شۆڕشی تەماتە..

‌سالار سەراوی

"دڕکەکان هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵەکان بوون".

ئەمە دروشم و وتەی سەری زاری هاوڵاتیانی خۆپیشاندەر و راپەڕیوی جۆرجیا بوو لە کۆتایی ساڵی ٢٠٠٣ دا. کە مەبەست لێی سەرۆک و وەزیر و ئەو کاربەدەستە گەندەڵانەبوون کە جۆرجیایان بەرەو هەڵدێر دەبرد و برسێتی تەنگی بە هاوڵاتیانی جۆرجیا هەڵچنیبوو. 

سەرەنجام، لە ٨ ی ١١ ی ٢٠٠٣ دا هاوڵاتیانی جۆرجیا رژانە سەر شەقامەکان و داوای کۆتایهاتنی دەسەڵاتی سەرۆک ئیدوارد شیفەرنادزە و حکومەتەکەیان دەکرد، هەرزوو حزبی ئۆپۆزسیۆنی ( یەکێتی هاونیشتمانیانی‌ جۆرجیا ) بە سەرۆکایەتی میخائیل ساکاشڤیلی جڵەوی نارەزایەتیەکانی گرتەدەست و توانیان لە ماوەی چوار مانگدا و بە ئاشتییانە کۆتایی بە دەسەڵاتی شیفەرنادزە بهێنن و لە سەرەتای ساڵی ٢٠٠٤ هەڵبژاردن بکەن و ساکاشفیکی بوو بە سەرۆکی وڵات. کە گەنجترین سەرۆک بوو تەمەنی ٣٦ ساڵ بوو. شۆڕشەکەشیان لە مێژوودا بە ( شۆڕشی گوڵەکان ) نوسرایەوە.

هەرچەندە ئەوکاتە دەسەڵات زۆر هەوڵیاندا لەگەڵ خۆپیشاندەران رێکبکەون، بەڵام نەگەیشتنە ئەنجام و داوای رۆشتنی سەرۆک و کۆتایی حوکم و دەسەڵاتیان دەکرد. 

لە ساڵی ٢٠٠٤ تا ٢٠٠٨ ساکاشڤیلی سەرۆک بوو توانی گۆڕانکاری گەورە ئەنجامبدا، لەوانە؛ 

یەکەم؛ زۆرترین پرۆژەی ئاوەدانکردنەوەی ئەنجامدا بەجۆرێک کە ئەو بودجەیەی بۆ پرۆژەکان تەرخانیکردبوو، پارەی لێدەمایەوە. 

دووەم؛ کە چووە سەرحوکم رێژەی بێکاری لە جۆرجیا ٪٥٢ بوو، توانی تا ساڵی ٢٠٠٦ بیکاتە ٪٣٤، تا لە کۆتاییدا گەیاندیە ٪١١.

سێیەم؛ دەروازەی بازرگانی و هەناردەی نەوتی لەگەڵ تورکیا و ئازەربایجان کردەوە.

چوارەم؛ کەرتی گەشتیاری جۆرجیای بوژاندەوە بە جۆرێک کە ساڵانە ملیۆنان گەشتیار رودەکەنە جۆرجیا بۆ گەشت. 

پێنجەم؛ لە شەفافیەتی دارایی و بودجە و خەرجیدا، جۆرجیای گەیاندە پلەی ٤١ لەکۆی ١٨٠  وڵات، لە کاتێکدا ساڵی ٢٠٠٣ جۆرجیا لەکۆی ١٣٣ وڵاتی ناشەفاف پلەی ١٢٤ بوو. 

شەشەم؛ بەپێی راپۆرتی بانکی نێودەوڵەتی لە کۆی ٢٠ وڵات کە دژایەتی گەندەڵی دەکەن جۆرجیا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە.

هەنوکە لە هەرێمی کوردستاندا باشترین دەرفەتە بۆ هەڵگیرساندنی شۆڕشی تەماتە، تا ببێتە وەرچەرخانێک لەمێژووی نوێی کورددا. با ئێمەی کوردیش وەکو گەلی جۆرجیا بەشۆڕشی تەماتە ناوی خۆمان لەمێژوودا بنەخشێنین، ئەگەر ئەوێ ڕۆژێ شۆڕشگێرەکانی فەڕەنسا قەڵای باستیل-یان شکاند و ناوی خۆیان لەمێژوودا تۆمار کرد. وەک چۆن دڕکەکان بونە هۆکاری سەرهەڵدانی شۆڕشی گوڵەکان لە جۆرجیا با ئەمڕۆش گەلی کورد لەبری تفەنگ و گوللە و بەرد و دار بە تەماتە کۆتایی بە زوڵم و برسێتی و دەسەڵاتی چەتەگەریی و مافیایی بهێنین لە کوردستاندا.


PM:04:10:06/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 3028 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی