کوردی بێ پلان و دوژمنی پڕ پیلان

‌عه‌بدولڕه‌حمان عه‌لی ڕه‌زا

لەئێستادا بارودۆخی ناوچەکە هێندە ئاڵۆز و پڕ کێشمەکێش و گۆڕانکارییە، شرۆڤەکردن بۆی کارێکی هەروا سانا نیە .
 کورد لەم ساتەدا چەند دۆخەکە ئاڵۆزە هێندە بێ پلانە، چەند ناوچەکە لەگۆڕانکاری خێرادایە دوو ئەوەندەش بێ بەرنامە و نەخشەڕێگایە، بەپێچەوانەشەوە دوژمنان و ناحەزانی خاک وخەڵکی کوردستان سەرقاڵی داڕشتن و دانانی چەندین پیلانی هەمە چەشنەن لەپێناو دەستوەردانی زیاتر وچۆنیەتی مانەوەی خۆیان و لاوازکردنی هەرێم .

 چەند سەیرە ناوچەکە دەڵێی مەنجەنیقە دەکوڵێت کەچی پەیوەندی پارتەسیاسیەکانی ئەم هەرێمە لەگەڵ یەکتردا لەسەهۆڵ ساردترە، هەموو ناحەزانی کورد بۆ دژایەتی هەرێمی کوردستان هەموو ناکۆکیەکانیان وەلا ناوە، کەچی پارتە سیاسیەکانی هەرێم نەک پەیوەندی نێوانیان باش نیە، بەپێچەوانەشەوە لەچارەکە سەدەی فەرمانڕەوایی ئەم هەرێمەدا هێندەی ئێستا دوورنەبون لەیەکدی بەشێوەیەک هەر پارتێکی سیاسی وەک سەحنی سەتەلایت ڕوویان لەشوێنێکە و ڕووناکەنە یەک و تەنانەت یەکتریش ناخوێننەوە .

سەیرە هەم پارتەسیاسیەکان وهەم سەرکردە سیاسیەکانیش کەم تازۆرێک شارەزای مێژووی وڵاتانن بەتایبەت مێژووی وڵاتانی ناوچەکە، زۆر باشیش ئەو ڕاستیانە دەزانن کە وڵاتانی دەوروبەرمان چەند ناکۆکی و ململانێ لەنێوانیاندا هەبێت ئەوا بۆ دژایەتیکردنی کوردستان و خەڵکەکەی دەبنە هاوپەیمان و برای گیانی بەگیانی، تەنانەت پەیوەندیەکانیان بەپەلە ئەپدەیت دەکەنەوە .

 من نازانم بەرپرسانی ئەم هەرێمە کەی دێنەوە هۆش خۆیان و بیرێک لەداهاتوی ئەم هەرێمە دەکەنەوە کە دنیایەک خوێن و فرمێسکی بۆ ڕژێنراوە، کەی بیر لەبەرژەوەندی باڵای ئەم میللەتە دەکەنەوە کەقوربانیدەری ڕاستەقینەی دەستکەوتانن .
 ئاخەر لەکوێی دنیاو فەرهەنگی بەڕێوەبردنی چ هەرێم و وڵاتێکدا هەبوە میللەتێک گیرۆدە بێت بەدەست قەیرانی سیاسی و دارایی وکارگێڕی و کۆمەڵایەتی و پەروەردەیی و بێکاری وهەژاری و.....هتد...و هەرێمەکەشت بوبێتە چەقی ململانێی نێوان وڵاتە هەرێمی و نێو دەوڵەتیەکان کەچی دەسەڵاتدارانی هێندە بێباک و کەمتەرخەم بن هێشتا بەرژەوەندییە حیزبی و کەسیەکانیان بەلاوە گرنگتر بێت و ئامادە نەبن سازش یان دەست پێشخەرییەک بکەن بۆ ئاساییبونەوەی لانی کەمی دۆخی هەرێم وئاسایبونەوەی پەیوەندی نێوان پارتەسیاسیەکانیان.

ئیتر بۆمان نیە و ناشتوانین گلەیی لە مێژوو بکەین و بڵێین کورد بەخت یاوەری نەبو، مێژووش ڕەحم بە هیچ کەس و لایەنێک ناکات و لەدواڕۆژیشدا بەر نەفرەتی دەکەوین.
 چونکە هەرگیز نەبوە و هیچ لۆژیکیش نیە هەموو دوژمنەکانت لەداڕشتنی پیلانی بەردەوامدا بن بۆت، کەچی خۆمان هیچ پلانێکمان نەبێت بۆ ڕووبەڕوو بونەوەی ڕووداوو پێشهاتەکان .


AM:11:35:25/10/2016

ئه‌م بابه‌ته 4010 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی