ماڵە چۆڵەکەی تاڵەبانی..

‌سالار سەراوی



ماڵەکەی تاڵەبانی لە دەباشان، دەروانێ بەسەر تەواوی سلێمانی و خەڵکەکەیدا، مام جەلال تا خۆی لە ژیاندا بوو ماڵەکەی جمەی دەهات، هەمیشە حەشاماتێک لە سەرۆک و سەرکردە سیاسیە کوردییەکان و عەرەبەکان و تەنانەت بیانیەکان و سەرۆک خێڵ و عەشرەت و پیاوانی ئاینی و رۆشنبیر و ئەدیب و شاعیر و نوسەرانیش لەم ماڵەدا لە دەوری سفرە و خوانی بوون. بەڵام ئەفسوس دوای کۆچی ئەو زاتە، ماڵەکە کش و ماتە و نە تاڵەبانی ما، نە هاموشۆی دۆست و هەڤاڵان، نە سفرە و خوانەکەی جارانی.!

یەکێتیەکان هەمیشە شانازی بە رێبازی مام جەلالەوە دەکەن، لەکاتێکدا ئەم رێبازە لە کورترین قسەدا بریتی بووە لە میوانداری. مام جەلال بەوە ناسرابوو کە هیچ کات نانی بە تەنها نەخواردووە، هەنوکە هیچ کام لە سەرکردەی حزبەکەیی و کورەکانیشی لە بچوکترین ئاستیشدا ناتوانن لەو بچن، ئەو ژمارە زۆرەی دۆست و هاوڕێیەی بەدرێژایی پەنجا ساڵ لە دەوری سفرەکەی خۆی کۆیکردبونەوە، هەر لە دوای نەخۆشکەوتنیەوە هێدی هێدی بە بێ دەنگی تەکینەوە. لە کۆتا وێنەدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا بڵاوبۆوە تاڵەبانی گەورە لەگەڵ منداڵی یەکێک لە کوڕەکانیدا لەسەر مێزێکی رەق و تەقی بێ خوان، دانیشتووە.!

لە راستیدا من پێموایە سوچی گەورەی ئەمە خێزان و کورەکانێتی، ئاخر ناکرێ تۆ چل ساڵ لەگەڵ تاڵەبانیدا ژیان بکەیت و گەورەببیت، بەڵام هیچ سیفاتێکی ئەو هەڵنەگریت و لەو نەچی. هیچی لێوە فێرنەبیت.

بەپێچەوانەوە، کورەکانی نەک هەر لەوناوچن، بگرە تەواو پێچەوانەی فکرە و بیرکردنەوە و رەفتارەکانی ئەو مامەڵەش دەکەن. بە مەبەست بێ یان نا، ئیدی وردە وردە دەرگای ماڵەکەی بەڕوی خەڵکیدا داخرا، لەولاشەوە لێشاوێک لە سەرکردەی ئەم حزبە کە رۆژانێک وەک کوڕی تاڵەبانی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرا، لەم حزبەدا دەرپەڕێندران یان لە ماڵەوە دانیشتوون و رۆژەکانی تەمەنی خۆیان بەڕێدەکەن.

بە هەموو خراپیەکانیانەوە، هەر یەکە لە ( بەرهەم ساڵح و ئازاد جوندیانی و عارف روشدی و نەجمەدین کەریم )یش هەڵبژاردەی مام جەلال بوون، خۆی پێی گەیاندن و گەورەیکردن، کەچی ئێستا لە دەرەوەی بازنەی دژایەتی یەکێتیدا دەوران دەکەن.! 

جگە لەوەش، ژمارەیەکی تری بەرپرسانی باڵای ئەم حزبە کە پێیان دەوترا جەلالیەکانی ناو یەکێتی لەپەراوێزدان و لە ماڵەوە دانیشتوون یان هیچ ئەرک و بەرپرسیارێتیەکی گرنگیان لە ئەستۆ نیە، ئەوانیش هەریەکە لە ( ئەرسەلان بایز و عەدنان موفتی و عیماد ئەحمەد و بەهرۆز گەڵاڵی و بورهانی سەعید سۆفی و چەندان کادری باڵای تر..).!

پرسیارەکە ئەوەیە، دەبێ ئەو سیحرە چی بێت کە هاوژین و کورەکانی تاڵەبانی خەڵکیان لە دەوری سفرە و خوانەکەیان پێ کۆنابێتەوە، نازانن یان ناتوانن مامەڵەی دروست و جەلالیانەیان لەگەڵ بکەن. دەبێ لە خۆیان بپرسن ئەم ماڵە بۆ هێندە چۆڵە.؟!

کاتێک مەلا عەلی رابەری بزوتنەوەی ئیسلامی کۆچی دوایی کرد، عیرفانی کوڕی هاتەوە و جڵەوی حزبەکەی لە دەست گرت، هێندەی نەبرد مەلا کرێکار و عەلی باپیر و دڵشاد گەرمیانی و چەندانی تر کە لە هەرە سەرکردە دیارەکانی بزوتنەوەکە بوون دەرپەڕێندران و هەریەکەیان چوو بەلای ئیشوکاری خۆیەوە. رەنگە سبەی هەمان هەمان سیناریۆ لەناو یەکێتیدا دووبارەبێتەوە، ئەوانەی لەپێشەوە ناوم هێنان گەواهیدەری ئەم راستیەن.!

ئێستا ماڵەکەی تاڵەبانی چۆڵ و هۆڵە، کورد وتەنی ئاگریان کوژاوەتەوە. ئەو ماڵەی سەدان کۆبونەوەی گرنگ و چارەنوسسازی تێدا ئەنجامدراوە، هەنوکە جگە لە هاوژینەکەی تاڵەبانی کەس نازانێ کێی تر لە کورەکانی و برازاکانی و تەنانەت ئاوەڵزا و ژن خوشکەکانیشی خەریکی چین و بۆ لەم ماڵەدا لەسەر یەک سفرە نان ناخۆن، هێندەی من بزانم هەر یەکەیان ماڵی جیایە و بۆ خۆی ئۆفێسێکی گرتووە شەڕی یەکێتی بوون بە یەکتری دەفرۆشنەوە، هەر یەکەیان پێیانوایە هەقیقەتی رەهای یەکێتی-بوون تەنها لای ئەوە. 

کە هەموو ئەمانەش رەنگدانەوەی هەیە لەسەر بارودۆخی ناوخۆی یەکێتی و تەبایی و پێکەوە کارکردنی هەمووانی خستۆتەوە ژێر پرسیارەوە. ئەم قسانە بۆ برازاکانی تاڵەبانیش هەر راستە.!

کۆتا قسە؛ رەنگە هەر لە دەباشانەوە تاڵەبانی، یەکێتیی وەکو فرۆکەیەک بردبێتە ئاسمان. بەڵام دوای وەفاتی کاپتنی فرۆکەکە هیچ کام لە سەرکردایەتی حزبەکە و تەنانەت خێزان و کورەکانیشی نە دەزانن ئەم فرۆکەیە چۆن چۆتە ئاسمان نە دەشتوانن بیگێڕنەوە سەر زەوی، خۆ رەنگە دواجار بەهۆی نەزانییەوە بیخەنە خوارەوە و خۆشیان و هەموو سەرنشینەکانیشی تیابچن.!

سالار سەراوی
٣١ / ٣ / ٢٠١٨


PM:01:56:31/03/2018

ئه‌م بابه‌ته 7583 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی