حیزبی کوردیی لەنێوان تەرەکردن و تەقەموصی سیاسییدا

‌ئاراس فه‌تاح

راستییەکی نەشاردراوەیە کە پارتیی و یەکێتیی تەماشای ھەموو تاک و گروپێکی ناڕازیی لەدۆخی سیاسیی و ئابووریی وەک بەڵایەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی دەکەن و پێیان خۆشە ھەر ھەموویان تەرەبن و نیشتیمانی خۆیان بەجێبێڵن و بەرەو ھەندەران ملی خۆیان بشکێنن. ئەوەی قبوڵی کولتووری ملکەچێتیی سیاسیی و پەراوێزکەوتنی کۆمەڵایەتیی و نادادی لەدابەشکردنی سامانی نیشتیمانەکەی ناکات، وەکو مەترسییەکی کوشندە وێنادەکرێت.

راستییەکی تر ئەوەیە کە کۆی حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان تاک و گروپە ناڕازییەکانی ناوخۆشیان وەکو „گەنەی سیاسیی" تەماشادەکەن و پێیان خۆشە ھەرچی زووتر لە جەستەی سیاسیی خۆیان داتەکێنن و لە نیشتیمانە حیزبییەکەیان وەدەریان نێن، بۆئەوەی پەتای رەخنە و نەخۆشیی ریفۆرم بڵاونەکەنەوە و یەکڕیزیی ناو دیوەخانی خێزانە سیاسییەکەیان لێ تێکنەچێت. تەکنیکی ئەم تەرەکردنەش دژ بە نەیارەکانی ناو حیزب و رەخنەگرەکانی دەرەوەش ھەمەجۆرە، لە پەراوێزخستن و فەرامۆشکردنی رەخنەوە دەستپێدەکات و بە شکاندنی کەسایەتیی و دروستکردنی ھەواڵی فەیکی ئەخلاقیی بۆیان تێدەپەڕێت و بە ھەڕەشە و تیرۆرکردنی مەعنەوییان کۆتایی دێت.

دەمێکە حیزبەکانمان و دەزگا میدیاییەکانیان لەوەکەوتوون ببن بە رووبەرێکی کراوە بۆ بەیانکردنی ململانێکانی ناو کۆمەڵگا و جوگرافیایەک بۆ بەرگرییکردن لە ماف و ئازادییەکانی کۆی تاکەکانی کۆمەڵگای ئێمە بەبێ جیاوازیی. ئەمەش وایکردووە ھەر یەکەیان „دۆڵکی میدیایی" لە بینەر و „گەلێکی سیاسیی" تایبەت بەخۆی بەرھەمبھێنێت. جیھانێکی وێناکراو و وەھمیی لەسەر خۆی و کۆمەڵگا و دەسەڵات بەرھەمبھێنێت کە ھیچ پەیوەندییەکی بە ھەقیقەتی سیاسیی خۆی و کۆمەڵگای ئێمەشەوە نەماوە. ھەریەکەیان باسی چالاکییەکانی خۆی و پێشوازیی سەرۆکەکانیان لە وەفدە بیانییەکان و خۆشەویستیی جەماوەر بۆ ھێزەکەیان دەکات. فۆکەسی میدیاکانیان تەنھا لەسەر ئەو پێشێلکارییانەیە کە بەرامبەر بەخۆیان یان ئەندامەکانیان دەکرێت، وەکو ئەوەی بەتەنھا خۆیان و رەعیەتەکەیان ھاونیشتیمانیی ئەم وڵاتە بن و تاکە ھێزێک ململانێی دەسەڵات بکات ھەر ئەندامەکانی ئەوانن و تاکە ھێزێک پێشێلکاریی بەرامبەر بکرێت ھەر ئەوانن و تاکە ھیوایەکی سیاسییش کە لەدۆخی بەرگرییدایە ھەر ئەوانن.

پێدراوێکی نوێ نییە کاتێک بڵێین کە ململانێ دۆخێکی تەندروستی ناو ژیانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و فەرھەنگیی ھەموو کۆمەڵگایەکە. ئەم تێزە کۆمەڵناسییەش تا ئەو شوێنە ڕاستە کە ململانێی نێوان کۆمەڵگا و دەسەڵات نەبێت بە ھۆکارێک بۆ بەرھەمھێنانی پشێویی و داوەشانی کۆمەڵایەتیی و سیاسیی و ئەخلاقیی و ئەمنیی، ناکۆکیی نێوان حیزبەکان و ناو حیزبەکانیش نەبن بە رەچەتەی دروستکردنی کولتووری ڕق و تۆڵەسەندنەوە و شکاندن و تەخوین و دێواندن و تیرۆری کەسە ناڕازیی و رەخنەگرەکان.

بۆئەوەی وێنەکە روونتر بێت دەبێت لەدوو ئاستدا باس لە پرۆسەی ململانێی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی بکەین: یەکەمیان ململانێی نێوان دەسەڵات و کۆمەڵگایە، دووھەمیشیان ململانێی ناوەکیی ناو حیزبەکانە.

سەبارەت بە پرسی یەکەمیان: ھەر کاتێک عەقڵی سیاسیی لە وڵاتێکدا نەتوانێت مەنێجمێنتی ئەو ململانێیانەی نێوان کۆمەڵگا و دەوڵەت بکات و فیلتەری بۆ نەدۆزێتەوە بۆئەوەی کەناڵیزەی ناڕەزایەتییەکان بکات، ئەوکات ناڕەزایەتیی دەچێتە دۆخێکی جڵەولەدەستچووەوە و دەبێت بە ھۆکارێک بۆ دروستبوونی کەلێنی گەورە لەنێوان کۆمەڵگاو سیاسەت. دەرئەنجامی ئەم جۆرە دۆخەش بریتییە لە داوەشان و ھەڵوەشاندنەوەی جەستەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ناو ئەو وڵاتە، کە لە فۆرمی خۆپیشاندانی توندوتیژی بەردەوام، یان ڕاپەڕین و شۆڕشدا بەرجەستەدەبێت.

ئەزموونی تێکچوونی پەیوەندی نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگا پێماندەڵێت: ھەر کاتێک دەسەڵات یان دەوڵەت نەتوانێت چارەسەری عەقلانیی بۆ ململانێی کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان بدۆزێتەوە و تەنھا کەرەسە و میتۆدێک بۆ کۆتاییھێنان بە ناڕەزایەتییەکان لای ئەو بریتیی بێت لە بەکارھێنانی توندوتیژیی و چەک و پروپاگەندە دژ بە „تابوری پێنجەم"، ئەوا یان گروپە ناڕازییەکان بە سیستەمەکەدا دەتەقنەوە، یان گروپی توندڕەو و چەکدار دروستدەبێت کە جگە لە بەکارھێنانی توندوتیژیی ڕەھا و چەک، ھیچ ھیوا و چارەسەرێکی تر بۆ ململانێ کۆمەڵایەتیی و سیاسییەکان نابینێتەوە. ئەگەرێکی تر بریتییە لە ڕاگەیاندنی باری نائاسایی یان „دۆخی ناکاو"، یاخود پیادەکردنی کودەتای سەربازیی کە دەتوانرێت لەڕێگایانەوە بۆ ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو کۆتایی بە ململانێکان بھێنرێت لەڕێگای زەبرەوە بچەپێنرێت.

کولتووری ململانێ لەناو پەیکەری حیزبایەتیشدا ھەمان میکانیزم لەخۆی دەگرێت. جگە لە حیزبە دیکتاتۆرەکان کە رێگا بە ھیچ جۆرە رەخنە و ململانێیەکی ناوەکیی نادەن، ھیچ حیزبێک نییە ھاودەنگیی و ھاوسەنگیی ڕەھای تێدا بێت و ململانێی توند و قووڵ لەنێوان گروپ و بەرژەوەندییە جیاوازەکانی نەبێت، بۆنموونە لەنێوان نەوەی کۆن و نوێ، رادیکاڵەکان و پراگماتیزمەکان، چەپ و کۆنزێرڤاتیڤ، ژنان و پیاوان... ھتد. خاڵی جیاکەرەوە ئەوەیە کە ھەر کاتێک ململانێ لەسەر دەسەڵات لەناو ھەر حیزبێکدا بوو بە ململانێ لەسەر دابەشکردنی سەرمایەی ئابووریی و سەرمایەی رەمزیی حیزبەکە، بە داوەشانی جەستەی ساسیی و ھەڵوەرینی ئەندامەکانی و متمانەی خەڵک پێی و لەخراپترین حاڵەتیشدا بەدابەشبوون کۆتایی دێت. ئەم پرۆسەیەش بێبەریی نابێت لە ملشکاندنی یەکتری گروپە ململانێکەرەکان کە مۆدێلێکی ناشیرین و دزێو لە تەسفییەی حیساباتی نێوان کەس و باڵەکاندا بەرھەمدێنێت.

لە کۆمەڵگای ئێمەدا ململانێی سەرەکیی لە نێوان ھێزە سیاسییەکان و لەناو خودی ھێزە سیاسییەکانیشدا، ململانێی ھەیمەنەی گروپەکانە لەسەر دوو کایەی سەرەکیی. یەکەمیان ململانێیە لەسەر سەرمایەی ئابووریی کە بە پلەی یەکەم لەدەرئەنجامی رێکنەکەوتنی گروپەکاندا بەرجەستەدەبێت لەسەر دابەشکردنی سامان و داھات. دووھەمیان ململانێیە لەسەر سەرمایەی رەمزیی کە لە زۆرینەی حاڵەتەکاندا لەدوای مردنی سەرۆکە کاریزمییەکاندا سەرھەڵدەدات و لە پرسی نوێنەرایەتییکردندا خۆی بەرجەستەدەکات. بەمشێوەیە ھەر گروپێک مەرجەعییەتی سیاسیی و چاوگی داھات پاوانبکات، دەبێت بە نوێنەری حیزب لەناوەوە و لە دەرەوەیدا.

ئەزموونی سیاسیی حیزبەکانی ھەرێمی کوردستان پێماندەڵێت: ھەر حیزبێک ویستی تەقەموصی مۆدێلی پارتیی بکات، وەکو یەکێتیی لێدێت. ھەر ھێزێکی سیاسییش بیەوێت مۆدێلی یەکێتی دووبارەبکاتەوە بۆئەوەی لە پارتیی بچێت و پرسی ململانێی ناوەکیی خۆی لەسەر دابەشکردنی سەرمایەی ئابووریی و سەرمایەی رەمزیی بەو شێوەیە چارەسەر بکات کە خێزانی سیاسیی بکات بە کرۆکی پێکھاتی حیزبەکەی بۆئەوەی مەرجەعییەتێکی ساسیی بەرھەمبھێنێت، دەبێت پێشوەخت ئەزموونی یەکێتی دووبارەبکاتەوە بۆئەوەی بتوانێت تەقەموصی مۆدێلی بەخێزانییکردنی سیاسییانەی پارتیی بکات.


AM:10:04:29/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 3629 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی