وێستگە یەك ساڵی‌ تەمەنی‌ تێپەڕاند

‌سیروان غەریب

ئەمرۆ 10ی‌ ئەیلولی‌ 2016 یەك ساڵ تێپەڕ دەبێت بەسەر دامەزراندنی‌ دەزگای‌ وێستگەی‌ میدیایی‌ و هاوكاتیش دەستپێكردنی‌ پەخشی‌ سایتی‌ وێستگە. 

هەر لەسەرەتای‌ دروستبوونییەوە ئامانجی‌ دامەزراوەی‌ میدیایی‌ وێستگە بەڕوونی‌ و ئاشكرا بۆ خوێنەران و خەڵكی‌ كوردستان ڕاگەیاندرا كە دەیەوێت لەتەك هاوشێوە میدیا ئەهلییەكانی‌ تردا، بەشداربێت لەبەهێزكردنی‌ پایەكانی‌ دیموكراسی‌ و ئازادی‌ ڕادەڕبڕین لەهەرێمی‌ كوردستان، چونكە لەو دەمەوەو ئێستاشی‌ لەسەر بێت رۆژ بەرۆژ حزب لەرێگەی‌ كردنەوەو پاڵپشتیكردنی‌ میدیا سێبەرەكانییەوە دەیەوێت ئەو پەراوێزە ئازادییە كۆنترۆڵ بكات كە بۆ میدیا بەگشتی‌ لەهەرێمی‌ كوردستاندا لەئارادایە.

ڕووداو و ئاڵۆزییە سیاسییەكانی‌ ساڵی‌ ڕابردوی‌ هەرێمی‌ كوردستان تاقیكردنەوەیەكی‌ پێویست بوو بۆ وێستگە، تاوەكو نمایشی‌ بێ‌ لایەنی‌ خۆی تیادا بكات، هە رئەوەش بوو وای‌ كرد لایكی‌ فەیسبوك و خوێنەرانی‌ سایتەكەی‌ رۆژ بەڕۆژ زیاتر بكات و بچێتە پێشی‌ هاوشێوەكانی‌ خۆی‌ لەمیدیای‌ ئەهلی‌ تەنانەت بچێتە پێش زۆرینەی‌ میدیا سێبەرەكانی‌ حزب و لەنێویشیاندا ئەو میدیایانەی‌ كەڕیكلامیان هەبێت یان نەبێت بودجەی‌ خەیاڵییان بۆ دابینكراوە.

ئەمرۆ كە ماوەی‌ ساڵێك بەسەر دامەزراندنی‌ وێستگە تێدەپەڕێت، لێرە دەمەوێت سوپاسی‌ بێ‌ پایانی‌، گروپی‌ كۆمپانیاكانی‌ نالیاو خاوەنەكەی‌ (شاسوار عەبدولواحید) بكەم كە لەماوەی‌ نۆ مانگی‌ یەكەمی‌ دەستپێكردنمان بەكارەكانمان لەرێگەی‌ ڕیكلام و سپۆنسەرەوە هاریكاری‌ كردین، كەڵكێكی‌ باشیشمان لە سیستەمی‌ بەهێزی‌ ئیدارەدانی‌ ئەو كۆمپانیایە وەرگرت بۆ دروستكردنی‌ دامەزراوەكەمان، هەر ئەوەشە لەئێستادا بۆتە هەوێنی‌ سیستەمێكی‌ تۆكمەو لەگەڵ هاتنە ژورەوەت بۆ ئۆفیسی‌ دامەزراوەی‌ وێستگە بەتەواوی‌ پێوەی‌ دیارە.

دەبێت ئەوە بۆ مێژوو بڵێم، كە لەماوەی‌ نۆ مانگی‌ سپۆنسەركردنمان لەلایەن ئەو كۆمپانیایەوە تەنها داواكارییان لەمن وەك سەرۆكی‌ دامەزراوەی‌ وێستگە ئەوەبوو كە ئاراستەی‌ سایتەكە بەرەو كاركردنی‌ پرۆفیشناڵی‌ ببەم و دوری‌ بخەمەوە لەڕشتنی‌ ڕك و كینە لەنێوان پێكهاتەكانی‌ كۆمەڵگاو نەهێڵم بكەوێتە داوی‌ لایەنگیرییەوە. 

ڕاستە لەئێستادا وێستگەش وەكو هەموو میدیا ئەهلییەكانی‌ تری‌ هەرێمی‌ كوردستان كاریگەری‌ قەیرانی‌ دارایی‌ پێوە دیارە، بەڵام ناشكرێت ئەوەش نەوترێت كە چەند كۆمپانیایەكی‌ گەورەی‌ هەرێمی‌ كوردستان لەسەر هێڵن بۆ سپۆنسەركردنی‌ سایتەكە و لەومیانەشدا سەرگەرمی‌ ڕێكەوتن و نوسینی‌ پەیوەستنامە.

دوای‌ تێپەڕینی‌ ساڵێك بەسەر دامەزراندنی‌ وێستگەبەپێویستی‌ دەزانم سوپاسی‌ ستافی‌ نوسین و پەیامنێرەكانی‌ وێستگە بكەم، كە زۆرجار بەهۆی‌ قەیرانی‌ دارایی‌ و نەبوونی‌ سپۆنسەرەوە مافی‌ خۆیان بەتەواوی‌ وەرناگرن، بەڵام هەرگیزیش نەیانكردۆتە كێشەیەك كە كاریگەری‌ بكاتە سەر پێشكەشكردنی‌ خزمەتگوزارییەكانی‌ وێستگە بەخوێنەرانی‌.

هەروەها بەناوی‌ ستافی‌ وێستگەشەوە خوێنەران دڵنیا دەكەمەوە كە وێستگە ئێوە بەتاكە سەرمایە دەزانێت، هەرگیزیش درێخی‌ ناكات لەپێشكەشكردنی‌ هەواڵ و زانیارییەكانی‌ بەڕاستی‌ و دروستی‌ و هەمیشەش بڵندگۆی‌ سەرجەم ڕاو بۆچونە جیاوازەكانی‌ كۆمەڵگا دەبێت.  
هەروەها داواش لەخوێنەرانی‌ ئازیز دەكەم بە سەرنج و تێبینییەكانیان لەسەر هەواڵ و زانیارییەكانی‌ ئەم سایتە هەواڵییە، رۆحی‌ زیاتری‌ بەبەردا بكەن و بەشداربن لە پێشخستنی‌ زیاتری‌، بەدڵنیاییشەوە هەموو پێشنیازو تێبینییەكانیشتان بە هەند وەردەگیرێت ئەگەر توندیش بێت.


PM:07:06:10/09/2016

ئه‌م بابه‌ته 6013 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی