‌بودجەی عێراق و خەیاڵپڵاوی پۆستەکانی کورد
PM:05:43:28/10/2018
عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

خەیاڵ پڵاوییە گەر پێت وابێت پەسەندکردنی بودجە بەخواستی کورد دەبێت وتێدەپەڕێت ، لەبەر ئەوەی پۆستی وەزیری دارایی دراوتە کوردێک لەکابینەنوێیەکەی عادل عەبدولمەهدی .

خۆشباوەڕیشە پێت وابێت خواست وداواکانی کورد کەلەکابینەکانی ڕابردوودا نەهاتۆتەدی وجێبەجێنەکراوە لەم کابینە نوێیەدا جێبەجێبکرێت وبێتەدی .

لەکابینەکەی پێشتری حکومەتی فیدڕاڵدا نەک هەر وەزیری دارایی بەڵکو جێگرەکەشی کورد بوو کەچی بودجەی هەرێم بەیەکجاری بڕدراو ئەو کەسانەشی لەو پۆستەدا بوون نەهیچیان پێکراو نەهیچیشیانکرد .

ئەمەجگەلەوەی کەسەرۆک کۆماری عێراقی فیدڕاڵ لەپشکی کورد بووە ،و بەپارێزەری دەستوریش دادەنرێت بەڵام هیچ کاریگەرییەکی نەبوو .

بۆیە ئەرکی سەرکردایەتی سیاسی کوردە کەهێندەی وێڵ وشەیدای وەرگرتنی پۆستێکی زیادەن ، و هێندەی سەرقاڵی موزایەدەن بەسەریەکترو خۆبچوککردنەوەن لەبەردەم بەرپرسانی عێراقدا ، نیو هێندە خۆیان سەرقاڵبکەن بەجێبەجێکردنی ماددەوبڕگەکانی نێو دەستوربەگشتی وئەو بڕگەومادانەی کەپەیوەست وپەیوەندیدارن بەکوردو مافەکانیەوە بەتایبەتی ، وەپێویستەوئەرکیشیانە کە فراکسیۆنەکوردییەکانی نێو ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەموو هەوڵەکانیان چڕبکەنەوە لەپێناو پەسەندکردنی بودجەیەک کەلانی کەمی خواست وداواکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان بهێنێتەدی .

کابینەکەی عەبدولمەهدی پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی ( ۲۰۱۹)ی ڕەوانەی ئەنجومەنی نوێنەرانکرد کەپێشتر حەیدەرعەبادی سەرۆکی کابینەی پێشوو دایڕشتبوو بەمەبەستی پەسەندکردنی و بەگوێرەی پڕۆژەیاساکەش پشکی کورد تەنها ( ۱۲٪)یە لەکاتێکدا پێویستە کرد لەبودجەی گشتی حکومەتی فیدڕاڵدا ڕێژەی ( ۱۷٪)ی بۆدیاری بکرێت وپێی بدرێت .

بودجەی ساڵی (۲۰۱۹)بە ( ۱۲۸)ترلیۆن دینار خەمڵێنراوە ، و داهاتیش بە ( ۱۰٥)ترلیۆن دینار دیاریکراوە ، بەوپێیەش کورتهێنان لەبودجەدا زیاترە لە( ۲۲)ترلیۆن دینار ، وە نرخی بەرمیلێک نەوت بە (٥٦) دۆلار لە بودجەدا دیاریکراوە .

لەڕۆژانی دادێ فۆکەسی هەواڵەکانی عێراق لەسەر بودجە چڕدەبێتەوە، عەرەبەکان سەرەڕای ململانێ وناکۆکیەکانیان بەشیعەوسوننەشەوە پڕۆژەیاسای بودجەیان بەخواستی خۆیان داڕشتوە ، وکوردیش هێندە ناکۆک وناتەباو پەرتەوازەن تەنانەت لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنوسیشدا ناتوانن یەکڕیزو پێکەوە بن.

ڕوون وئاشکراشە کەپارتی ویەکێتی هۆکاری سەرەکی ویەکەم وکۆتایی ناکۆکیەکانی ئێستای کوردن ،و هەرئەوانیش بەرپرسن لەهەر کەم وکورتی وڕوداو پێشهاتێک کەلەئایندەدا ڕوودەدات لەتێپەڕاندنی بودجەبەکەم وکورتی وجێبەجێنەکردنی هەرماددەو بڕگەیەکی دەستوری هەمیشەیی عێراق و......هتد .

چونکە هێندەی ململانێی ناشەریفانەیان لەسەر پۆستێککرد ،جارێک ململانێیان لەسەر مافەدەستورییەکان نەکرد کەتایبەتن بەگەلی کوردی بەشمەینەت ومافخوراو.



ئه‌م بابه‌ته 234 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.