ته‌نز و بومه‌له‌رزه‌

‌سالار سەراوی

دوای بومەلەرزەکەی ناوه‌راستی ئه‌م مانگه‌، من و هەندێ کەسی تر بەشێوەی تەنز و کۆمیدیا قسەمان لەسەر بومەلەرزەکە کرد. ئەمەش هەندێ خەڵکی توڕە و نیگەران کردووە و پێیانوایە دەبوو ئێمەش پرسەئاسا قسەمان لەسەر کردبا، نەک بە گاڵتە و پێکەنین.

لە راستیدا من بە بەردەوامی بڕوام بەو شێوازە تەقلیدی و کلاسیکیە نییە بۆ دەربڕینی هەڵوێست و قسە جددی خۆم لەسەر پرس و ڕوداوەکان بەتایبەت لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکاندا، بەڵکو دەکرێ هەریەکەمان بەفۆرم و شێوازی خۆی گوزارشت لە روداوەکان بکات، ئەمە هەم کارێکی ئاساییە و هەمیش مافێکی سروشتی مرۆڤە.
تەنز، ڕەنگە لە هەموو كەس و كۆمەڵگایەك زیاتر بتوانێ گوزارشت لە بارودۆخە مرۆییەكانی تاك و كۆمەڵگای ئێمەی كورد بكات. بڕوانە، ئەو بارودۆخە كارەساتبارەی له‌ شه‌وی بوومه‌له‌رزه‌كه‌ بەسەرمان هات، دەکرا هەموومان پرسەبار و دڵتەنگ بکات، بەڵام وامان نەکرد.

خۆ دەشمانتوانی وا نیشان بدەین کە ئازارمان چەشتووە و خەفەتبارین، وەلێ من پێموایە ئێمەش راستگۆیانەتر و جیاوازتر وێنای دوای روداوی بومەلەرزەکەمان کرد، بەپێچەوانەشەوە خەڵکانێک هەبوو وەک شانۆکارێک نمایشی شانۆیەکی تراژیدی کردبێ و کە لە کەسایەتی و بیرکردنەوە و هەڵوێستی راستەقینەی خۆی حەوت فرسەخ دوربوبێت.

لە راستیدا هەردوو جۆر لە دەربڕین و نمایشەکە، رەنگدانەوەی واقعی کۆمەڵایەتی کۆمەڵگە و دەربڕی ئەنجامی بومەلەرزەکەبوون، بەومانایەی کەسمان لە جەوهەری کارەساتەکە دورنەکەوتوینەوە، بەڵکو تەنها ئامرازی دەربڕینمان جیاواز بووە.

دەی ئاخر خۆ ناکرێ بەزۆر تۆ وا لە من بکەی خەفەتباربم، پرسەبار و چاو بەگرییەبم، لە کاتێکدا زۆر ئاسانتر بوو وانیشان بدەم کە وەک ئەوانی دی تەعزێ بارم و لە ناخی خۆشمدا پێکەنینم بێ.

نابێ پێتانوابێ کە بە تەنز گوزارشتمان لە هەڵوێست و رای خۆمان کردووە له‌ چه‌ندین رووداودا، مانای ئەوە بێ کە ئێمەهەست و سۆزمان نییە و بەها مرۆڤایەتیەکانمان لە دەست داوە. یاخود مەرگ و کارەساتە وێرانەکەرەکان کارمان تێناکات و بە سادەیی بەبەر دەماندا گوزەر دەکات، بەڵکو بەپێچەوانەوە تەنز جدیترین گوزارشتە لە دەربڕین بەتایبەت بۆ پرس و ڕوداوە کارەساتبارەکان. بۆیە من بەو جۆرە قسەی لەسەر دەکەم و وێنای دەکەم.

بەهەر حاڵ، دەکرێ تەنز وەكو ئەزموونێكی نوێ لە دەربڕین هەم بۆ خوێندنەوەی ژیان و گوزەران و دۆخی دەرونی تاكەكانی کۆمەڵگەی کوردی، لە سەردەمێكی نوێدا چاوی لێ بكرێ، هەمیش دەکرێ هەمووان بە یەک فۆرم و شێواز وێنای دەربڕینی پرسە و خەفەتباری کارەساتە سروشتی و ناخۆشەکان نەکەین. هەموومان خاوەنی یەک هەست و سۆز و هەڵوێست و بەهای ئەخلاقی و مرۆیین، وەلێ وەکو پێشتریش وتم تەنها ئامرازی دەربڕینمان جیاوازە، بیریشمان نه‌چێت، جیاوازییه‌كانمان ژیان ره‌نگا و ره‌نگ و ره‌نگاڵه‌یی و جوانتر ده‌كات و ده‌كرێ هه‌ریه‌كه‌مان له‌ گۆشه‌نیگای خۆیه‌وه‌ ژیان بنووسێته‌وه‌ تا له‌ زۆرترین گۆشه‌وه‌ ژیان روونتر ببینین.


PM:02:14:25/11/2017

ئه‌م بابه‌ته 3700 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی