#ئیرادەی مەزڵوم..

‌سالار سەراوی


رۆژگارێک بوو تاکی کورد لە باشور خاوەنی ئازایەتی و ئیرادەیەکی بەهێزبوو، گوێی بە زیندان و سێدارە و کوشت و بڕ نەئەدا، لە پێناوی ئەوەی بنوسێ بڕوخێ بەعس هەموو سنورەکانی ترسی ئەشکاند و سەربەرزانە ئەژیا و ئەمرد. وەلێ ئێستا تاکێکی زەلیل و سەرشۆڕ و بێ ئیرادە، تاکێ لە گەڵ بارینی هەر دڵۆپە بارانێکی سەربەستی و ئازادی و شکۆمەندیدا چەتر هەڵئەکات.!
کورد لە باشور و لە پێش ڕاپەڕین خاوەنی کەسایەتی و شوناسی خۆی بوو، ئێستا ئێمە خۆمان بە ئیرادەی مەزڵوم و شەڕڤانانی رۆژئاواوە هەڵواسیوە بەڵکو شتێک بە شتێک بکەین و مانایەک بە مانەوە و شوناسی خۆمان بدەین.!

 جیاوازییە جەوهەرییەکە ئەوەیە حزب و دوکانە سیاسیەکانی باشور قوتابخانەی خێڵ و بنەماڵەن، لێرە ئەوان کاردەکەن بۆ ئەوەی ئێمە خۆمان نەبین، لەوان بچین، خاوەن خۆمان نەبین، بێسەربین، تەنها لاشەمان جوڵە بکات، کۆیلە و داردەستبین. ئەوەتا شۆڕش و بەرخودان لە ڕۆژئاوا مرۆڤی ئازاد و ئازای دروستکرد، لە باشوردا تاکی بێ ئیرادە و گوێرایەڵ و کۆیلە.!
شۆڕش لە ڕۆژئاوا دژ بە داگیرکاری و ستەمکاریی و چەوساندنەوەی مرۆڤایەتییە، ئامانجی شۆڕش بەرز ڕاگرتنی بەهای مرۆڤ بە پلەی یەک و پاشان کێشەی نەتەوە، بەڵام لە باشور شۆڕش و کورد کراون بە کەرەستە بۆ مانەوەی خێڵ و بنەماڵە.!

ئافرەت‌ و پیاوەکانی ڕۆژئاوا پێکەوە دەجەنگن لەپێناو خاک‌ و پاراستنی شەرەفیاندا و دەجەنگن دژی ستەمکاری دوژمنێکی سەرسەختی وەک ئەردۆگان، بەڵام ئافرەت‌ و پیاوەکانی باشور شەوان دادەنیشن بەدیار دراما تورکیەکانەوە و خۆیان دەکەنە قوربانی ئەو ئەکتەرە تورکانەی کە پاڵپشتی لەناوبردن‌ و کوشتنی گەلێکی ستەم دیدەی وەک کورد دەکەن.

بەداخەوە کە ناچارم ئەوە بڵێم؛ لە باشور چەند تف هەڵدەین بۆ ئاسمان نێو چاوانی خۆمان دەگرێتەوە، تاکی بێ ئیرادە و شکۆشکێندرا و بە کۆیلەکراو بۆ مشتێ نان و پارە دواجار لە گەمژەیی خۆیدا هەر دەبێ بگەوزێ.!


PM:02:20:19/10/2019

ئه‌م بابه‌ته 3668 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی