گەر عێزەت دوریت بینی توشی شۆک مەبە

‌سیروان غەریب



کاتی خۆی، ڕۆژنامەی هاوڵاتی ئەرکێکی ڕۆژنامەنوسی گرنگیان پێ سپاردم ئەویش دۆزینەوەی شوێنی، تەها محێدین مەعروف جێگری سەدام حسێن بوو.

زانیارییمان بۆ هاتبوو تەها محێدین بەنهێنی لەدوای کەوتنی بەعس لە 2003 هێنراوەتە شاری سلێمانی.

دوای بەدواداچونی ورد، بۆم دەرکەوت لەماڵێکدایە لە هاوینە هەواری دوکان.، بەڵام بەهۆکاری پاراستنی ئەمنیەتی ، هەموو نزیکبوونەوەیەک لەو ماڵە قەدەغەکرابوو.

پاسەوانی تایبەتی بۆ دانرابوو، پاسەوانەکان بەجل و بەرگی مەدەنییەوە خۆیان وەک کەسی ئاسایی دەنواند.

پاسەوانێکی هەبوو باڵا بەرز ئەوەیان تایبەت بوو , چونکە هەر لەکاتی بەڕێوبردنی پۆستی جێگری سەدام حسێنیش لەگەڵیدابوو. ئەم پاسەوانە نوێژکەربوو سەردانی مزگەوتێکی دوکانی دەکرد. لەڕێگەی کەسێکی نوێژکەرەوە زانیم کەپاسەوانی تایبەتی تەها محێدینە مەعروفە. تومەس ڕازی دڵی خۆی بۆ درکاندبوو.

دواتریش ژنێک، بوو بەسەرچاوەیەکی تری زانیارییەکانم. کەدراوسێی ئەو ماڵە بوو کەتەها محێدین مەعروفی تیابوو.
دیارە بۆیە ئاشکرا نەبێت شوێنی حەوانەوەی ناوبراو لەناو ماڵی ئاسایی و خەڵکدابوو.

دوای وردبینی تر ، جارێکی تر سەردانکردنەوەی مزگەوتەکەو بینینی ئەو پاسەوانە باڵا بەرزە. بۆم دەرکەوت ئەو پیاوە پیرەی کەجارێک لەگەڵ ئەم پاسەوانەدا دەرکەوتووە هێنراوە بۆ نوێژکردن لەمزگەوتێکی دوکان تەها محێدینە.

بێ شک هەواڵێکم بۆ لاپەڕە یەکی هاوڵاتی ئامادەکرد. ئاشکرامان کرد کەتەها محێدین لە ژێر دەسەڵاتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان میوانە، دوای چەند ساڵێک بەفڕۆکەیەک گوازرایەوە بۆ ئوردن و لەوێ مرد.

ئێستا کە وێنەکانی پێشووی شێخ جەعفەر، پارێزگاری سلێمانی سەردەمی بەعس دەبینم لە یەکێک لە تەکییەکانی قادرییەکان دانیشتووە. بەدوری نازانم ڕۆژێک دێت، دەربکەوێت کە عیزەت دوریش بەشێوەیەک لەشێوەکان بەنهێنی بۆ ماوەیەک لەهەرێمی کوردستان پارێزراوبوبێت. یان هەر دور نەڕۆین ئەمڕۆ بە دەستکێش و دەمامکەوە لەتەعزییە قادرییەکان دەربکەوێت.


AM:10:31:11/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1900 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی