لەنێوان نەوت ونۆک ، حکومەت ومێروولەدا

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

ئەم حکومەت ودەسەڵاتدارانەی هەرێم لەو ساتەوەی شەیدای سوتەمەنی بەگشتی و نەوت بەتایبەتی بوون وبوشنە عاشقێکی چاوبازو سەرسەختی ئەم شلەمەنیەنازدارەو بەتەواوی وازیان لەوهەموو مەعشوقە دێرینانەی پێشوی خۆیان هێناو بۆساتێکیش نە دڵیان بۆیان لێیداو نەنامەیەکی تیرئاساشیان ئاڕاستەکرد .

کەنەوت هاتەکایەویاری تازە دەرکەوت وخۆی نمایشکرد ئیتر کشتوکاڵ و پیشەسازی و گەشتیاری و.... هتد بوونە مایەیەکی بێ هەیبەتکراوو لەگۆشەیەکدا هەڵگیران .

لەدنیادا نەبوەوناشبێت وڵاتێک یان هەرێمێک لەپێناو سەرخستن وبوژاندنەوەی سەرخان وژێرخانی ئابورییەکەی تەنها پشت بە تاکە سەرچاوەیەکی دیاریکراوببەستێت وبیکاتە بنەمای یەکەم وکۆتایی بۆ کۆکردنەوەی داهاتی ئەو وڵاتە یان هەرێمە .

گەر حکومەتی هەرێم بچوێنین بەئوتومبێلێک کەلەسەرچوار تایە دەڕوات وتایەکانیشی بریتی بێت لە سێکتەرەکانی سوتەمەنی ، کشتوکاڵ ، پیشەسازی ، گەشتیاری ویەدەگەکەشی گەر هەیبێت سێکتەری بازرگانی بێت ،ئەوا ئەو ڕاستیەمان بۆ ڕووندەبێتەوە کە تایەکانی ئوتومبێلەکە پێش بەڕێکەوتنی پەنچەروتەقیون وتەنانەت هەندێکیشیان کەوتونەتە سەر ویل وتوانای ڕۆشتنشیان نەماوە .
کەحاڵیشت گەیشت بەوئاستە دەبێت چاوەڕێی هەموو ئەگەروئاستەنگەکان بکەیت بەڕووداوو پێشهاتەجۆراوجۆرە خوازراوو نەخوازراوەکانیشەوە .

لێرەوە دەمەوێت بچمە سەر ناونیشانی بابەتەکە کەڕەنگە لەڕووی ناوەوە زۆر لێک دوربن ، بەڵام لەڕووی ناوەڕۆک کەمەبەست لەپلان وبەهائابوریەکەیەتی هاوتەریبن یان نا.

حکومەت وبەرپرسەکانی هەرکەئاشنابوون بەنەوت ئیتر لەهەموو سێکتەرەکانی ترتۆران ، ئەمما تۆرانێک بەتامی دابڕان و جیابونەوەی یەکجارەکی .
ئیتر نازانم گوێیان نەگرت لەڕاوێژکارو شارەزائابورییەکانیان یان ئەوانیشیان بەبۆنی سوتەمەنی و نەوت وڕوکاس کردبوو  ، کەبەبێ سڵمینەوەو بە دەنگی بەرز پێان بڵێن گەڵۆ ناکرێت هەموو هێلکەکانتان بخەنە سەبەتەیەکەوە کەناوی نەوتەو ئەوەش حاڵیەتی کەجگەلەوەی ئەم میللەتەی توشی نەهامەتیەکی بێ وێنەکرد لەسەردەستی دەوڵەتمەدارەکانی ، کەسیش خۆزگا بەحاڵی ناخوازێت وحەزیش بەبیستنی ناوەکەشی ناکات .

لەبەرهەم هێناندا هێندەی چۆنێتی وچەندێتی سەرچاوەی داهاتەکە گرنگە هێندە گرنگ نیە نەوت یان نیسک ونۆکە .
گەر بێین  نەوت ونۆک لەڕووی بەهای ئابورییەوە بەراورد بکەین لەئێستای بازاڕەکانی دونیادا ئەوەمان بۆدەردەکەوێت کامیان بەبەهاتروبەنرخترن ، بۆنمونە ؛

نرخی یەک تۆن نەوت لەبازاڕەکانی جیهاندا لەنێوان ( ۲۰۰ ــ ۲۳۰ ) دۆلاری ئەمریکیدایە ،بەڵام نرخی یەک تۆن نۆکی دەنگ گەورە لەنێوان ( ۲۰۰۰ ــ ۲۳۰۰ ) دۆلاردایە ، نرخی تۆنی نۆکی دەنک بچوکیش لەنێوان ( ۱۲۰۰ ــ ۱۳۰۰ ) دۆلاردایە کەجیاوازی نێوانیان هێندەی ئاسمان وڕێسمانە ، تەنانەت

تۆنێک نیسکیش بایی ( ۱۰۰۰) دۆلارو بەرەو ژوریشە .

لەم گۆشە نیگایەوە دەردەکەوێت کە مەرج نیە هەموو کات وساتێک پشت بەستن بەتاکەسەرچاوەیەک بۆ کۆکردنەوەی داهات بمانگەیەنێتە کەناری ئارامی خۆشگوزەرانی .

بەعسیەکان بەو شۆڤێنی ودڕندەییەی خۆیانەوە کشتوکاڵیان بە نەوتی هەمیشەیی پێناسەدەکرد ،کەچی دەسەڵاتدارانی کورد کارێکیانکرد نەک کشتوکاڵیان پوکانەوە بەڵکو نۆک ونیسکی خۆماڵیشیان لێکردینە هەنارە شیرینە ومەگەر لەبۆنەیەکی تایبەتداپێی ئاشنابین وتامی بکەین، ئاخەرپێم ناڵێن  چ لۆژیکێکی تێدایەو بەویژدانی کێ ڕەوایە تەنها ( ۱۰ ) ساڵ پێش ئێستالەم هەرێمی کوردستانەو لەنێو خاکی خۆمان وبەدەست وبازوی جوتیاری خۆماڵی ساڵانە لانی کەم ( ٥۰۰۰ ) پێنج هەزارتۆن تەنها نیسکیان بەرهەم دەهێنا کەچی لەئێستادا ( ٥ )کیلۆش بەرهەممان نیە ، ئەمە بۆنۆکیش نزیکە لەڕاستی ،لەکاتێکدا لەم وڵاتەی کەناوی عێراقە ساڵانە لانی کەم  ( ٥۰۰۰ ) پێنج هەزارتۆن نۆک دەهاڕدرێت و تەنها دەکرێتە خواردنێک کەناوی ( فەلافل ) ە .

بۆیە گەربەراوردێکی حکومەتی هەرێم و مێروولە بکەین ئەوا ڕوون وئاشکرایە کەمێروولەکە لەبواری دانانی پلاندا زۆر لەحکومەت پێشکەوتوترو بەپلانترە چونکە مێروولە لەگەڵ هاتنی وەرزی  هاویندا دەستدەکا بەکۆگاکردنی تەدارەک وپێداویستیەکانی دوو وەرزی دواتر واتا پایزو زستان ، بەڵام حکومەت ڕێک پێچەوانەی ئەو لەوەرزی زستاندا چارەکە موچەی هاوین وپایز تەنانەت بەهاری خانەنشینان دابەش دەکات .

بۆیە هێندە بەسە بوترێت نەوت وسوتەمەنی نەک خۆشبەتی پێ نەبەخشین بەڵکو بۆ زۆرینەی زۆری خەڵکی بوە بەدبەختی ،و دواتریش نەگبەتی ونەهامەتی ،بۆیە دەگەڕێینەوە بۆ ناونیشانی نوسینەکەو دەڵێین ئێوە لەپێناوی نەوتدا هەمووشتێکتان بێ قیمەتکرد تەنانەت نیسک و نۆکی پڕ بەهاو بەقیمەتیش ، وەنەشتان توانی لەچارەکە سەدەی فەرمانڕەوایەتیتاندا چاوێک لەمێرووش بکەن لەپلاندانان.


PM:01:02:10/12/2017

ئه‌م بابه‌ته 2180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی