پەرلەمان وەکو کۆمپانیایەکی فرەپشکی

‌ئاراس فه‌تاح

ئەندرێ مالرۆ دەڵێت ”ھەندێ جار سیاسەت وەکو گراماتیک وایە، گەر ھەڵەیەک ھەموو بیکەن، لەدەرئەنجامدا وەکو رێسایەک لەلایەن ھەمووانەوە قبوڵدەکرێت." سیاسەتی کوردیی لەم چەند ساڵەی دواییدا بووە بە ماشێنێکی گەورەی بەرھەمھێنانی ھەڵە و چاککردنەوەی ھەڵەی ستراتیژیی بە ھەڵەی گەورەتر. گراماتیکی سیاسەت لە ھەرێمیشدا بووە بە قبوڵکردنی ھەڵەکانی دەسەڵات لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە و کردنی ھەڵەکان بە ھەڵەی ھەمووان و لەوێشەوە بوونی بە ڕێسایەکی گشتیی بۆ ھەمووان و قبوڵکردنی وەکو دیاردەیەکی ئاسایی لەلایەن ھەمووانەوە. لە داخستنی پەرلەمانەوە بیگرە تادەگاتە شکستی نیشتیمانیی گەورەی ریفراندۆم و ئاشبەتاڵی سیاسیی و سەربازیی شانزەی ئۆکتۆبەر، لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی بەغدا و بەئاساییکردن و قبوڵکردنی ئەو ھەموو تەزویرەوە بیگرە تادەگاتە قبوڵکردنی یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێم و درێژکردنەوەی تەمەنی یاسای به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی تیرۆر؛ ھەموو ئەمانە ئاماژەی ترسناکن بۆ بێدەسەڵاتیی و ھیچنەکردەیی و کاڵفامیی سیاسیی ئۆپۆزیسیۆن بەرامبەر ھەموو ئەو کارەساتە سیاسیی و ئابووریی و سەربازییانە و مانای کردنی ھەڵەی گراماتیکی دەسەڵاتە بە ھەڵەی ھەمووان و قبوڵکردنێتی وەکو رێسایەکی سیاسەتکردن لە ھەرێمدا.

لەمڕۆشدا ھەرێمی کوردستان لەلایەن چەند نوخبەیەکی سیاسیی دژەحوکمڕانەوە ڕەخنەدەکرێت کە نە ھاوکاریی و پڕۆژەی پێکەوەییان ھەیە، نە خەونی گەورە و نە ستراتیژی درێژخایەن و نە ئیرادە و بیرکردنەوەی قووڵیشیان ھەیە بۆ چۆنێتی دەستکاریکردنی پەیوەندییەکانی دەسەڵات لە کۆمەڵگاکەیاندا. نەنگییەکی گەورەیە کاتێک متمانەی نێوان ھێزە ئۆپۆزیسیۆنەکان بەیەکتر وێرانتر بێت لە متمانەی نێوان ھەریەکەیان لەگەڵ دەسەڵات. کارەسات ئەوەیە کاری ئۆپۆزیسیۆن ببێت بە سەقامگیرکردنی پایەکانی دەسەڵات بەبێئەوەی خۆی دەسەڵاتی ھەبێت. شەرمێکی سیاسیی بێوێنەیە کە جیاوازییەک لەنێوان گوتاری ئۆپۆزیسیۆنبوون و تێپەڕاندنی یاسا مەترسیدارەکانی دەسەڵاتدا نەمێنێت، وەکو لە یاسای سەرۆکایەتی ھەرێمدا بینیمان. فیاسکۆ ئەوەیە کاتێک ھەڵەی گراماتیکی دەسەڵات کە زمان و بیرکردنەوە و ماناکانی سیاسەت و رێکخستنی دیموکراسییانەی کۆمەڵگا وێراندەکات، لەلایەن ئۆپۆزیسیۆنەوە بکرێت بە رێسایەکی گشتیی بۆ ھەمووان.

ئۆپۆزیسیۆنی ھەرێم لەم ساڵانەی دواییدا نە توانیویەتی ببێت بە مەترسیی بۆ دەسەڵات نە توانیویەتی ببێت بە ئەڵتەرناتیڤی دەسەڵاتیش. تاکە کەرەسەیەک کە ئۆپۆزیسیۆن دەسەڵاتی وەکو داھۆڵ پێ ترساندووە، تەنھا بێزاریی و تووڕەیی و نائومێدیی خەڵکی ئێمەیە. ئەم دۆخی ھیچنەکردەیی و بێ ئایدیایی و بێ پلانییەی کە ھێزەکانی دەرەوەی دەسەڵات بەرھەمیانھێناوە، بەبەرجەستەکراویی باجەکەی لە ھەڵبژاردنی پەرلەمانی ھەرێمدا وەردەگرن. لەکاتێکدا ئەم دەسەڵاتە دوای ریفراندۆم لە خراپترین دۆخی سیاسیی و سەربازیی و ئەخلاقیی خۆیدا بوو نەتوانرا بە پرۆژەیەکی ھاوبەش لەقبکرێت. لە کاتێکدا ئەم دەسەڵاتە بەشێوەیەکی وەرزیی لە ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ھەرێمدا بە سیستەماتیکی تەزویر لە دەنگی ھاونیشتیمانیانی خۆی دەکات و ئەتکی کەرامەتیان دەکات، ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنیش نەیانتوانی بیکەن بە ڕووداو و بەرگریی لە دەنگی خەڵک بکەن. زانیارییەکی گەورەی ناوێت بۆئەوەی لەوە تێبگەین کە پاش ئەم ھەموو ھەل و ئەزموون و تاقیکردنەوانە، ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن لەبەردەم تاقیکردنەوە و پرۆڤەیەکی واقیعیی خەڵکدان، چونکە بەبێ تەزویری گەورەش سندوقەکانی دەنگدان بە خواست یان بەزۆر، یان پڕدەبن لە دەنگی ئەندامانی حیزبە باڵادەستەکان و ھەموو ئەوانی تر بەڕێژەی جیاواز بچووکدەبنەوە و دەبن بە کەمینە و ئەتۆمی حیزبیی. یان خاڵی دەبن لە دەنگی خەڵکی ناڕازیی و ئەوانەی بایکۆتی ھەڵبژاردن دەکەن و نایانەوێت جارێکی تر بەشداریی لەو مەھزەلە و بێڕێزییە گەورەیەدا بکەن. گەر ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بەم شێوەیەی ئێستایان بێفیکر و بێپلان و بێستراتیژ بن و ئامادەی قبوڵکردنی بێڕێزییی بەردەوام بن کە بەرامبەر بە خۆیان و بە کۆمەڵگاکەیان دەکرێت، ئەوا خەڵکی ناڕازیی و نائومێدی ئەم وڵاتەش لەکاتی دەنگداندا بە بایکۆتکردن وەڵامی کۆنکرێتی ئەوان و دەسەڵاتیش دەداتەوە.

ساڵانێکە ئۆپۆزیسیۆن ئەوەی بیرچووەتەوە کە وەزیفەی سەرەکیی ئەو دروستکردنی پەرلەمانتار و سیاسەتمەدار نییە بۆئەوەی پێی بژین، بەڵکو پێگەیاندنی خەڵکانێکە کە بۆ سیاسەت بژین و لە خەمی گشتیی کۆمەڵگاکەیاندا بن. گەر ئۆپۆزیسیۆن لە وڵاتی ئێمەدا ئەو ڕاستییە سانایە نەبینێت کە لەم دۆخی وێرانەیەی متمانەی ھاونیشتیمانیان بە سیاسەت شتێک نەماوە ناوی خەباتی پەرلەمانتاریی بێت، ئەوە بێچەندوچوون بەدەستی خۆیان دەزگای پەرلەمان دەکەن بە کۆمپانیایەکی فرەپشکیی بۆ کردنی سیاسەت بە پیشە.

گەر ڕێسای بەگشتییکردنی ھەڵە لە گراماتیکی سیاسەتدا ڕاستبێت وەکو ئەندرێ مالرۆ دەڵێت، ئەوا بۆ موزیکیش ھەر ڕاستە: گەر لە کۆنسێرتێکدا چەند ئامێرژەنێک بە ئارەزووی خۆیان پاتیتورەکان بخوێنێتەوە و لە کۆتاییدا موزیکێکی تر بەرھەمدێت لەوەی کە کۆمپۆنیستەکە دایناوە، لەوەش کارەساتتر ئەوەیە کە گوێگری بێسەلیقە و نەزان لە کۆتاییدا وەکو بەرھەمێکی ھونەریی ھەڵسوکەوتی لەگەڵدابکات و چەپڵەڕێزانی بکات. سیاسەتمەداری گەورەی ئیتاڵی ئامینتۆرە فانفانی بەدروستیی پەنجەی خستۆتە سەر ئەم برینەو دەڵێت: سیاسەت وەکو کۆنسێرتێک وایە کە تیایدا گوێی بێ ئەزموون، دەنگی ئامێرەکان بە موزیک تێدەگات.

ئێمە ساڵانێکە باس لەوەدەکەین کە جگە لە نەبوونی ئیرادە و دیدگایەکی پێکەوەیی ھێزەکانی ئۆپۆزیسیۆن بۆ دەستکارییکردنی پێگەی دەسەڵات، یەکێک لە کێشە سەرەکیی و گرفتە قووڵەکانی پەرلەمان ئەوەیە کە ئەم ھێزانە ھەمیشە تیمی پلە سێ و چواری خۆیان بۆ ناردووە و ئەمەش وایکردووە کە دەسەڵات بتوانێت بە ئارەزوی خۆی بێڕێزییان بەرامبەر بکات. سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆن باس لە گۆڕینی سیستەم دەکەن بەبێ ئەوەی خۆیان ببن بە بکەری سەرەکیی لەپرۆسەی دروستکردنی گۆڕانکاریی لەناو سیستەمدا. زۆرینەیان پێیان شەرم بوو ببن بە پەرلەمەنتار و شەڕە سیاسییەکانیان ببەنە ناو پەرلەمانەوە. یان ھەندێکیان ھەر لە ترسی دەنگنەھێنان و ئیحراجیی ناچنە ناو ئەو پرۆسەیەوە.

ھەر ئەم دۆخەشە وایکردووە جگە لە ھەندێ چرکەساتی تایبەت کە ئەم دەزگایە رۆڵی گرنگی تیادا گێڕاوە، کۆی مێژووی ئەم پەرلەمانە گێڕانەوەی حیکایەتی بێھەیبەتیی ئەم دەزگایە و داستانیی بێڕێزییکردن بێت بەرامبەر بە وەزیفەکەی. بە ھەموویان، بە پلەی جیاواز، ئەم دەزگایەیان کرد بە یەکێک لە بێزراوترین و بێماناکراوترین دەزگا گرنگەکانی ئەم کۆمەڵگایە و داماڵراوە لە ھەموو ھەیبەت و رەھەندێکی ئەخلاقیی و سیاسیی. وایلێھات کە پاسەوانە سەرەکییەکانی کەی بیانەوێت بەشەق پەرلەمانتار و سەرۆکەکەی دەردەکەن و چۆنیان بوێت ئیملای سیاسەتی پەرلەمان دەکەن و بە دەنگی ئەوانەی ئەم بێڕێزییە گەورەیەشیان بەرامبەر کراوە، یاساکانی خۆشیان تێپەڕێنن. لەڕاستییدا ئەوە تەنھا پاسەوانە سەرەکییەکانی نین کە ئەم شوێنەیان کردووە بە دیوەخان و بە کەرەسەیەک بۆ شێواندنی متمانەی خەڵک بە سیاسەت و وێرانکردنی پرنسیپی لێپرسینەوە لە حوکمڕانان و شکاندنی ئەخلاقی بەرپرسیارێتی، بەڵکو ئەوانەشن کە جگە لە دەستەپاچەیی لە دەرەوەی پەرلەمان و بە ناردنی تیمی سێھەم بۆ بۆڵەبۆڵی سیاسیی، ملکەچ و بەشدارن لە رێکخستنی ئەم رێسا و شانۆگەرییە پانتۆمیم ئاسایەی کە دژ بە پەرلەمان و لەناو پەرلەماندا سازدەکرێت.

مەترسییەکەش لە داھاتوودا گەورەترە، گەر پەرلەمانی داھاتوو بکرێت بە کۆنسێرتێکی سیاسیی و پڕبکرێت لە گۆرانیبپێژ و دەنگبێژ و زۆربێژ، ئەوا بەتەواوی دەبێت بە بێژۆک، واتە شوێنێک بۆ چەنەبازیی.

تێبینی: وێنەکە بەرھەمێکی ھونەرمەندی بەناوبانگی چینی (ئای وەی وەی)ە.


AM:10:17:01/08/2018

ئه‌م بابه‌ته 4407 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی