سیناریۆکانی پەلامارەکەی کەرکوک

‌محەمەد رەئوف

ھێرش و پەلاماری چەکدارانی داعش بۆسەر شاری کەرکوک، تەنھا ھێرش و پەلامارێکی ئاسایی و ھەوڵێکی داعش نیە بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرەکەکانی شاری کەرکوک، بەڵکو گەر لێکدانەوە و شرۆڤەیەکی ووردی بۆ بکرێت زۆر بە ئاسانی دەگەیتە ئەو ئەنجامەی کە ئەم ھەوڵەی داعش پەیوەستە بە پلانێکی گەورەتر و دەکرێت دەستی وڵاتانی ھەرێمایەتی و بگەرە ناوخۆیشی تێدا بێت.
پەلامارەکەی داعش کە ١٢ گەڕەکی باشوری کەرکوکی لە خۆگرتبو دەیویست ئەو ناوچانە بەتەواوی کۆنترۆڵ بکات، وەک ئەوەی داعش لە ئاژانسی ئەعماقی خۆیدا بڵاوی کردۆتەوە ١٢ گەرەک لەخۆ دەگرێت، گەرەکەکانی (حی تسعین و عدل و العکسری و دومیز و واحد حزیران و خرناتە والواستی و عدن و العروبە و النسر و المجیدیە و المنسور) داعش خۆی ڕێگەکانی ھاتنی بۆ ناو کەرکوک بڵاوکردۆتەوە  لە ئاژانسی دابقدا کە لە ڕێگەی (مکتب خالد والبوحمدان وداقوق والرشاد وساردک والکبە وبشیر باشوور و باشووری ڕۆژئاوای کەرکوک ) ھاتونەتە ناو شاری کەرکوک.

بەڵام ھاتنی ئەم ھێزانە بۆناو شاری کەرکوک و بڕینی سنوری باشوری کەرکوک کە بەتەواوی لەلایەن ھێزی پێشمەرگەوە تەنراوە جێگەی پرسیارە، بەرپرسە ئەمنیەکان لێدوانی جیاواز دەدەن سەبارەت بە شێوازی ھاتنی داعش بۆناو کەرکوک، ھەندێکیان پێیان وایە لە ناحیەی رەشادەوە ھاتوون کە ئێستا لەژێر دەستی داعشدایە و لە رێگەی نێوان ناحیەی تازە و قەزای داقوق پەرێونەتەوە، چونکە لەو ناوچەیە لە نێوان ھێزی پێشمەرگەو حەشدی شەعبی نزیکەی ٤ کیلۆمەتر بۆشایی ھەیە، لەوێوە چونەتە گوندەی مەحمودیەی عەرەب نشین و لەوێشەوە بۆ گەرەکی دۆمێزی کەرکوک کە دەکەوێتە بەشی باشوری ڕۆژھەڵاتی شاری کەرکوک، بەشێکی تر دەڵێن، لە رێگەی بەرزاییەکانی خەرابە روتەوە ھاتونەتە کە لەو ناوچەیە بە غەڕە ناسراوە میحوەری ٥ی باکوری ڕۆژئاوای کەرکوک کە لە دەستی ھێزەکانی پارتیدایە، کە ھەوراز و نشێوی زۆری تیایە لەوێوە ھاتونەتە گوندی قوتان و چەند گوندێکی تری نزیکی کێڵگەی نەوتی خەباز کە دانیشتوانەکەی عەرەب نشینە و لەوێوە بۆ دوبز و بەشێکیشیان بۆ ناو کەرکوک، ھەندێکێکی تر پێیان وایە کە لە رێگەی ھێلیکۆپتەری تورکیەوە ھێنراونەتە باشور و رۆژئاوای کەرکوک و لەوێ دابەزێنراون، بەو پێیەی پێشتر چەند جارێک ھیلیکۆپتەری تورکی لە ناوچەی پردێ و دوبز و باشوری کەرکوک بینراون کە سوراونەتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا چەند بەرپرسێکی باڵای سەربازی ئاماژەیان بەوە کردووە کە بەچاوی خۆیان بینیویانە ئۆتۆمبێلی داعش لە چونەتە بنکەی سەربازی تورکیا لە باشیکی نزیک موسڵ و لەوێشەوە بە ھیلیکۆپتەر گوازراونەتەوە، ڕایەکی تریش ھەیە کە لە ڕێگەی تونێلەوە لە باشوری کەرکوکەوە بەشێکیان سنوریان بەزاندووە و ھاتونەتە ناو شاری کەرکوک، بەشێکێشیان لە رێگەی پارەوە بە کەسانی قاچاخچی ھێنراونەتە ناو کەرکوک وەک دەوترێت قاچاغچیەکان ھەر نەفەرەی بە ھەزار دۆلار لە ناوچەی داعشەوە دێنن بۆناو کەرکوک و کەفالەتیشی دەکەن و پێشتر ئەمە کراوە، ھەرچەندە لە ڕاگەیەنراوی ئاژانسی پاراستن و زانیاریدا ھاتووە کە داعش لە حەویجەوە ١٠٠ چەکداریان لە ڕێگەی داقوقەوە سنوریان بڕیوەو لەوێ بە حەوت پاسی نەفەر بەر براونەتە شاری کەرکوک و بەسەر چەند ناوچەیەکدا دابەشکراون.

بەڵام داعش بە پلانێکی ووردەوە ھێرشەکەی ئەنجامدابوو، بەو پێیەی بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی ھەڵبژاردبوو بۆ ئەو پلانەی کە ڕەنگە بەشێکی پەیوەست بێت بەوەی لە ڕۆژی ھەینیدا زۆرینەی بەرپرسە ئەمنی و ئیداریەکانی کەرکوک شاری کەرکوک جێدەھێڵن و لەوێ نامێننەوە، ھەروەک لە سەرەتای ڕووبەڕووبونەوەکەدا جگە لە ھاوڵاتیانی خۆبەخش ھیچ ھێز و بەرپرسێک نابنران، ئەمە سەرەرای ئەوەی زۆرینەی ھێزە سەربازی و ئەمنیەکانی کەرکوک بۆ موسڵ برابوون، لەگەڵ ئەوەشدا داعش تەواوی سودی لە ململانێ و ناکۆکی ناو ھێزە ئەمنیەکانی کەرکوک بینیوە بەوەی لە شاری کەرکوک زیاتر لە ( ٢٠ ) ھێزی ئەمنی ھەیە، لە ( ئاسایشی پارتی، ئاساییشی یەکێتی، حەشدی شەعبی، تورکمانی، پێشمەرگەی پارتی، پێشمەرگەی یەکێتی، پۆلیسی عێراق، پۆلیسی کوردستان، ھێزی کارەکتەرە سیاسیەکان...ھتد ..) ئەم ھێزانە بەشێکیان ھێندە توندن بەرامبەر بەیەک زۆرجار گومانی سیناریۆ درووست کردن بۆیەکیان لێدەکرێـت.

ئەگەرچی بەشێک لە ئامانجی پلانەکە کەمکردنەوەی فشاربوو لەسەر موسڵ، بەڵام ھەموو ئەمانە ھیچ لەو ڕاستیە کەم ناکەنەوە کە ئەو پەلامارە بەشێکە لەو ململانێ نێودەوڵەتی و ناوخۆیی و ھەرێمایەتیەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن، کە لە ئێستادا ململانێیەکی بەھێزی ناوخۆیی نێوان ھێزەکان ھەیە، ھەرێمایەتی نێوان عێراق و تورکیا و ئێران ھەیە، نێودەوڵەتی نێوان ڕوسیا و ئەمریکا ھەیە، بۆیە ھێزە و دەوڵەتەکان پەنا بۆ چەندین جۆر پلانی جیاواز دەبەن دژ بە بەرژەوەندیەکانی یەکتر.

لە ئێستادا لە شەقامی کوردیدا گومانەکان لەسەر تورکیا چڕ بونەتەوە بەو پێیەی تورکیا لە ئێستادا لەبەرەیەکی دژ بە عێراق و ئێران و پەکەکەدایە و بە پلانی ووردەوە کار لەسەر بەرەی بەرامبەر دەکات و دوای گرژییەکانی لەگەڵ حکومەتی عێراق، کە بەغداد ڕازی نەبوو بە دەستوەردانی تورکیا لە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی موسڵ تورکیا، بۆیە تورکیا بەتەواوی کەوتە دۆزینەوەی پلان دژ بە بەرژەوەندیەکانی بەرەی بەرامبەر، ھەروەک ڕەجەب تەیب ئەردۆگان سەرۆک کۆماری تورکیا دووشەمەی ڕابردوو رایگەیاند "ئەگەر بەشداری شەری موسڵ نەکەین ئەوا عاقیبەتەکەی خراپ دەبێت".
 پێشتریش گوتی لە ئەگەری رێگرتن لە بەشداریکردنمان لەو شەرەدا ئەوا پلانی (B) و (C) مان دەبێت، بۆیە زۆرێک پێیان وایە ئەم پەلامارو یاریانە بەشێکە لەو پلانانەی تورکیا لە ناوچەکە، ئەوەی زیاتر گومانەکان لەسەر دەستوەردانی تورکیا لە پەلامارەکەی کەرکوک تۆخ دەکاتەوە بە ئامانجگرتنی ئەندازیارە ئێرانیەکان بوو لە دوبز، لەو وێستگەیەی کە کۆمپانیایەکی ئێرانی کاری تێدا دەکرد، وەک مەسجێکی توند بۆ ئێرانی پاڵپشتی حکومەتی بەغداد ( کە لە ئێستادا بۆتە پایتەختێکی شیعە مەزھەب کە بە نیسبەت سونەوە ئاسان نیە ئەوە قبوڵ بکرێت، کە بەغداد لە پایتەختێکی سونەی مێژوویەوە بگۆردرێت بە پایتەختی شیعە مەزھەب)، لە ھەمان رۆژدا حوسێنیەکی شیعەکان لە داقوق کرایە ئامانج و بە دەیان کەس کوژران و بریندار بوون، کە دەوترێت لەلایەن فرۆکەی نەزانراوەوە ئەنجامدراوە، پرسیارەکە ئەوەیە ئەو ھێزانە لە کوێوە ھاتوون، ھی کێن و چەند پەیوەندیان بە ھێرشەکەی داعشەوە ھەیە بۆسەر کەرکوک، چونکە چەکدارانی داعش زۆرینەیان لەوێوە ھاتونەتە سنوری کەرکوک.

ھەندێکی تر وای بۆ دەچن پارتی لەنێو ئەو ململانێیەدا بێت و بە جۆرێک لە جۆرەکان دەستی ھەبوو بێت لەو پلانەدا لەلایەک پارتی بە ئاشکرا لەگەڵ ئەجێندای تورکیادایە و بە بێ گوێدانە بەغداد ھێزی تورکیای ھێناوەتە باشیک، لەلایەکی تر پارتی لە کەرکوک بەدەستی یەکێتیەوە زەلیل بووەو ھیچ پۆست و بریارێکی لەو شارەدا بەدەست نیە کە خۆشیان پێیان وایە بەشێک لە شۆڕشی کورد لەسەر کەرکوک بووە،  پارتی ترسیان لە گەڕانەوەی کەرکوکە بۆسەر ھەرێمی کوردستان، بەوەی بە گەڕانەوەی کەرکوک موعەدەلاتی سیاسی لە ھەرێم دەگۆڕیت، کە زۆرینەی زۆری یەکێتیە، پارتی لەلایەک دەیەوێت بە یەکێتی بڵێت لە ڕووی ئەمنیەوە ئێوە ناتوانن ئەو شارە بەرێوە ببەن، (کە ماوەیەکی زۆرە ئاساییش و ئارامی لەو شارە بەرقەرارە).

ھەرچۆن لێکدانەوە بۆ پەلاماری داعش بکرێت بۆسەر کەرکوک، ھێشتا کەمە بەو پێیەی ناوچەکە لەبەردەم گۆڕانکاریەکی گەورەدایە و، ئەگەری ئەوەیە ھەیە لەدوای شەری داعش کورد بەم پێگەیەی ئێستای نەمێنێتەوە و چاوی نێودەوڵەتی بگوازرێتەوە لە ھەولێرەوە بگوازرێتەوە سەربەغداد. 


PM:07:09:23/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 5818 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی