وەک هاوڵاتیەکی سادە..

‌سالار سەراوی



ئەمە دروشمی بەشی هەرە زۆری سەرکردە و سیاسیەکانی ئەمرۆی کوردستانە، بەڵام هەر هەموویان لەناو ئاخیر مۆدێل سەیارەدا رێدەکەن و لەناو گرانبەهاترین خانوو و ڤێلای شاردا ژیان دەکەن. باشترین جۆرەکانی مەشروب دەخۆن و خۆشترین و گرانترین گۆشتی باڵندە و ئاژەڵ دەگلێنن، شیکترین جلوبەرگی مارکەکانی جیهانی دەپۆشن و گەشت و سەفەرەکانیان بۆ جزیرە و وڵاتە جوانەکانی سەر گۆی زەوییە. کەچی کە دەیاندوێنی عاشق و مەستی ژیانی سادەیین.!

بروانن؛ یەکیان کارتی نیشتیمانی دەردەکات، وێنەکەی لە فەیسبووک بڵاودەکاتەوە و لەسەری دەنوسێ؛ وەک هاوڵاتیەکی سادە کارتی نیشتیمانیم دەرکرد.!
یەکێکی تریان پشکنینی چاو دەکات بۆ نوێکردنەوەی مۆڵەتی شۆفێری، وێنەکەی لە فەیسبووک بڵاودەکاتەوە و لەسەری دەنوسێ وەک هاوڵاتیەکی سادە کردم، کەچی هەرهەمان رۆژ لە سەهۆڵەکە بینیم سەیارەی لێدەخوڕی، هێشتا فریا نەکەوتبوو ئەنجامی پشکنینی چاوەکەی بەرێتەوە بۆ مرور و مۆڵەتەکەی وەرگرێتەوە.!
قلێکی تریان بە فەوجێک حیمایەوە چووە بۆ سەرتاشخانە و دانیشتووە و رەسمێکیان گرتووە و بڵاویکردۆتەوە بەحسابی خۆی زۆر سادە و خاکییە و وەک هاوڵاتی ئاسایی دێت و دەچێ.!
یەکێکیان ماڵەکەی لە مزگەوتێکەوە تەنها ۱٠ دە مەتر دورە، کەچی بەخۆیی و سێ وەنەوشەی جام رەشەوە هاتبوو بۆ تەعزێیەک، نەیتوانیبوو تەنها ۱٠ مەتر بەپێ بێت بۆ تەعزێکە، کەچی ئەو رۆژە لە شوێنێک بینیم لەگەڵ کۆمەڵێک خەڵکدا باسی ژیانی سادەیی و هاوڵاتیبوونی دەکرد.!

ئەم هەموو درۆ دەلەسەیە چیە دەیکەن، ئاخر ئێوە کەی وەک منی هاوڵاتی سادەی ئەم دەڤەرە دەژین، واز لە کلیپ و نمایش بێنن، راستگۆبن وەک ئەو بەرپرسەی، هاوڵاتیەک پێی وتبوو؛ ئاگات لە فەقیر نیە، ئەویش وتبووی، وانیە ئەی بۆ فەقیر ئاگای لە من نیە.! راست دەکات کەم کەس هەیە بزانێ ئەو بەرپرسە چی هەیە و چی نیە و سەرمایەکەی چەندە و پرۆژە بازرگانیەکانی چین.!

هاوڵاتیبوون، خۆی سادەییە. پلەبەندی تیانیە، دەبێ هەمومان وەک یەک هاوڵاتی بین، تەنها ئەرک و بەرپرسیارێتیمان جیاوازە. سادەیی ژیان منەت نیە، بەڵکو واجبی ئەخلاقی و مرۆیی تاک و مرۆڤەکانە. هیچ شتێک رێگرنیە لەوەی هەموومان سادە بژین، جگە لە بەرژەوەندییە زەبەلاحەکان کە وادەکات لە قۆناغە هەستیار و کاتی هەڵبژاردنەکاندا بیرت بکەوێتەوە کلیپێک بکەی و وای نیشاندەی کە هاوڵاتیەکی سادەی.!
فەلەبەر ئەوە ئەمرۆ منیش وەک هاوڵاتیەکی سادە و گوناحی ئەم وڵاتە، ئەم وێنەیەم چرکاند و خستمە سەر خەرمانی ژیانی هاوڵاتیە سادەکان..!



PM:03:48:19/02/2018

ئه‌م بابه‌ته 3254 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی