شارێك... كلیلی بەختی نەتەوەیەك

‌فارس نەوڕۆڵى

مێژووی هەر گەلێك و هەر شار و مرۆڤ و شۆڕش و كەسێك چیرۆكی جیاواز جیاوازی تێدا دەخوێنێتەوە، ئیتر ئەو چیرۆكانە كۆمیدی یان تراژیدی بن، بە تایبەتی ئەو گەل و نەتەوانەی كە داگیر كراوبن و خاوەن كیان و دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان نەبن، چونكە نەتەوەی داگیر كراو ئەوكاتەی كە زەوی و جوگرافیاكەی داگیر دەكرێت.

ئیتر زمان و ئاین و ئابوری و خەونی دەدزرێت، گەلی كوردستان یەكێكە لەو نەتەوە و گەلە چەوساوانەی لە كاتی دابەشكردن و داگیركردنی یەوە ئیتر هەموو شتێكی داگیر كراوە دزراوە.

لێرەوە گەلی كوردستان چۆكی دانەداوە، بەڵكو لە مقاوەمەت و بەرگریی دا بووە لەم شۆڕش و بەرگری یەدا هەموو شار و گوند و خەڵكی كوردستان نە بەردانە دژی داگیر كەران جەنگاوەر بۆ پاراستنی مۆركی خۆی.

هەڵەبجە ئەو شارە نمونەییە لە مێژووی گەلی كوردستان دا لە بواری جیاجیا بەرگری لە كۆی سامانی سیاسی كورد كردووە و قوربانی گەورەشی بۆ داوە، هەڵەبجە شارێك پایتەختی ئەدەبی كوردی و شیعری كلاسیك، هەڵەبجە شارێك لانكەی هەموو شۆڕشەكانی گەلی كوردستان بووە، هەڵەبجە شارێك هەر بە ناوی گەڕەكەكانیدا هێمایە بۆ خۆشەویستی.

هەربۆیە چەندین جار لە لایەن داگیر كەرانی كۆن و نوێ پەلامار دراوە لە ساڵانی هەشتاكان دا كە ستەمی بەعس گەیشتووە لوتكە، هەڵەبجە هەمیشە یاخی و چۆكی بۆ دانەداوە بۆیە بە چەكی كیمیایی پەلاماری دا، لەم كاتەدا كورد هەموو دەرگاكانی لێداخرا بوو دوای ئەوەی پێنج هەزار مرۆڤی بێتاوانی ئەم شارە بووە قوربانی جەنگ، ئا لێرەوە پێنج هەزار كلیل بە هەموو جیهاندا بڵاوبۆوە هەر كلیلێك بە دەستی پەپولەیەكەوە ڕوی دەكردە دەرگا تەنگاوییەكانی ویژدان هاواری دەكرد بكرێنەوە نەتەوەیەك وا قڕ دەكرێت.

ئا لێرەوە دوای شەهیدبوونی هەڵەبجە وردە وردە ویژدانەكان جوڵان بۆیە دەكرێ بڵێم ئەم بەختەی كورد لەم قۆناغەدا كە لە ئاستێكی بەرزی سیاسی دایە، ئەم دەرگایانە سەرەتا بە كلیلی هەڵەبجە كرانەوە، بۆیە دەبێت هەڵەبجە پایتەختی ئاشتی سیمای جوانی پێوە دیار بێت خۆش بەختانە دوای ئەوەی (سەرۆك بارزانی) بەڵێنی دا هەڵەبجە دەكرێتە پارێزگا، چونكە كورد قەرزداری هەڵەبجەیە، ئێستا هەڵەبجە پارێزگایە و بەپێی توانا نەك بەپێی پێویست خزمەت كراوە هەر بۆیە ئەوەی لەسەر حكومەت و حیزبەكان و خەڵكی شار پێویستە هەموو لایەك دوور لە مۆری حیزبی ئامانجی سەرەكی یان با خزمەت بێت بە هەڵەبجە لە بوارە جیاجیاكانی سیاسی و ئابوری و ئاوەدانی و ڕۆشنبیری دا، چونكە هەڵەبجە كلیلی بەختی كورد و كوردستان بووە.


PM:04:37:21/03/2017

ئه‌م بابه‌ته 3938 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی