دەوڵەمەندبوون لە ھەژاریی

‌ئاراس فه‌تاح

دەوڵەمەندبوون لە ھەژاریی
گوتاری سەربەخۆیی لەنێوان دابەشکردنی عێراق و دابەشکردنی کۆمەڵگای کوردستان

سیاسەتمەدارانی ئێمە دەوڵەمەندترین نوخبەی بەرھەمھێنانی فۆرمەکانی ھەژاریین. لە ھیچ شوێنێکی ئەم دونیایەدا دۆخی ھەژاران خراپ نییە گەر ئەو وڵاتە لەڕووی عەقڵییەتی حوکمڕانییەوە ھەژار نەبێت. ئەم وڵاتەی ئێمە لە ھەموو روویەکەوە ھەژارکراوە، تاکە شتێک کە تیایدا ھەژار نیین و دەوڵەمەندین بریتییە لە ھەژاریی عەقڵی سیاسیی و ئیداریی و خەونی دەوڵەتدارێتیی.

باڵاترین نمونەی ئەم ھەژارییەش لەمڕۆدا درۆی سەربەخۆیی و ریفراندۆمە لەسەر چارەنووسی سیاسیی ئەم جوگرافیایەی ناوی ھەرێمی کوردستانە.

ئەمەی پارتی و یەکێتیی دەیکەن، لە جەوھەردا بریتیی نییە لە دابەشکردنی عێراق، بەڵکو بریتییە لە دابەشکردنی خودی کۆمەڵگای کوردستان. ھێندەی دروستکردنی دەلاقەیەکی گەورە و پارچەپارچەکردنی زیاتری جەستەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیی ئێمەیە، ھێندە دابەشکردنی سیاسیی و جوگرافیی وڵاتێکی دابەشبوو و وێرانە نییە کە ناوی عێراقە. ئەم گوتارە لەمڕۆدا بەرجەستکردنی خەیاڵێکی نیشتیمانیی نییە کە خەون بە کوردسنانێکی سەربەخۆوە دەبینێت، بەڵکو لەگەڵ نزیکبوونەوەی بازاڕی ھەڵبژاردندا، گۆڕینی ستراتیژیی سەربەخۆییە بۆ بزنسێکی سیاسیی کە جگە لە شاردنەوە و پەردەپۆشکردنی قەیرانە سیاسیی و ئابووری و یاسایی و ئەخلاقییە قوڵەکانی کۆمەڵگای ئێمە ، ھیچ ئامانجێکی سیاسیی و نیشتیمانیی تری نییە.

گوتاری ریفراندۆم و سەربەخۆییەکەی پارتی و یەکێتی بەرگرییکردن نییە لە مافی دیاریکردنی چارەنووسی میللەتێک کە سەدەیەکە خەون بە سەربەخۆییەوە دەبینێت، بەڵکو گوتاری پاراستنی چارەنووسی ئەو نوخبەیەیە کە دەیەوێت مافی مانەوەی دەسەڵاتدارێتییە سوڵتانییەکەی خۆی بە مافی چارەنووسی میللەتەکەیەوە ھەڵبواسێت و دەرەچەیەک بۆ ئەو وێرانەییە بدۆزێتەوە کە نیوسەدەی حوکمڕانیی تاکحیزبیی و جوتحیزیی بەرھەمیھێناوە.

ئەم گوتارە دەستەبەرکردنی ئازادییە تاکەکەسییەکانی مرۆڤی ئێمە نییە لە مافی بڕیاردان، دۆزینەوەی چواچێوەیەکی دیموکراسییانە نییە بۆ پێکەوەژیانی نوێی سیاسیی و دروستکردنی ئینتیمایەکی تازەی نیشتیمانییش نییە، بەڵکو پاسەوانیکردنی مۆدێلێکە لە دەسەڵاتدارێتییەکی سوڵتانیی و فاشیل کە پاش کوشتنی سیاسییانەی پەرلەمانی ھەرێم، بەکردەوە ھەموو ئەو رەھەندانەی وێرانکردووە کە ناوی ئیجماعی نیشتیمانیی و سەروەریی یاسایە. ھاوشان بەمانەش کۆمەڵگاکەی ئێمەی کردووە بە ڕەعیەتێک لە ئینسانی بێماف و بێڕێز.

بۆیە باشترین بژاردە ئەوەیە کە پێیان بڵێین ئەو دەوڵەتەشتان پیرۆز بێت کە دەتانەوێت وەکو نەوت و ئیدارە و پۆستە سیاسییەکان لەنێوان خۆتاندا دابەشیبکەن. تەنھا شتێک کە ھێشتا تاڵانتان نەکردووە و نەتاکردووە بە موڵکی شەخسیی خۆتان، خەونی دروستکردنی دەوڵەتە. تەنھا شتێک کە ماوە وێرانی بکەن و لەھەموو رەھەندە نیشتیمانیی و مرۆییەکی وەدەریبھێنن، گوتاری سەربەخۆییە.

لێگەڕێن بابزانین چۆن دەوڵەتە ھەژارەکەیان بۆ کۆمەڵگایەکی برسییکراو دروستدەکەن! بزانین چی ھەژارییەکی زیاتر لە سیاسەت و عەقڵ و ئیدارەی ئەم وڵاتە دەخەنە سەر خەرمانەی ئەزموونی ئەم چارەکەسەدەیەی وێرانەیی ”دەسەڵاتی خۆماڵیی" و ئەزموونی دەسەڵاتدارێتی خێزانی سیاسیی و سوڵتانییان. لێگەرێین با ئەم سەرخۆشییە نەتەوەییە و درۆی دروستکردنی دەوڵەتەشیان بچێتە سەر درۆی بەدوبەیکردنی کوردستان و ”ئەزموونە ساواکە"ی دیموکراسییان کە ساڵانێک خەڵکانی ئێمەیان پێ فریودا.

دەوڵەت بەم عەقڵییەتە نەک ھەر دروستناکرێت، بەڵکو لەگەڵ خۆشیدا کۆمەڵگاکەمان وێراندەکات.

بەشداریکردنی ھەر ھێزێکی سیاسیی لە بەخشینی شەرعییەت بەم گەمە سیاسیی و درۆ گەورەیە، تەنھا درۆکردن نییە لەگەڵ ئەندامانی خۆی، بەڵکو درۆکردنە لەگەڵ ھەموو ئەو دەنگدەرانەی کە پرسی پاراستنی کەرامەت و خۆشگوزەرانیی و دادپەروەریی و دیموکراسیی بۆیان پابەندی رەگەز و نەتەوە و ئایین نییە، بەڵکو پابەندی ئەو مۆدێلەیە لە دەسەڵاتدارێتیی کە ھەڵیدەبژێرن.


AM:10:08:04/04/2017

ئه‌م بابه‌ته 4788 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی