەیان ساڵی تر نەیەتەوە دۆخی پێش جەنگ .

ناکرێت ڕێبین هەردی دڵی لەو مەترسیە نەلەرزێت . لەو کاتانەدا وەک پادشای دانیمارک نەبێت لە هەڵبژاردنی قورسترین بەڵام بێوەی تریندا . حیکمەتی سیاسەتیش لەوێدایە نەک لە عیناد و ئەو موجازەفەیەی کە بارزانی خۆی ڕاشکاوانە پێمان دەڵێت ئەمە ریسکێکە و تاقیدەکاتەوە . بەواتای بەڵێ بۆ تاقی کردنەوەی ڕیسکە سیاسی و سەربازیەکەی سەرۆک بارزانی .

رێبین هەردی : دەنگی منیش بەڵێیە


AM:09:18:20/09/2017

ئه‌م بابه‌ته 9846 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی