​پرسیارەکانی خەڵک و کابینەی نۆیەم

‌فارس نەوڕۆڵى

 پاش گفتوگۆیەکی دورو درێژ سەرەنجام بەڕێز مەسرور بارزانی وەک کاندیدی پارتی سوێندی خوارد و ڕاسپێردرا بۆ پێکھێنانی حکومەت ئەوەی سەرمایەیە بەدەست کابینەی نوێی بەڕێز مەسرور بارزانی، سود وەرگرتنە لە ئەزمونی ھەشت کابینەی پێش خۆی، کە وەک خەرمانێک ئەزموون وایە بەئەرێنی و نەرێنیەوە چونکە کابینەکانی پێشو بەقۆناغی زۆر سەختی سیاسی و ئابوری سەربازی و ئاسایشدا تێپەڕی بۆیە دەکرێت بۆ ھەندێ پرس بگەڕێنەوە بۆ ئەو ئەزمونانە، ئەوەی پێویستە قسەی لەسەر بکەین کابینەی نوێ و چۆنیەتی حکومڕانی یە، پرسیاری فەلسەفەی سیاسی ئەوەیە کێ حکوم دەکات ، چۆن حکوم دەکرێت، ھەمومان دەزانین سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران قاڵ بوی مەیدانی سیاسیە ئەو لەسەرەتای لاوێتیەوە دەست و پەنجەی لەگەڵ سیاسەت نەرم کردوە لەلایەنی تیۆریەکەشیەوە دەرچوی زانستە سیاسیەکانە لەزانکۆیەکی ناوداری جیھان، بۆ ماوەیەکیش بەرپرسی دەزگایەک یان وەزارەتێکی ھەستیار بووە بۆیە بەئاگایە لەجوڵە سیاسی و دبلۆماسی و کێشە گشتیەکان، کەواتە کابینەی نوێ پێویستە حکومەتێکی وەڵامدەرەوەی پرسیارەکانی ئەم قۆناغە بێت ، مەبەست لەوەڵامدانەوەش بۆ ئێستا ئەم لایەنانەیە :

وەڵامدانەوەی ماف :-  بەو مانایە گێڕانەوەی سەروەری بۆ دادگاکان و لەھەمانکاتدا تەواوی کاربەدەستانی دەوڵەتی لەکاتی یاسا شکێنیدا چی لەکارەکانیان و چی زوڵم کردن لەھاوڵاتیان ، لەبەرامبەر دادگا بەرپرس بن چەمکی حکومەتی قانون لەبنەمادا ھەر لەوەدا خۆی دەنوێنێ ئەمە بەو مانایە کەئەو کەسانەی قانون و سیاسەتەکان ڕادەپەڕێنن خۆیان دەبێت بەپێی پەیڕەوێک کە قانون دیاری کردوە کاربکەن ، لەھەمانکاتیشدا ھیچ خاوەن پێگەیەکی کۆمەڵایەتی و ئاینی لەدەرەوەی دادگاکاندا نەتوانێت فەرمان بەدادگا و دادوەر بکەن ئەمە بنەمایەکی گرنگە بۆ سەرکەوتنی کابینەی نوێ  و ھاوسەنگی دادوەری کۆمەڵایەتی.

وەڵامدانەوەی سیاسی :- بەو مانایەی کە حکومەت یان بەرپرسانی ئیجرائی دەبێت لەبەرامبەر پەرلەمان و خەڵکدا ، لەبارەی سیاسەتەکانیان و ھەروەھا ئەولەویەت و چۆنیەتی بەجێ گەیاندنیان وەڵام بدەنەوە لەم وەڵامدانەوەدا بنیادە ھەڵنەبژێردراوەکانی دەوڵەتی، وەک خزمەتە  گشتیەکان، ھێزەکانی پۆلیس ، ئاسایش ، لەگەڵ ئەو وەزیرانەی کەحکومەت دایناون، وەڵامدەرەوەن لەبەرامبەر پەرلەمان و ھێزی قانونی دانان، کەبەنوێنەری خەڵک ئەژمار دەکرێت ، نوێنەرانی پەرلەمانیش لەبەرامبەر دەنگدەرەکانی خۆیاندا بەرپرسی وەڵامدانەوەن.

وەڵامدانەوەی دارایی :- واتا بەرپرسیاریەتی حکومەت لەخەرجکردنی داھات بەشێوەیەکی یاسایی و دادگەری، بۆ کۆی سێکتەرەکان و دۆزینەوەی ڕێگا چارەی یاسایی بۆ رێگەگرتن لە گەندەڵی و بەھەدەردانی پارە، ئەمەش ھێزی حکومەت لەسەپاندنی یاساو دیاریکردنی ڕادەی گەشە سەندنی ئابوری، کاریگەریەکی ئەرێنی دەبێت، لەم بوارەدا، لەھەمانکاتدا کارکردن بۆ بەرزکردنەوەی داھاتی تاک و گەشەی خۆشگوزەرانی دەبێتە ھۆی وەڵامدانەوەی پرسیارە داراییەکانی خەڵک و لێرەوە متمانەی ھاوڵاتی بەحکومەت زیاتر دەکات.

وەڵامدانەوەی پرسە دیموکراتیەکان:- مەبەست لەم وەڵامدانەوەیە لەبواری ئازادی ڕادەربڕِین و رۆژنامەگەری و ئازادی ئاینەکان و ئازادی سیاسی یاخود کاری ئۆپۆزسیۆن و دیاریکردنی سروشتی گەمەی ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵات ، لەڕاستیدا ئازادیەکانی ئاینی و ڕۆژنامەگەری و ڕادەربڕین لەکوردستان لەھەمو وڵاتانی ناوچەکە لەپێشترە، تا ئەو ڕادەیەی ھەندێ جار دەچێتە سنوری یاسا شکێنی بۆیە پێویستی بەڕێکخستنەوەو پێداچونەوە ھەیە بەبێ کۆت و بەند کردنی ئازادیەکان، لەھەمانکاتدا مەسەلەیەکی زۆر گرنگ ھەیە کەدەبێت لەکابینەی نوێدا بەتەواوی لەچوارچێوەی یاسا و سیاسەتدا ڕێک بخرێت ئەویش ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتە کەلەکابینەی ھەشتدا بەپێچەوانەی سروشتی ئۆپۆزسیۆن و گەمەی سیاسی و زانستی سیاسی بەڕێوە دەچو، ئەویش ئەوە بو حزبەکان لەحکومەتدا بون، کە دەوام تەواو دەبو وەک ئۆپۆزسیۆن ڕەفتاریان دەکرد، ئەمەش دیاردەیەکی نالۆژیکیە لەسیاسەتدا بۆیە دەبێ لەم کابینەیەدا ئەو حزبانەی لەحکومەتدان تەواوی بەرپرسیاریەتی لەئەستۆ بگرن ئەمەش پابەند بونە بەمۆراڵی سیاسیەوە، لەبەرامبەر ئەمەشدا ئەو حزبانەی خۆیان بەئۆپۆزسیۆن دەزانن ئەرکی ئەخلاقی سیاسی ئەدا بکەن و لەدەرەوەی ئەخلاق و یاسای ئۆپۆزسیۆن بون گەمەی دیکە نەکەن، دواجار دەکرێ سیاسەتێکی دروست ئیدارە بدرێت و کابینەیەکی سەرکەوتو بۆ خەڵک فەراھەم بکەین، خەڵکیش چاوەڕوانی زۆرە لەمەسرور بارزانی، بەڵام دەبێت ئەوەش بزانین کە کابینەکە گۆچانەکەی موسای پێ نیە، بۆیە دەبێت کۆی کۆمەڵگەی کوردستان ھاوکاری کابینەی نوێ بێت و تەجاوزی رق و کینە بکرێت حکومەت بەئامڕازێک بزانین بۆ خزمەتی گشتی و ئەوەش بزانین کە حکومەت باوک نیە تا چاوەڕێ بین ھەمو شتێک مان بۆ بکات عەلاگەش نیە ھەمو کەم و کوڕیەکانی پیا ھەڵواسین ، بەڵکو ئامڕازەو دروستکراوی خۆمانە چەندە بەباشی بیپارێزین ئەوەندە بەجوانی خزمەتمان دەکات و دەبێتە حکومەتی وەڵامدەرەوەی ئەرێنی .


PM:12:44:16/06/2019

ئه‌م بابه‌ته 2684 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی