پەیڕەوێکی پڕپڕ لە کۆت و بەند و ڕێگیری

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

دوێنی سێ شەممە ۱۰-۷-۲۰۱۸ ، لەدانیشتنی پەرلەمان چەند ماددەو بڕگەیەک ھەموارکران لەپەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە گرنگیان دەبێت بۆپڕۆسەی لێپرسینەوە ،و چاودێریکردنی پەرلەمان وپەرلەمانتاران لەمەودوا، لەوانە ــ لەپڕۆسەی پرساندندا وەزیر لەنێو ھۆڵی پەرلەمان ئامادەبێت یان نا پڕۆسەکە ئەنجامدەدرێت، واتا بیانوی نەھاتنی وەزیربۆپەرلەمان لەمەودوا ھیچ بەھایەکی نابێت وبێ ئامادەبونی خۆشی پڕۆسەکە بەڕێوەدەچێت .

 بەواژۆی ( ۱/٥) یەک لەسەر پێنجی ئەندامان دەتوانرێت سەرۆکی حکومەت بانگھێشتی نێو ھۆڵی پەرلەمان بکرێت، و بەواژۆی (۱/٦) یەک لەسەر شەشیش بانگھێشتی وەزیر بکرێت، کەپێشتر دەبوایە سەرۆک وەزیر بەواژۆی (۱/۳) یەک لەسەر سێ و وەزیریش بەواژۆی (۱/٤) یەک لەسەر چواری ئەندامان بانگھێشتی پەرلەمان بکرانایە .

بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان دەبوایە بۆسەندنەوەو وەرگرتنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران و وەزیرانی کابینەکەش پێویستی بە دەنگی (۲/۳) دوو لەسەرسێی ئەندامانی پەرلەمان ھەبوە تاکو پڕۆسەکە جێبەجێبکرایە، بەڵام لەھەموارەکەدا کە کراوە و دەنگی ئەندامانی پەرلەمانی لەسەردرا، لەمەودوا تەنھا سەندنەوەی متمانە لەسەرۆک وەزیران پێویستی بە دەنگی ( ۲/۳) دوولەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەبێت، چونکە وەرگرتنەوەی متمانە لە سەرۆک وەزیران واتا متمانەسەندنەوە لەکۆی کابینەکە . بەڵام بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لەوەزیرانی کابینەی حکومەت کەئەمیش پێشتر ھەرپێویستی بە دەنگی (۲/۳) دوو لەسەر سێی ئەندامان ھەبوو، بەڵام لەھەموارەکە گۆڕدراوەو لەمەودوا دەتوانرێت لەنێو ھۆڵی پەرلەماندا بەدەنگی زۆرینەی ڕەھا (نیوە+۱) متمانە لەوەزیر وەربگیرێتەوە . ئەوسێ گۆڕانکاریە لەبەشی حەوتەمی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کە تایبەتە بەچاودێریکردن گۆڕانکاری گرنگن و حکومەت و بەرپرسانی زیاتر پابەندو ملکەچی پەرلەمان دەکەن بۆلێپرسینەوەو تەنانەت لێوەرگرتنەوەی متمانەش، کەپێشتر و بەپێی پەیڕەوەکە دنیایەک کۆت و بەندی بۆ پەرلەمان و پەرلەمانتاران دروست کردبوو کەمن ھەموو کات بەبۆمبی تەوقیتکراوم دەشوبھاند لەکاری پەرلەمانیداو دەبوە لەمپەرێکی قورس، لەبابەتی چاودێریکردن و بانگھێشتی بەرپرسانی حکومەت، و تەنانەت متمانەلێوەرگرتنەوەیشیان .

بەھیوای ھەموارکردنەوەی تەواوی ماددە و بڕگەکانی تری پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان کەلەئێستادا زیاتر لە(۷۰٪)ی ھەموارەکەی گفتوگۆی لەسەر کراوەو دەنگیشی پێدراوە.


PM:12:23:11/07/2018

ئه‌م بابه‌ته 1257 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی