کە خۆت کەوتویت چ خەمی کەوتنی عەفرینتە

‌کەمال چۆمانی

- لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق گلەیی لە بێدەنگیی دونیا دەکەین بەرانبەر عەفرین، ئەمریکا و یەکێتیی ئەوڕوپا تۆمەتباردەکەین بە "خیانەتکردن" لە کورد لە رۆژئاڤا، بەڵام پێم بڵێن، ئێمە چیمان بۆ عەفرین کردوە؟

- ئێمە لە هەمو دونیا و لە هەمو کەسێک لە عەفرین نزیکترین؛ دین، نەژاد، نەتەوە، خاک، ئاووهەوا، مێژو، زمان، کەلتور و خەون و دونیابینیی، بەیەکەوەمان دەبەستێتەوە. ئایا لێدوان و بەیاننامەکانی یەکێتیی ئەوڕوپا و ئەمریکا توندتر بون یان هی پارلەمان و حکومەتی هەرێم؟ بۆچی حکومەتی هەرێم لەڕێی عێڕاقەوە هێزەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەرناکات؟ 

- کوا با ئەوانە دەنگهەڵبڕن کە لە ماوەی ٥٧ رۆژ بەرخودانی عەفریندا، ٥٧ دۆلاریان کردبێتە دیاریی بۆ خەڵکی عەفرین. لە تەواوی هەرێمی کوردستاندا تەنها چەند خۆپیشاندان و گردبونەوەیەک ئەنجامدراوە. لە پایتەختی هەرێمدا کە ملیۆنێک ژمارەی دانیشتوانیەتی، گەورەترین خۆپیشاندانی نەگەیشتۆتە چەند سەد کەسێک. کوا کۆمەک و پشتیوانیی حکومەتی هەرێم بۆ عەفرین. ئەی کوا فشاری ئێمە لەسەر پارلەمان و حکومەت بۆ ئەوەی دو قسەی جدیی لەسەر عەفرین بکەن و کۆمەک بۆ عەفرین بنێرن. بەئاشکرا و بەنهێنیی، حکومەتی هەرێم هێندەی مۆزەمبیق لەسەر عەفرین هەڵوێستی نەبوە. 

- هەرێمی کوردستان و هێز و سیاسییەکان و خەڵک و رۆشنبیر و میدیاکار و چالاکوانە مەدەنییەکانیی، واز لە عەفرین بێنن، عەفرین بە ٥٧ رۆژ بەرخودان سەلماندی ئەگەر نەک هەر بکەوێت، بەڵکو ئەگەر هەمو شەڕڤانەکان و دانیشتوانەکەی شەهید بکەون و تەواوی خانو و بیناکانی بکەون، هێشتاش ناکەوێت. ئەوە ئێمەین ٢٧ ساڵە کەوتوین و بەرخودانێکی وەکو عەفرین و کۆبانیش هەڵمانناسێنێتەوە. ئەوە ئێمەین تەنها بیناکانمان وەستاو و خۆمان کەوتوین. خۆمان پێویستمان بە هەڵسانەوەیە. 

- ئاخر هەرێمی کوردستان کە خۆت کەوتویت چە خەمی کەوتنی عەفرینتە. عەفرین تەنها لە سەنگەردا دەکەوێت، بەڵام تۆ لە بواری کەلتوریی، سیاسیی، عەسکەریی، ئابوریی و دیپلۆماسییش کەوتویت. ئەرکی وڵاتییانی هەرێمی کوردستانە کە بەرخودانی عەفرین هەڵیانسێنێت و باشتر تێبگەن کە ئەو حکومەتە نوێنەرایەتیی ئێمە ناکات. ئەو حکومەتە تەنها نوێنەرایەتیی نوخبەیەکی سیاسیی بەرژەوەندخواز و دو مەکتەب سیاسیی و دو بنەماڵە دەکات. چ شەرمەزارییەکە عەفرین قەتڵوعام دەکرێت و حکومەتەکەت بێدەنگ لە هەمو ئاستێک. ئەوە حکومەتی ترسنۆک و بەرژەوەندخواز و پڕۆکسییەکانی تورکیایە نەک حکومەتی خەڵک.


PM:01:46:17/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 3363 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی