زستان و هاوینی هەولێری جاران ‌

‌شێرزاد شێخانی


هاوینی سارانی شێستەكان خۆشترین فەسڵی سار بو. چونكی لەو فەسڵەەدا خەركی بەعام لەسەربانێ دەنوستن..تەبعەن خۆشیەكەشی لەوەدا بو كە بەو دەرەجەی ئێستا دونیا گەرم نەبو، بە ئاوڕشێنەكی حەوشەكەت مارت فێنك دەبوەوە،بە باوەشێنەكیش خۆت سارد دەكردەوە،بەماستاوەكی كەللەتەزێنی مام سابیری بازاڕی شێخەڵڵا كە بەپەقرەجەكەی لەناو شار دەگەڕا هەناوت سارد دەكردەوە..لەولاشەوە مام عارەب بەشەربەتی مێوژەكەی كە بەفری كیستانەكانی هەولێری تێدەكردن سەرو مێشكت ساف دەبوەوە..لەو سارانەدا نوستنی سەربانان زۆر خۆش بو، كورد گۆتەنی» دڵگییر» بو..هەر لەعەسرەوە خوشكەكانم دەچونە سەربانو دەیانشوشت، ئەوجا هەر لەگەر رۆژئاوابون دەچون جێیەكانیان رادەخست..دۆشەكو نیمدەر رادەخران، لەخوارێش داكم گندۆرەیەك یان شفتیەكی گەورەی لەتدەكردو  دەیناردە سەربانێ لەسەر دیواری سەربانمان دادەنا بەهەوای سازگاری هەولێر وەكی بەفری لێدەهات.

ئەو وەختی هێشتا تەلەفزیۆن پەیا نەببو،رادیۆ سەیدی ساحە بو، كە دەچوینە سەربان رادیۆی ترانسستەرمان لەگەر خۆمان دەبردو گێمان لەرادیوی بەغدا دەگرت.. هەندەكجاریش گێمان لەرادیۆی تاران دەگرت بەتایبەتیش تەمسیلە كوردیەكانی زۆر خۆش بون،جارجاریش گێمان لەشیعری كوردی بەدەنگی شوكروڵڵای بابان و پەروینی موشیروەزیر دەگرت كە دوو لەخۆشترین دەنگی شیعرخینی كوردی بون.ئەوجا كە دەچوینە سەرجێ داكم دەهات یەكی چاكەتەكی لەبەر دەكردین لۆ ئەوەی سەرمامان نەبی..ئاخر وەكی گۆتم ئەو سارانە هاوینیش فێنك و سارد بو..

لە دەرێی مارانیش هاوینان چایخانەو گازینۆكان حەدیقەیان هەبو خەركی لە حەدیقەكان دادەنیشتن،موسەجیلەكانیان حەمودەم گۆرانیەكانی ئوم كەلسومیان لێدەدا،بەدەم بیبسیو كۆلا خواردنو تاوڵەو دۆمینەوە وەختەكی خۆشمان بەسەر دەبرد.سینەماكانیش بەشی هاوینیان هەبو،ئەویش حەدیقەیەكی كراوە بو شاشەیكی گەورەی تێدابو،عادەتەن شەوان فلیمی عارەبی ئیشی دەكرد وەكی عەبدولحەلیمو فەرید ئەترەش،خەركی بە عائیلەوە دەچون لۆجیان دەگرت كە لەپشتی پشتەوەی سینەماكان بون بەس لۆ عائیلەی بو، لەگەر خوشكەكانم بە عەباو پێچەوە دەچوینە تەمەشای ئەو  فلیمانە..

حەتا ساری حەفتاكان شتەك نەبو ناوی موبەریدە بی.خەركی یەك پانكەی سەرمێز یان سەقفی هەبو هیچ پێویستیان بە موبەریدە نەبو،ئەوجا لەگەر هاتنی موبەریدەش موعاناتی خەركەكە دەستی پێكرد بە سوتانی واتەر پەمپەكان، كە ئەو وەختی لەشەریكەی ئەفریقی دەفرۆشرانو دەبایە پازدە بیست رۆژەك لە سڕڕەی راوەستی حەتا بەرت دەكەت،سەبەبی سوتانی ئەو واتەر پەمپانەش بڕانی ئاو بو، كە ئەو وەختی وەكی ئەزمەی دارایی ئەوڕۆ سەری هەڵدابو، بەران ئەزمەی ئاوەكە بەس واتەر پەمپی دەسوتاند،ئەو ئەزمەی داراییەی ئەوڕۆ حەمو ژیانمانی فەوتاندییە.هاوینان سەفرەو سیاحەت وەكی ئێستا نەبو، هەبو نەبو عائیلەكانی هەولێر مندارەكانیان دەبردە حەمام عەلی و لەكانییەكەی عەنكبریتی موسر حەمامیان دەكرد، دەرێن ئاوەكەی چەند جۆرە مەعدەنەكی تێدایەو لۆ نەخۆشی رۆماتیزمو فەقەراتو پیست باشەو لەشی ئینسان لەزۆر نەخۆشی دەپارێزی..

جا نازانم ئەوەیان چەندی راستی تێدایە.لەهاوینان شفتی سامەرا بەلۆری دەهاتە هەولێر،منداران لەسەر جادەكان كەمینیان دادەناو هەر كاتەكی لۆریەكان داخیلی شار ببنایە،دەچون لەنێزیك فەرعەكان خۆیان دەشاردەوە،كاتەك لۆریەكان لە سورانەوەی فلكەیەك سەبریان بكردابایە، خۆیان هەر دەدایە سەر لۆریەكەو یەكدو شفتی گەورەیان فرێدەدایە خوارێ،لەخوارێش یەك دوانەك بەدویان دەكەتن لۆ ئەوەی شفتیەكان بگرنەوە،هەر كاتەك سایقەكەش هەستی بەوە بكردابایە، بەپەلەپەل شفتیەكەیان فرێدەدایە سەر جادەو دوایی خڕیان دەكردەوەو دەیانخوارد.. ئەو ئیشەی ئەوانە وەكی خەباتەكی بو لەپێناو شفتی خواردن، ئێستا سەركردەكانمان هەر وەكی ئەو شفتی دزانەن،بەران ئەو وەختی مندار  شفتی لەسەر لۆرییان دەدزی، ئێستا مەنسولەكانمان لۆری و تانكەری نەفت دەدزن.. باقی وەلسەلام


هه‌ولێرییات
 گۆشه‌یه‌كی‌ كوردستانی‌ نوێیه‌


AM:11:52:06/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 5738 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی