من چۆن بووم، ئێوە چیتان لێکردم.؟!

‌سالار سەراوی


دایکم هەمیشە دەڵێ؛ بە منداڵی کەسێکی بێدەنگ بویت، گرینۆک و گڕۆز نەبوی، لە شەو و رۆژێکدا زۆربەی کاتەکەی دەخەوتیت.

ئیدی من بەو بێدەنگیە دەستم بە ژیان کرد، وردە وردە کە گەورەبووم لەپاڵ خوێندن و قوتابخانەدا بەهۆی گرانیەوە لەبازاڕ عەلاگەم دەفرۆشت، لە قوتابخانەش قوتابیەکی زیرەک و بێدەنگ و بێ کێشە بووم، لە بازاڕیش بە هەمان شێوە، دوکاندارەکانی ژێر پردەکە خۆشیاندەویستم و یارمەتیان ئەدام، زۆرجار عەلاگە فرۆشەکانی تر شەڕیان پێدەفرۆشتم و هەمیشە لێیان ئەدام.

بە پارەی عەلاگە فرۆشتن کتێبم کڕی و دەستمکرد بە کتێب خوێندنەوە، تەمەنم ۱٤ ساڵ بوو شاکاری بێ نەوایانی ڤیکتۆر هۆگۆم کڕی و خوێندمەوە، هیچی لێ تێنەگەیشتم، دووجاری تر خوێندمەوە. بوو بە سەرەتایەک بۆ ئاشنایەتیم بە کتێب و ئەدەب و نوسین.

بەهۆی گرانی و برسێتی و هەژارییەوە لە هاویندا دەچوینەوە گوندەکەی خۆمان و کشتوکاڵمان دەکرد، هەندێ کتێبم لەگەڵ خۆمدا دەبرد و دەفتەرێکم بردبوو جارجاریش لە خۆمەوە شتم لەسەر دەنوسی.

خۆم بەمانەوە سەرقاڵ کردبوو، مرۆڤێکی بێ ئازار بووم بۆ ئەوانی دی. لە گوندەکەش جگە لە دوپشک هیچ زیندەوەرێکی ترم نە دەکوشت، جارێک لەگەڵ براکەمدا دوو بێچووە کۆترە گاپەلەمان گرت و سەرمان بڕی، دوایی من نەمخوارد زۆریم بەزەیی پێیاندا هاتەوە، چونکە هێلانەکەیان لە نزیک ماڵەکەمان بوو هەموو رۆژێکی دایکەکەیانم دەبینی کە چاوەرێی هاتنەوەی بێچووەکانی دەکرد.!

کە گەورە بووم و بە یەکجاری هاتینەوە شار و فێری کلتور و ژیانی شار بووین، بەهۆی باگراوندی باوکم و خێزانەکەمانەوە تێکەڵی دونیای حزبایەتی و سیاسەت بووم، لەولاشەوە کاریگەرییە خراپەکانی شەڕی ئیسلامیەکان و پارتی و یەکێتی و پەکەکەم لەسەر جێمابوو. ئیدی هەنگاو بە هەنگاو گۆڕام، گۆڕانێکی خراپ بەتایبەت بۆ خودی خۆم.

دەسەڵاتی سیاسی و واقعی کۆمەڵگە منی لە مرۆڤێکی بێ دەنگ و میهرەبان و بێ زیانەوە گۆڕی بۆ مرۆڤێکی توڕە و شەڕەنگێز.

دۆستۆڤیسکی لە کتێبی "بیرەوەرییەکانی پیاوێک لە ژێر زەویدا" دەڵێ؛ پیاوێكی شەڕەنگێزم، یان ڕاستتر بڵێم پیاوێكی دورەپەرێزم، واهەست دەكەم دەردێك لە جگەرمدایە، هەرچۆنێک بێت من هیچ لەم نەخۆشییە تێناگەم.!
ئێستا بە فعلی من مرۆڤێکی شەڕەنگێز و دورەپەرێزم، دەرد و نەخۆشیەکی خراپ لە بونی مندا هەیە، یانی ئێستا زۆرجار لەناخی خۆشمدا بەشەڕدێم. زۆربەی کاتەکان بە تەنیا لە کافێیەک بە تەنیا دادەنیشم و دەخوێنمەوە و دەنوسم. باشترە بڵێم من نانوسم، بەڵکو دەڕشێمەوە، دەڕشێمەوە بە حزب و حکومەت و کۆمەڵگەدا، بە رێکخراو سەنتەر و دەمراست و مەلادا، بە رۆشنبیر و نوسەر و رۆژنامەنوسدا، بە کلتور و دابونەریت و عورفدا، بە یاسا و رێسادا، بە هونەر و گۆرانی و شعردا، یانی بە هەموو شتێکدا. پەشیمان نیم لەوەی پێیاندا دەڕشێمەوە، چونکە شیاوی لەوە خراپترن پێیان بوترێ و پێیان بکرێ، بەڵام پەشیمانم لەوەی بۆ وام بەسەرهات.!

راستیتان بوێ، خراپم لێ بەسەر هاتووە، هیچ کام لەمانە نە ویستی خۆم بووە و نە ئارەزوشم لێیەتی، هەموویان بەدەرن لە ئیرادەی زاتی خۆم. هەموو ئەمانە پاڵنەری مەعنەوی و لا شعوریان هەیە. ئاراستەم دەکەن بە خراپی.
لاتان سەیر نەبێ، ئێستا لە مۆبایلەکەمدا نزیکەی ٥٠٠ نوسینی تێدایە کە پۆستم نەکردوون لەبەر توندی و نەشیاوی ناوەرۆکەکەیان، زۆرجاریش بێ ئاگا پۆستێک دەکەم و خێرا دۆستێک نامەیەکەم بۆ دەنێرێ دەڵێ؛ سەراوی وەرەوە هۆش خۆت، ئەمە زۆر توندە.!

خۆ من باش دەزانم و لەوە تێدەگەم کە بێ دەنگ بم باشترە، بەڵام لە راستیدا بێ دەنگی هیچ لەو بارە ناگۆڕێ کە من لە ناویدام، تەنانەت تۆش. ئاخر لێرە هیچ شتێکیان بۆ نەهێشتوینەتەوە جگە لە قسەکردن.

من بروام بەوە نیە بمەوێ لە فەیسبوکەوە شتەکان بگۆڕم، سیاسەت و دەسەڵات و حزب و کلتوری کوردی بگۆڕم، بەڵام کێشەکە ئەوەیە من ناتوانم خۆم بخۆمەوە و بێ دەنگی هەڵبژێرم. گەر خراپیش بێ، توانیم خۆم بگۆڕم، بەس هیچ شتێکی تر ناگۆڕێ و تەواو ماندویان کردووم.

زۆرجار نزا دەکەم لە کردگار کە ئارامیم پێ ببەخشێ و دان بەخۆمدا بگرم و هیچ نەڵێم، لە دە جاردا تەنها جارێک سەرکەوتوو دەبم.

بە نەفرەت بن، حزب و دەسەڵات و شار و کۆمەڵگە وایان لە من کرد، منیان لە مرۆڤێکی بێ دەنگەوە گۆڕی بۆ مرۆڤێکی دەنگ بەرز، ئەو هەموو مرۆڤدۆستی و ژیاندۆستی و ئاژەڵدۆستییەیان لێ سەندمەوە و کردمیان بە دڕندەیەکی شەڕەنگێز و توڕە و یاخی. من هیچم نەدەزانی فێری مەشروب خواردنەوە و جگەرە کێشانیان کردم. نەمدەزانی خەم و ئازار چیە و هەمیشە لەسەر شەقامەکان سەمام دەکرد. قاقام لێدەدا و گاڵتە و گەپم لەگەڵ ژیاندا دەکرد.

ئاخر من زۆر سادە دەژیام، کە خۆشترین رۆژ لای من ئەو کاتەبوو لە گوندەکەماندا ئەچوین بۆ کەژ و کێو و دار مازویەکم ئەدۆزییەوە و دوو کیلۆ مازووم ئەکرد و ئێوارە بە هەڵەداوان و بە پێکەنینەوە ئەرۆشتمەوە بۆ ماڵەوە.
ئەزانن، خۆشترین خواردن لای من کە بە درێژایی ۱٠ ساڵ و هەموو نیوەرۆیەک خواردبێتم چیە، تەنها تەماتەی برژاو و پیاز و نانی تەنور بوو.

ئێستا هیچ ئارەزوییەکم لە ژیان و کۆمەڵگە نەماوە، چێژ لەهیچ وەرناگرم. نە خانووی جوان و نە سەیارەی گرانبەها و نە کتێب و نە خواردنی خۆش و نە جلوبەرگی مارکە و و ..هتد. بگرە ئێستا رقم لە مرۆڤەکانیش دەبێتەوە، بە دەگمەن نەبێ تەلەفون بۆ کەس ناکەم و هەواڵی کەس ناپرسم. هەمیشە توڕەم و شەڕ بە دار و بەرد دەفرۆشم. زۆرجار بە هاوڕێکانمدا دەتەقێمەوە، لەسەر بچوکترین درۆ و بێ بەڵێنی هاوڕێ نزیکەکانم لە ژیانم دەرئەکەم.!
نازانم چیتر بڵێم، ئێستا لێم تێدەگەن من چەند خراپم لێ بەسەر هاتووە.؟

هەنوکەش هیچم لە دەست نایەت جگە لەوەی کە بڵێم؛ بە نەفرەت بن، ئەها من چۆن بووم و ئێوە چیتان لێکردم.؟!


PM:07:12:02/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 5307 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی